شاهۆ حوسێنی
کایەی سیاسی لەناو ئەمەی کوردا ئەمرۆکه تووشی جۆڕی سیاسەت زەدەیی بوه، واته چینی ڕووناکبیر و چالاکی سیاسی خاوەن هزرو زانستی تووشی جۆرێ له زەدەیی و بیزاری کردوه، هۆکاری ئه و ڕەوتەش دەگەرێتەوه بۆ ڕێک و پێک نەبوون، شڵژاوی و شەلەخته بوونی کردارو کردەوی سیاسی دەورگێرانی خاوەن دەسەڵاتی ناو بازنەی دەسەڵات، ئەوان له ڕاستیدا هیچ عەلاقەیەکیان به دیاری کردنی هەرێمی کایەیی سیاسی هاوبەش، شووناسی هێڵه سوورەکان، شووناسی هێڵه نارنجێکان و شووناسی به فەرمی ناسینی یەکتر به شێوەی دۆرۆژه یان دۆفاکتۆ نێ. له وەها کەش و هەوایەکدا ئه و پرسیارگەله گرینگه دێنه ئاراوه که ئاخۆ کۆمەڵگا و بەستێنی سیاسی ناو کۆمەڵگای کوردی لێهاتوویی و مەجالی سەرهەڵدانی کایەی سیاسی سالم و ڕێک و پێکی نێ؟ ئاخۆ کلتووری سیاسی کۆمەلگای کوردی ناتوانێ هەڵگری جۆری کایەی سیاسی ڕێک و پێک و ئاشتی خوازانه بێ؟ ئاخۆ تێکەڵاوی نێوان سیاسەت و ئایدۆلۆژی جۆرێ بەربەستی سازکردوه بۆ عەقڵانی کردنی کردوه و دژکردەوەی سیاسی له نێو کورددا؟
ئەوەی ڕاستی بێ کلتووری سیاسی کورد به هۆی تێکەڵاوی نێوان سیاسەت و ئایدۆلۆژی سنوور بەندێکی دوگمی هزری و کردەوەی ساز کردوه، ئه و ڕەوته بۆته هۆی بەدی هاتنی کلتوورێکی سیاسی گشتگیری خاوەن تایبەت مەندی یاسا بەزێن، پاوانخواز، تاکخواز(بەڵام نه تاکخوازی لیبرالی بەڵکه تاکخوازێکی دیکتاتۆرانه که دەسەڵات و هێز و یاسا دەبەستێتەوه به تاک)، ساز کردنی سنوور بەندی له نێوان خۆیی و ناخۆیی، دژه یەکگرتویی و پیرۆزیخواز که بێگانەیه لەگەڵ هەرجۆره کردارێکی سیاسی دێموکراتیک و باوەرمەند به پلۆرالیزمی بێ سنوور، له ڕاستیدا شەقامی سیاسی کوردی به و تایبەت مەندیانه و به و کلتووره تووشی جۆرێ سەرلێشێواوی و ون کردویی کلتووری وێکسازان و وێک هەڵکردن بوه. لەوەها کەش و هەوایەک دا هێز و ڕێکخراوەی کوردی ڕوو و ئاراستەی دووژمنی لێگۆاروه، به جۆرێ که دووژمن بۆته دۆست و لایەنی کوردی بەرامبەر بۆته دووژمن، هەمووی ئەوانەش دەشێ بگوترێ دەگەرێتەوه بۆ سەرهەڵنەدانی گووتارێکی سیاسی کوردانه و هاوبەش وەک پیکهاتەیەکی مەعریفی، به ناوەندێتی داللی دێموکراسی، به جۆرێ که کۆی گشتی کۆمەڵگا لەگەل ئەوەدا جیاوزای هەیە له پێکهاتەی زەینی و عەینیەدا، بتوانێ خۆی تێدا ببینێتەوه.
حاشا هەڵنەگره ئەگەرچی درووشمەکان و ڕواڵەتی شەقامی سیاسی فەرمی کوردی نیشاندەری حەولی پێناسه کردنی خۆیەتی له کلتوورێکی سیاسی مۆدێرندا، بەڵام به هۆی ئەوەکه پێکهاتەی عەینی و ڕواڵەتی سیاسی کوردی هەڵقوڵاو و سەرچاوه گرتووی پێکهاتەی زەینی و هزری نێ، بەتاڵه له سەداقەت و ناوەرۆک، واته به هۆی ئەوەکه پیکهاته عەینی و ڕواڵەتێکانمان زەرۆرەت و بەرهەمی پێکهاته زەینی و هزرێکانمان نین، شەقامی سیاسی جۆرێ سەرلێشێواوی، زیزی، لێکدابران و ڵێڵی پێوه دیاره، چاوخشاندنێک به فۆرماسیونی ڕەوتی سیاسی وڵاته دیموکراتیکەکان دەرخەری ئه و ڕاستێیه که سەرەتا به هۆی ئاڵوگۆری له فۆرماسیونی هزری و ئەندێشەی کۆمەڵگا، فۆرماسیونی کۆمەڵایەتی و سیاسی تووشی ئاڵوگۆری دەبێ و کۆمەلگا بۆ خۆ ڕێکخستن و خۆ هەواهەنگ کردن لەگەڵ ئه و ڕەوته پێکهاتە و فۆرماسیونی عەینی تایبەت و گوونجاو پێک دینی، واته له پاش هاتنه ئارای پرۆتێستانیزم و هۆمانیسم، سیستمی سیاسی کۆمەڵگا سەرهەڵدانی هەڵبژاردن و حیزب و ڕیکخراوەی نوێ به خۆیەوه دەبینی و له درێژەدا دێموکراسی هەم وەک کلتووریکی سیاسی و هەم وەک پێکهاتەیەکی حکوومی سەرهەڵدەدا، بەڵام لەناو ئەمەی کوردا حەول دەدرێ به کۆپی کردنی پێکهاتەی عەینی و ڕواڵەتی وەک حیزب و ڕێکخراوه سیاسێ مۆدێرنەکان به پێکهاتەی حکوومی مۆدێرن بگەن، واته ڕەوتێکی پێچەوانەی بەتاڵ له ناوەرۆکی هزری و ئەندێشەیی.
ئه و مێتۆد و ڕەهەنده له سیاسەت کردن لەناو کوردا بێگومان خەساری گەورەی لێ دەکەوێتەوه، له کاتێکدا شەقامی سیاسی له جیهانی مۆدێرن و پەر ئەستاندوو ڕووبەرووی قەیران گەلێکی بنەما ڕووخێن هاتوه به هۆی ئەوەکه سەردەمی ئایدۆلۆژی گەلێک که ئامانجیان دەست ڕاگەیشتن به سەرمایەیی حکوومی و دەسەڵاتی مسۆگەر بوو خەریکه به یەکجاری تێپەر دەبێ و له جیات وان گوتارگەلێک سەریان هەڵداوه که ئامنجیان دەست ڕاگەیشتن و دەست داگرتن بەسەر سەرمایەی گوتاری و چەمکی کۆمەڵگایه له تەنیشت دەست هەڵگرتن له هەر جۆره حەول و ڕەوتێک که بنیاتنەری حەول و تەقەللایەکی یەک دەستکەرەوه و مۆنۆلۆگانەیه بۆ پاراستنی هەرێمی دەسەڵات وەک میرات، شەقامی سیاسی کوردی خەریکه به هێز و تینەوه ڕەهەندێکی سیاسی ئایدۆلۆژیک و مۆنۆلۆگی سەقام گرتوو لەپێش گرتوه به دوور له هەر جۆره سەرمایەیەکی هزری.
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 3,071 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!