دواڕۆژ، سامان قوبادی
سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەت هیچ ژمارەیەکی ڕاستەقینەمان لەسەر قەرزەکانی پێنادات، وتیشی نازانرێت کەی و بە چ شێوەیەک قەرزەکانی دەداتەوە.
دوای بڕینی بودجە لە بەغداوە، بەشێکی زۆری پڕۆژەکان و کاری کۆمپانیا و بەڵێندەران ڕاگیران، هاوکات حکومەتی هەرێم تەنیا چەند جارێک بە شێوەی سلفە قەرزی بەڵێندەرانی داوەتەوە، بەڵام تائێستا بڕێکی زۆری ئەم قەرزە نەدراوەتەوە بە کۆمپانیا و بەڵێندەران.
$قەرزی بەڵێندەران$
شێخ ناجی عیزەدین، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بڕی 1 ترلیۆن دینار کە قەرزی بەڵێندەرانە لای حکومەتی هەرێمە، کە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندایە، ژمارەی ئه و بەڵێندەرانەش کە قەرزیان لای حکومەتە دەگاتە 300 بەڵێندەر.
سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران وتیشی نزیکەی 3 ساڵ تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا حکومەت بەڵێنەکانی بۆ دانەوەی ئەم قەرزە نەبردۆتەسەر.
$قەرزی پاشەکەوتی فەرمانبەران$
دوای دوو ساڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی لە مانگی 2ی 2016دا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە بڕینی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران و پاشەکەوتکردنی، تائێستاش ڕوون نییە کەی و بە چ ئالیەتێک ئەم قەرزە دەداتەوە بە فەرمانبەران.
سەبارەت بە بڕی قەرزەکانی فەرمانبەران کە لای حکومەتی هەرێمە، شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئاشکرایدەکات، حکومەت نزیکەی 7 ملیار دۆلاری مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەران قەرزارە.
$قەرزی کۆمپانیاکان$
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی زیاتر لە 6 ملیار دۆلاری کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان لای حکومەتی هەرێمە، پێشتر شێوازێک دانرا بۆ دانەوەی ئەم قەرزانە، بەڵام بەهۆی لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دۆخەکە قورستر بوو، بۆیە نەتوانرا دەست بکرێت بە دانەوەی قەرزەکان.
$عێراق پابەند نابێت بەدانەوەی قەرزەکان$
هاوکات، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پابەند نابن بە دانەوەی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم، پێویستە خۆیان بیدەنەوە، جگەلەوە بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی، حکومەتی هەرێم 1 ملیار و 3 ملیۆن دۆلاری لەبەرامبەر پێدانی نەوت بە کۆمپانیاکە وەرگرتووە.
لەلایەکی ترەوە ئاسۆ شێخ جەنگی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ڕوسیا بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات، ئەگەر حکومەت یان چەند شەخسێک پارەی پێشوەختیان لە ڕۆزنەفت وەرگرتبێت، بێگومان هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە، ئەوەی کە دەوترێت گرێبەستەکە بەبڕی 4 ملیار دۆلارە، هەرچەندە نازانرێت بە وردی بڕەکە چەندە کە وەرگیراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان حکومەتی هەرێم پێشوەخت زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری لە کۆمپانیاکە وەرگرتووە.
هەر بۆ ئه و مەبەستە و سەبارەت بە کات و شێوازی دانەوەی ئەم قەرزانە، عزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت حکومەت هیچ ژمارەیەکی ڕاست بە کەس ناڵێت، هەروەها تائێستا نازانرێت کەی و بە چ ئالیەتێک قەرزەکانی دەداتەوە.
جێی ئاماژەیە جگە له و قەرزانەی کە خراونەتەڕوو، حکومەت قەرزاری بەشێک لە بانکە ئەهلییە ناوخۆییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانی وەک دانە غازی ئیماراتی و گەنەل ئینێرجی و ئیکسۆن مۆبیلە، بۆ زانینی بڕی قەرزەکانیان دواڕۆژ پەیوەندی بە بەرپرسانی حکومەتەوە کرد، بەڵام هیچ داتایەکیان لەمبارەیەوە نەخستەڕوو.[1]
17-11-2017