بەنداوێکی تەواونەکراوی فرەمەبەستە لەسەر زێی گەورە، کەوتووەتە ناحیەی #خەلیفان# ی پارێزگای #هەولێر#، لە دووریی 60 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر.
مەبەستە سەرەکییەکانی بەنداوەکە بەرهەمهێنانی 1500 مێگاوات لە وزەی کارەبایە و بۆ ڕێخستن و ڕێگری لە دروستبوونی لافاو. ئەگەر بەنداوەکە تەواوبووبا، بەرزییەکەی دەگەیشتە 230 مەتر (750 پێ) بەمەش دەبووە گەورەترین بەنداوی عێراق. دروستکردنی لە ساڵی 1979 دەستی پێکرد، و لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق کارکردن لێی ڕاوەستێنرا. لە 1988 دووبارە دەستکرا بە دروستکرنی تا لە 1991 جارێکی تر وەستا بەهۆی شەڕی کەنداو، کە تا ئەوکات 35٪ کارەکانی تەواوبووبوون. لە دوای 2003 هەندێک هەوڵ هەبوون لەلایەن حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانەوەی، بەڵام تا ئێستا فەرامۆشکراوە.
لە 2007 حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە نیازی تەواوکردنی بەنداوی بێخمەیان هەیە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەهەرحاڵ لەگەڵ وشەکەساڵیی 2008ی عێراق، حکوومەتی عێراق گلەیی دەربڕی و دروستکردنی بەنداوی بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو زانی لە باشووری عێراق. سەرەڕای ئەمە چەند شتێکی تر کرانە بیانوو بۆ ڕێگری لە دروستکردنی بەنداوەکە؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیکەی 20٫000 کەس لە شوێنەکایان، و ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاو لە #ئەشکەوتی شانەدەر#. لە 2008 بڕی 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجکرا لە ئامادەکاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەکە. بڕی خەرجیی کۆتاییی پێشبینیکراوی بەنداوەکەش 2.6 ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
لەلایەکی تر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە دوای دروستبوونەوەی حکوومەتی عێراق لە 2003 تا 2008 حکوومەتی عێراق چەند جارێک شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لەسەر پڕۆژەکە و دەستپێکردنەوەی بەڵام حکوومەتی هەرێم لەسەر دەستپێکردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، لە ئێستاش هیچ پلانێکی نوێ بۆ بەنداوەکە نییە، و ئەگەری وازهێنان لەو پڕۆژەیە هەیە.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 13,408 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!