ڕۆژی سێشەممە 22ی 8ی 2017 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێمز ماتیووس وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوو لە برێت مەکگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و دۆگلاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا.
لە دیدارەکەدا کە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسە ئیداری و سیاسی و سەربازییە باڵاکانی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شاندی یاوەری کرد و سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەمەریکای کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی گەلی کوردستانیان داوە و ئەوەیشی خستەڕوو کە هەروەکچۆن لە سەرەتاوە لەسەر شەڕی تیرۆر سوور بووین لە ئێستا و لە داهاتوویشدا پێداگیر دەبین لە دژایەتیکردنی تیرۆر. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند کە ئازادبوونی موسڵ بە مانای تەواوبوونی داعش نییە و تیرۆر هەڕەشەیەکی بەردەوامە کە سنوور ناناسێ بۆیە هەمیشە پێویستیمان بە هەماهەنگی و هاوکاریی یەکتر هەیە بۆ ئەوەی تیرۆر تێکبشکێت و کاریگەریی نەمێنێت.
دواتر وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئامانجی هاتنی بۆ کوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هێزی پێشمەرگە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە لە قەڵەمدا و ئەوەی دووپات کردەوە کە بە بێ پێشمەرگە سەرکەوتن لەدژی تیرۆریستان بەدی نەدەهات و سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر ڕووبەبەڕووبوونەوەی تیرۆر ڕاگەیاند و ئەوەیشی باس کرد کە بۆ ئەمەریکا شانازییە کە پشتیوانی پێشمەرگە بووە و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا زۆر گرنگە بۆ مسۆگەر کردنی سەرکەوتن و ویستی وڵاتەکەیشی خستەڕوو بۆ پابەندبوون و بەردەوام بوون لەبەرانبەر دوژمنی هاوبەش کە تیرۆرە.
پرسی ڕیفراندۆم و مافی گەلی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووس تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوو و تێیدا وەزیری بەرگریی ئەمەریکا تێگەییشتنی خۆی بۆ قووڵایی ماف و داواکاریی گەلی کوردستان و مێژوو و خەبات و نەهامەتییەکانی خستەڕوو و ئاماژەیشی بە نیگەرانییەکان و هەڵوێستی وڵاتەکەی لە هەمبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا و ڕایگەیاند کە ڕیفراندۆم دوور بوو لە پێشبینییەکانی وڵاتەکەی و ئەمەریکا وای بۆ دەچێ کە ڕەنگە ئەو پڕۆسەیە کۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بکات و کێشەیش بۆ کاری هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی تیرۆر دروست بکات. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دانوساندنی نێوان هەولێر و بەغدای بە بابەتێکی باش زانی و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانی دانوساندن و حیواری بەردەوامی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات.
هەر سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم سەرۆک بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند کە ڕیفراندۆم بابەتێکی شەخسی نیە و مافی گەلە و لەگەڵ هیچێک لە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی ناکۆک نییە و بە هیچ شێوەیەک کێشە بۆ شەڕی تیرۆر دروست ناکات. لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی نەهامەتییەکانی گەلی کوردستانی کرد لە ژیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی دەستوور و نەمانی پڕەنسیپی شەراکەت و تەوافوق و گوتیشی دەستووری عێراقیش ئەو مافەی بە گەلی کوردستان داوە کە لە دیباچەکەیدا بەڕوونی ئاماژە دراوە کە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەکپارچەیی.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند یەکگرتنی بەزۆر هیچ کات سەرکەوتوو نەبووە و ئێمە یەکگرتنی ئارەزوومەندانەمان هەڵبژارد بە مەرجی شەراکەت بەڵام چونکە شەراکەت سەری نەگرت و لەپێناو ڕێگەگرتن لە کێشەی قووڵتر دەمانەوەێ وەک دوو جیرانی باش لە تەنیشت یەکتر بژیین. سەرۆک بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو کە هەر داوایەک بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێ بەدیلی هەبێت و ئەو بەدیلەیش دەبێ بەهێزتر بێت لە ئامرازی ڕیفراندۆم.
سەرۆک بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان شێوازی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بۆ مسۆگەر کردنی مافەکانی گرتووەتەبەر و لە دانوساندن بەردەوام دەبێت بۆ دیاریکردنی سرووشتی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ عێراق و بۆ ئەوەی بگەنە قەناعەت کە هەردوولا وەک جیران لەگەڵ یەکتردا بژیین.
لە کۆتاییدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی دووقۆڵی.
22-08-2017