هاوڵاتییانی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی.. دەنگدەرانی دڵسۆز.
ئێمە وەک نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە هەر یەکێکمان پێش بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی 30-4-2016 خاوەنی مێژوویەکی پاکی خەبات و قوربانیدان و خزمەت بووین، لە دوو ساڵی ڕابردووشدا، دوای دەستبەکاربوونمان بە شاهیدی هەموولایەک گشت هەوڵی خۆمان خستەکار بۆ ئەوەی لە ئاست متمانەی دەنگداران و تەواوی هاوڵاتییانی پارێزگای سلێمانی خۆشەویستدا بین، کاروچالاکییەکانیشمان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەن و لیژنە جیاوازەکان و بەدواداچوونە بەردەوامەکانمان باشترین گەواهیدەرمانن.
لە ماوەی ڕابردوودا و بە دیاریکراوی لە سەروەختی نزیکبوونەوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەستاودەستکردنی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی لە سلێمانی، هەموو هەوڵ و تەقەللایەکمان خستەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە و پیشاندانی نیەتپاکیی یەکێتیی و وێنەیەکی تەندروستی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، هەربۆیە لە دوای کۆبوونەوەی هەردوو وەفدی یەکێتیی و گۆڕان لە ڕۆژی پێنجشەممە 18-8-2016 کە تیایدا بڕیاردرا ڕۆژی یەکشەممە 21-8-2016 ڕێککەوتننامەکە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت.
1.شەوی20،21-8-2016، ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە ماڵی بەڕێز پارێزگاری پێشوو کۆکراینەوە، تەنها مەرامی کۆبوونەوەکەش دروستکردنی ئاستەنگ بوو لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو دەستاودەستکردنە، کە بڕیاربوو بۆ سبەینێ یەکشەممە 21-8-2016 ئەنجام بدرێ، مەبەست لەو کۆبوونەوەیە بەرژەوەندیی تایبەت و تاکەکەسی بوو بە هێنانەوەی بڕوبیانووی نالۆژیکی و ناواقیعی دەویسترا باوەڕ بە ئێمە بهێنن تاکو هاودەنگیان بین بۆ ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکەی سبەینێ، ئێمەش پێچەوانەی مەرامەکە، بەرپرسیارانە و ڕاشکاوانە پابەندبوونی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەتننامەکە نیشاندا.
2.رۆژی یەکشەممە 21-8-2016 سەرەڕای دیاریکردنی سێ وادەی جیاوازیش بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەن و دواخستنی، بەڵام ئێمە دیسانەوە سوربووین لەسەر هەڵوێستی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەکە، بۆ ئەمەش ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکان لە پێش هەمووشیانەوە فراکسیۆنی گۆڕان گەواهیدەرمانن.
3. ڕۆژی سێشەممە 23-8-2016 سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان لە ڕۆژی پێنجشەممە 25-8-2016 کردەووە، بەڵام بەداخەوە ئەمجارەش هاوڕێیانی پێشوو ترمان لە فراکسیۆنی سەوز ویستیان پێچەوانەی بڕیاری مەکتەبی سیاسی هەڵسوکەوت بکەن.
4. ڕۆژی چوارشەممە 24-8-2016 بەسەرپەرشتی هەردوو بەڕێزان نەوشیروان مستەفا و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ئامادەبوونی بەڕێزان جەلال جەوهەر و لەتیف شێخ عومەر و ئەندامانی هەردوو فراکسیۆن لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کۆبوینەوە، بریاردرا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان بە پاڵاوتنی (د. هەڤاڵ ئەبوبەکر) بە پارێزگار و پاڵاوتنی هەڤاڵ (ئەکرەم شەریف) بۆ سەرۆکی ئەنجومەن.
5. ڕۆژی پێنجشەممە 25-8-2016 کە ڕۆژی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان بوو، بە بڕیارێکی سەیرو سەمەرە و چاوەڕواننەکراو بەداخەوە پیلانێکی دیکەیان جێبەجێکرد، ئەویش کەرتکردنی فراکسیۆنی سەوز و پشتگوێخستنی بڕیاری چەند کاتژمێری پێشوتری مەکتەبی سیاسی، بە گۆڕینی کاندیدی یەکێتیی بۆ سەرۆکی ئەنجومەن لە کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە،
هاوڵاتییانی بەڕێزی پارێزگای سلێمانی ئەمەی سەرەوە دیوی ناوەوەی ڕاستییەکان بوو سەبارەت بە هەڵوێستمان لەو ڕووەوە، هەروەها دەمانەوێت دووپاتی ئەوەش بکەینەوە، کە وەک هەمیشە نوێنەری دڵسۆز و بە ئەمەکی ئێوە دە بین، لە چاودێری و پارێزگاریکردنی مافەکانتان، بەڵێنیش دەدەین وەک چۆن خاوەن هەڵوێست و خوێن و خەبات قوربانیدان بووین پێش بوونمان بە ئەندامی ئەنجومەن و لە ماوەی دەستەبکاربوونیشماندا بەردەوام بەگژ گەندەڵی و کاری نایاسایی و سەرپێچییەکاندا چووینەتەوە، لە ئایندەشدا بە هەمان گڕو تین لە فراکسیۆنێکی سەربەخۆدا بەردەوامدەبین لە کار و چالاکیەکانماندا.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزی:
محەمەد ڕەسوڵ، ئەکرەم شەریف، نیاز ئەحمەد، سەباح فەتاح و ئاڤان جەمال
25-08-2016