دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، مەبەستمانە پردێکی پەیوەندی پته و هەبێت لە نێوان زانکۆکان و کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت زیاتر ببوژێنینەوە دەشڵێت، لە ئێستادا ڕەوشی ئابووری بەره و باشتر دەڕوات.
ئەم وتانەی #قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی مەراسیمی ستایشکردنی کۆمپانیا بەشداربووەکانی پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان بوو کە ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلولی 2017، لە هەولێر بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیاندراوی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی، لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پڕۆگرامە بە هەنگاوێکی زۆر بچوک دەستمانپێکرد و بە بەشداری تەنها 27 خوێندکار، بەڵام لەئێستادا زیاتر لە 850 خوێندکار و 100 کۆمپانیا لەم خولەدا بەشدارن.
تاڵەبانی وتیشی، مەبەست لە پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان، دروستکردنی پردێکی پەیوەندی پتەوە لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و کەرتی تایبەت و لەوێشەوە برەودان بە کەرتی تایبەت بە دەستی کاری خۆماڵی و حکومەتی هەرێمیش یەکێک لە ئەولەویاتەکانی زیاتر گەشەکردنی کەرتی تایبەتە و برەودان بە ئابووری.
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەشیدا، داوا لە کۆمپانیاکان دەکەم کە بەردەوام بن لە کارەکانیان و بە دڵنیاییەوە ئەم ڕەوشەی کە لە ساڵی 2014وە ڕووی کردۆتە هەرێمی کوردستان کاتیە و تێدەپەڕێت و لە ئێستاشدا بەره و باشتر ڕۆشتوە و دەڕوات پشتبەست بە چاکسازییەکانی حکومەت.
رونیشکردەوە، دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت خوێندکار متمانەی بە کەرتی تایبەت زیاتر بێت و دەبێت حکومەت هاوکار بێت له و بارەیەوە بۆ ئەوەی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەوڵی دامەزراندن بدەن لە کەرتی تایبەت و ئەوانیش هاوکاری حکومەت بن.
لە مەراسیمەکە یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند ئەم پڕۆگرامە سوود بە خوێندکاران دەگەیەنێت و هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ خوێندکاران دەرەخسێنێت.
باسی لەوەشکرد، لایەنی پراکتیکی زۆر گرنگە و تەواوکەری ئه و زانستەیە کە لە زانکۆکان و پەیمانگاکان بەشێوەیەکی شەفەهی دەیخوێنن، بۆیە جگە لەوەی لە ڕووە ئابوریەکەوە سودی هەیە لە ڕووە زانستیەکەشەوە توانای زانستی خوێندکاران باشتر دەکات.
وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی، لە وەزارەت کار بۆ ئەوە دەکەین کە توانای خوێندکاران پەرەی پێبدرێت و لە بازاری خۆماڵی سودی لێوەربگیرێت، تەنانەت گۆڕانکاری گەورەمان لە سیستەمی وەرگرتن لە زانکۆکان کردووە بۆ ئەوەی خوێندکار بتوانێت له و بەشە بخوێنێت کە ئارەزووی لێی هەیە.[1]
12-09-2017