بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، ڕێژەی کۆچکردن لەماوەی ئەم دوو مانگەدا بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2017 لە 15% بەرزبۆتەوە.
هەر بەپێی ئامارەکان، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران، ڕێژەی کۆچکردن لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003وە 10% بووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2013 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2016 بەرزبۆتەوە بۆ 30%، لەسەرەتای ساڵی 2017ەوە ئه و ڕێژەیە نزمبۆتەوە، بەڵام لە مانگی 6 و 7ی ئەمساڵ ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ 15%.
هەر بەپێی ئامارە رەسمییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە ماوەی 36 ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێک و 363 هەزار کەس لە هەرێمەوە بەرەو دەرەوە کۆچیان کردووە.
نەزهەت حسێن، بەرپرسی بەشی پەنابەران و ڕەوەندی کوردی، لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ وکۆچبەرانی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند کۆچکردنی هاووڵاتیان لە ماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا ڕێژەکەی زیادیکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێک له و کەسانەی کۆچیش دەکەن بەهۆی سەختی ژیان له و شوێنانە و وەرنەگرتنی هیچ وەڵامێک دەگەڕێنەوە.
بەرپرسی بەشی پەنابەران و ڕەوەندی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی هەرێم ئاشکرایکرد، زیاتر لە دوو هەزار پەنابەر ئێستا ناوی خۆیان نوسیوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و لە ئێستاشدا لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەڕانەوەیان.
ناوبراو، وتیشی لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانەوە ئه و کەسانەی کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژئاوا و ئەورپا زیاتر لە 33 هەزار کەسیان بە یەکجاری گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئەوەش دەخاتەڕوو، هاووڵاتیانی عێراق لە 10%ی هەموو کۆچبەرانی جیهان پێکدەهێنن له و ڕێژەیەش بەشێکی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێ.
26-07-2017