دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
دواڕۆژ ئاماری کۆی ئەو قەرزانە بڵاودەکاتەوە کە تا ساڵی 2017 لەسەر حکومەتی هەرێمە، بەپێی دوایین زانیارییەکانیش قەرزەکانی حکومەتی هەرێم بە پاشەکەوتکردنی موچەوە گەیشتوەتە (22) ملیار دۆلار و مانگانەش حکومەت بڕی (300) ملیار دینار کورتهێنانی لە موچەی فەرمانبەراندا هەیە.
بەگوێرەی ئەو ئامار و داتایانەی دواڕۆژ دەستیکەوتووە، کۆی داهاتی حکومەتی هەرێم لە ڕێگای فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ، لە ماوەی 13 مانگی ڕابردوو، مانگانە (450 بۆ 750) ملیۆن دۆلار بووە بە گوێرەی نرخی نەوت، لە باشترین حاڵەتیشدا کۆی گشتیی داهاتی مانگانە بۆ هەناردەی نەوت لەسەر بنەمای 42 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوت و داهاتەکانی دیکەی ناوخۆ، بریتی بووە لە 880 ملیار دینار، لە کاتێکدا حکومەت ئاماژەبەوەدەکات، خەرجییەکانی هەرێم بۆ یەک مانگ بریتییە لە 1 ترلیۆن و 352 ملیار دینار بەم شێوەیە:-
- 880 ملیار دینار بۆ تەواوی شایستەی مانگانەی موچەخۆران.
- 120 ملیار دینار بۆ بەرکەوتەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەکان.
- 130 ملیار دینار گەڕانەوەی قەرزی وەرگیراوی پێشەکی فرۆشتنی نەوت.
- 180 ملیار دینار بۆ بودجەی بەکاربردن، لە ناویدا پارەی پترۆدۆلاری کەرکووک.
بڕی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی تەواوی شایستەی دارایی یەک مانگی موچەخۆران کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار موچەخۆرە بە تەنها 880 ملیار دینارە، بەڵام حکومەت لە باشترین حاڵەتدا 880 ملیار دیناری دەستکەوتووە بە داهاتی ناوخۆوە لە باج و گومرگ و ڕەسمەکان کە بە 130 ملیار دیناری مانگانە دەخەمڵێنرێت، مانگانەش کورتهێنانی شایستەی دارایی موچەخۆران 384 ملیار دینار بووە.
رێکەوتی3ی شوباتی 2016 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەپاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران و بەگوێرەی ئامار و داتاکانی وەزارەتی داراییش، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 ترلیۆن و 600 ملیار دیناری پارەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم قەرزارە، کە خۆی دەبینێتەوە لە پاشەکەوتی 4 موچەی ساڵی 2015 لەگەڵ پاشەکەوتی 12 مانگی ساڵی 2016، لەگەڵ دابەشنەکردنی موچەی مانگی یەک و دووی ئەمساڵ، بەمەش کۆی گشتی ئەو پارەی موچەی فەرمانبەرانە کە لای حکومەت پاشەکەوتکراوە بریتییە لە 7 ترلیۆن و 600 ملیار دینار.
لای خۆیەوە سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ، ئەوەی خستەڕوو، سەرەڕای پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم مانگانە کورتهێنانی هەبووە، ئەوەش بەهۆی دانەوەی بەشێک لەو قەرزانەی لەسەریەتی لەگەڵ پێدانی پارەی حەقدەستی کۆمپانیا و پارەی پێشەکی فرۆشتنی نەوت.
هاوکات د.عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ دواڕۆژ، ئاماژەبەوەدەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 7 ترلیۆن و 600 ملیار دینار قەرزاری فەرمانبەرانە پاشەکەوتی لە ساڵی 2015 دەکاتە 3 ملیار دینار و لە ساڵی 2016 بە پاشەکەوتکردنی هەموو مانگەکان 4 ترلیۆن دینارە و گشتیش دەگاتە سەروو 7 ترلیۆن دینار.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2017، بڕی 26 ترلیۆن دینار قەرزارە، ئەوەش بەهۆی کورتهێنان بووە لەو بودجەیەی کە لە بەغداوە ڕەوانەکراوە، بۆیە حکومەتی هەرێم ساڵانە 3 ترلیۆن دیناری وەک قەرز لە بانکە ناوخۆییەکان و ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بەرهەمهێنان کاریانکردووە قەرزکردووە، لەگەڵ زیاتر لە 6 ترلیۆن دینار بۆ خەرجی کارەبا.
سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەوەی چەند قەرزارە ئاماژە بەوەدەکات، بڕی ئەو قەرزانەی لەسەر حکومەتی هەرێم هەر ئەو ژمارەیەیە کە وەزیری دارایی بە وەکالەت و وەزیری سامانە سروشتییەکان باسیان کردووە کە خۆی لەسەرووی 21 ملیار دۆلار دەبینێتەوە.
ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان و پسپۆڕی ئابووری بۆ دواڕۆژ، ئەوەدەخاتەڕوو، حکومەت لەنێوان بژاردەی دابەشکردنی ماوە ماوەی موچە و پاشەکەوتکردنی موچە، ئەوەی دووەمیانی پێباشبوو، هەرچەندە خەڵک دەڵێن ئەوەی دابەشدەکرێت چارەکە موچەیە، بەڵام ئەو قسەیە ڕاست نییە.
بە پێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 400 هەزار موچەخۆر لە هەرێم هەیە، ژمارەی فەرمانبەری ڕاستەقینە 721 هەزار کەسە بە فەرمانبەری شارستانی و ئەمنییەوە و نزیکەی 48% لە سلکی سەربازییە و نیوە زیاتریشی فەرمانبەری مەدەنییە.
هەر بەپێی ئامارەکان حکومەتی هەرێم 232 هەزار خانەنشینی هەیە و ڕێژەی 70% خانەنشینی کۆنن، بەڵام 160 هەزار خانەنشینیش بە پلەی جیاواز لە دوای ڕاپەڕینەوە خانەنشینکراون و هەروەها 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەستیش هەیە.
سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات، دوای وردبینی بۆیان دەرکەوتووە کە ژمارەی #فەرمانبەری بندیوار# بەو ڕێژە زۆرە نییە کە باسدەکرێت.
14-02-2017