دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ دواڕۆژ، سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت پەنجا پڕۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشاونەتەوە و زیاتر لەچوار هەزار هاووڵاتیش پارەکانیان لەپڕۆژەکانی وەبەرهێناندا خوراوە، پێنج دۆسیەی وەبەرهێنان لەدادگایە و سێ وەبەرهێنیش هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی وڵات.
دواڕۆژ: چەند پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەولێر جێبەجێکراون و کام ساڵ زۆرترین پڕۆژە جێبەجێکراوە؟
سامان عارەب: لە پارێزگای هەولێر 400 پرۆژەی وەبەرهێنان هەیە لە هەموو سێکتەرەکان، ساڵی 2013 باشترین ساڵ بووە بۆ وەبەرهێنان.
دواڕۆژ: ئه و پڕۆژانەی شکستیانهێناوە ژمارەیان چەندە؟
سامان عارەب: زیاتر لە پەنجا پرۆژە هەڵوەشاونەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی مۆڵەتەکانیان بۆ مەبەستی تر بەکارهێنراون یاخود پێش ئەوەی مۆڵەتەکە تەواو بێت دەست بە پڕۆژەکە کراوە و هاووڵاتیان پارەیان داوە. ئەمەش لە سەرەتای دروستبوونی دەستەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2006 تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر.
دواڕۆژ: ساڵی ڕابردوو لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم پێکهێنرا بۆ بەدواداچوونی پڕۆژە تەواونەکراوەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، کاری ئه و لیژنەیە بە کوێ گەیشت؟
سامان عارەب: ئه و لیژنەیە تا ئێسستا بە فەرمی نەهاتوونەتە دەستە و داوای زانیارییان لە دەستەی وەبەرهێنان نەکردوە.
دواڕۆژ: تائێستا چەند پڕۆژە ڕووبەڕووی دادگا کراوەنەتەوە؟
سامان عارەب: ناتواین ژمارە دیاری بکەین، بەڵام ئه و لیژنەیەی کە لە 20 ی کانونی دووەمی 2015 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێکهێنرا و شەش پڕۆژەی دیاریکرد کە کەمتەرخەمییان تێداکراوە و پێویستیان بە ڕاستکردنەوەی بە پەلەیە، له و شەش پڕۆژەیە چوار پڕِۆژەیان چارەسەرکراون و دوو پڕۆژەش بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەرەکان کوردستانیان جێهێشتوە وەک خۆیان ماونەتەوە.
دواڕۆژ: باس لە چەندین پڕۆژە دەکرێت کە مافی هاووڵاتییاندا تێدا فەوتاوە، بە ژمارە چەندە؟
سامان عارەب: ژمارەی زۆر ڕوون لەبەردەست نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی مافیان خوراوە لە چەندین پڕۆژەدا.
دواڕۆژ: بۆچی خەڵک پارەی خوراوە، ئایا ڕێکارە یاساییەکانی مۆڵەتپێدان وەک پێویست نەبوون؟
سامان عارەب: هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرنەگرتوە. هەیانە بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا و هەشیانە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە مۆڵەتیان وەرگرتوە. پڕۆژە هەیە هێشتا تۆمارنەکراوە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە، بۆیە ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس چاوەڕێی تەواوبوونی پڕۆژەی وەبەرهێنانن.
دواڕۆژ: هیچ وەبەرهێنەرێک ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە؟
سامان عارەب: بەڵێ دۆسیەی پێنج کەس لە دادگایە، ئه و کەیسانە قۆناغی باشیان بڕیوە و فرمانی دەستگیرکردنیش بۆ دوو وەبەرهێنەر دەرچووە، بەڵام کوردستانیان جێهێشتوە و چوونەتە دەرەوەی وڵات.
دواڕۆژ: چەند کەس ئێستا لە دادگان و دەستگیرکراون؟
سامان عارەب: بە دیاریکراوی نازانم، بەڵام لە پرۆژەیەک سێ کەس گیراون و بە کەفالەت ئازادکراون، ئەوانی تریش هەر پڕۆژیەک کەمتەرخەمیی تێدا کرابێت ئەوا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
دواڕۆژ: دەوترێت بەرپرسی باڵا لە پشت وەبەرهێنەرانەوە هەیە و ئەمەش بووەتە هۆی دەستوەردانیان لە کارەکانی ئێوە. ئەمە تاچەند ڕاستە؟
سامان عارەب: لە دوای دەستبەکاربوونی منەوە هیچ دەستوەردانێک نەبووە، بەڵام سەبارەت بەوەی کە ئایا بەرپرسانی باڵا لە پشت وەبەرهێنەرەکانەوە بن، ئەوا ئێمە ڕەتیدەکەینەوە چونکە ئێمە مامەڵە لەگەڵ نووسراو و بڕیاری ڕەسمی دەکەین.
دواڕۆژ: دەکرێت بزانین هۆکارەکان چی بوون کە وەبەرهێنان بەم ئاستە گەیشت؟
سامان عارەب: هۆکار زۆرن، نزیکبوونەوەی داعش و کاریگەریی لەسەر ئاسایشی کوردستان. بەشێک لە وەبەرهێنەران کارکردنیان لەسەر قیستی هاووڵاتیان بوو. هەروەها لە 2014 وە حکومەت خزمەتگوزاریی وەستاندوە. هەروەها نەبوونی پارە لە بانک. هەموو ئەمانە هۆکارن و وەبەرهێنانیان بەم ئاستە گەیاندوە.
دواڕۆژ: وەک خۆت باستکرد بەهۆی قەیرانی دارایی وەبەرهێنان زۆر کەوتە دواوە، هەروەها ساڵی 2013 باشترین ساڵ بوە، ئایا سەرمایەی وەبەرهێنان چەند بوو؟
سامان عارەب: لە ساڵی 2013 دا سەرمایەی وەبەرهێنان زیاتر لە 20 ملیار دینار بوو، بەڵام لە سێ ساڵی ڕابردوودا سەرمایەی وەبەرهێنان نەگەیشتووەتە شەش ملیار دینار.
دواڕۆژ: چەند ساڵمان پێویستە بۆ ئەوەی ئاستی وەبەرهێنان بگاتەوە ساڵی 2013؟
سامان عارەب: ناتوانین ساڵ دیاری بکەین چونکە ئەگەر ئه و هۆکارانەی پێشتر باسم کرد چارەسەر بکرێن ئەوا زوو سەرمایەی وەبەرهێنان بەرزدەبێتەوە.
26-03-2017