- کاتژمێر 12:15 خولەکی شەوی ڕابردوو چەند چەکدارێکی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەمیحوەری خورماتوو لەنزیک گوندی زەرگە. لە ئەنجامدا هێرشەکە تێکشکا.
- دوو پێشمەرگە لەمیحوەری خورماتوو شەهیدبوون، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە کاتێک شەوی ڕابردوو بەهانای هاوسەنگەرەکانیانەوە ڕۆیشتوون، بەئامانجی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی داعش.
- شەوی ڕابردوو نەوشیروان مستەفا سەردانی کۆسرەت ڕەسوڵی کرد، تاوەکو کێشەکانیان لەگەڵ باڵی پاوانکاری یەکێتیدا هێوربکاتەوە.
- عەقید عەلی حەجۆ، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس ئەمڕۆ بەئاژانسی هاوار نیوز –نزیک لەپەیەگە-ی ڕاگەیاندووە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە سەربازیەکانی تورکیا بەهۆی بۆردومانەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە، بەڵام پاش هەوڵێکی چڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریکا، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی شەڕ.
- هێزەکانی تورکیا لەرێی فشار و گازی فرمێسکڕێژەوە هێرشیانکردە سەر خەڵکی مانگرتووی کۆبانێ، دوای ئەوەی لەسەرسنوور ڕێگرییان کرد سوپای ئەو وڵاتە خاکەکەیان ببەزێنێت، بەوهۆیەشەوە پێنج هاوڵاتی برینداربوون.
- لە کاتی وەرگرتنی موچەدا دەمەقاڵێ لەنێوان دوو پێشمەرگە لە شارەدێی جەبارەی شارۆچکەی خانەقین ڕویدا و بەهۆیەوە یەکێکیان کوژرا و ئەوی دیکەش برینداربو.
- لەرونکردنەوەیەکدا بەناوی "زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە"، ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار لەناو حزبەکەدا بەبێ پەسەندنەکراوی پەیڕەوی ناوخۆ ڕەتدەکەنەوەو پێیانوایە "شەرعیەتی نیە".
- هێزەکانی گەریلا لە چالاکیەک لە دەوروبەری شارۆچکەی ئەبەخی سەر بە شاری وان، سەربازانی سوپای تورکیایان گەمارۆداوە و لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی سوپای تورکیا کوژران یان بریندار بوون.