ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2017 بە سەرۆکایەتیی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی بەڕێز #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
سەرەتا بەبۆنەی ئه و سەرکەوتنانەوە کە تا ئێستا لە عێراق بەسەر #داعش#دا بەدەستەوە هاتوون، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی گەلی کوردستان و هەموو گەلی عێراق و هێزە چەکدارە عێراقییەکان کرد. هەروەها سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرد کە بەبێ هاوکاری و پشتگیریی ئەوان، ئەستەم بوو ئەم سەرکەوتنانە بەدەست بێن. گیانفیدایی و قارەمانیەتیی پێشمەرگەی کوردستانی له و سەرکەوتنانەدا بەرز نرخاند کە یەکەم سەرکەوتنیان بە سەر داعشدا تۆمار کرد و بوونه یەکەم هێزی شکێنەری داعش.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە که داعش تەنها بە لەناوبردنی سەربازی کۆتایی نایەت، بەڵکو بە ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و نەهێشتنی ئه و بیر و زەمینە و هۆکارانە دەبێت کە بوونە هۆی دروستبوون و سەرهەڵدانی داعش. دەبێت هۆکارەکان و زەمینەی سەرهەڵدانی داعش بنەبڕ بکرێن. نەمانی داعش بە زامنکردنی یەکسانی و هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات و دابینکردنی مافەکانیان دەبێت.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز د. #ئاشتی هەورامی# وەزیری سەرچاوە سروشتییەکان، سەبارەت بە تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و داهاتی خەملێنراوی هەناردەکرن و فرۆشی نەوتی بەرهەمهێنراو له و بلۆکانە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2018، ڕاپۆرتێکی پێشکەشکرد و خەرجییەکانی ئه و بوارەی خستەڕوو.
دواتر بەڕێز ڕابەر سدیق بریکاری #وەزارەتی دارایی و ئابووری# بەوەکالەت، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە داهاتە گشتییەکانی دیکە، جگە لە نەوت و خەرجییە گشتییەکانی خەمڵێنراو بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2018 خستەڕوو، بەتایبەتیش مووچە و تەرخانکراوی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکان. ئەنجومەنی وەزیران هەردوو ڕاپۆرتەکە و بژاردەکانی دابینکردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی لە چوارچێوەی داهاتی چاوەڕوانکراو بۆ ساڵی 2018دا تاوتوێ کرد کە تیایدا دابینکردنی مووچە ئەولەویەت دەبێت.
پاشان سەبارەت بە چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، خانەنشینی، مووچە، دەرماڵەکان و چارەسەرکردنی بابەتی وەرگرتنی زیاتر لە مووچەیەک لە پارەی گشتی، ڕێکخستنەوەی لیستەکانی خانەنشینان، ڕێکخستنەوەی وارسی شەهیدان، فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندارەکان بە خانەنشینی، سوودمەندانی ئیمتیازاتی زیندانی سیاسی، ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان بە جۆرێک تەنها کەسانی شایستە سوودمەندبن، چالاککردنی سەندوقی خانەنشینی تاکو زامنی مافی خانەنشینانی شایستە بکرێت، بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، ڕاپۆرتێک خرایەڕوو.
بەڕێز د. #پشتیوان سادق# وەزیری پەروەردە، سەبارەت بە ئاستەنگ و بەرەوپێشچوونەکانی ساڵی خوێندنی 2017 2018، بابەتە پەروەردەییەکان، بەها مرۆییەکان، بنەماکانی مافی مرۆڤ، خۆشەویستیی نیشتمان، ژینگەپارێزی و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا، لەگەڵ پوختەی چالاکییەکانی وەزارەت لە بواری خوێندنی پیشەیی و خولەکانی پێگەیاندن و بەهێزکردنی توانای مامۆستایاندا، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد و ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشی لێکرد.
بەڕێز #عەبدولستار مەجید# وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەبارەت بە پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێداویستیی تاکەکەسی لە ئاو و خۆراک، کۆی پێداویستیی ئاو و خۆراک لە هەرێمی کوردستان، پلانی وەزارەت لە قۆناغەکانی بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و داکردنی بەروبوومە خۆراکییە سەرکییەکان، سەرچاوەکانی ئاو بەتایبەتیش بەنداوەکان و دروستکردنی پۆنت بۆ گلدانەوەی ئاو، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد.
ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاپۆرتەکەی تاوتوێ کرد و بڕیار درا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان پێشنیارەکانی وەزارەت تاوتوێ بکەن تاکو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
#11-12-2017#