ژیلوان وەلی و کریس جۆهانس
رووداو- #هەولێر#
بۆمب و مینە چێنراوەکان یەکێک لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم گەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارەی عێراقە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە. فەرماندەیەکی هێزەکانی #پێشمەرگە# بە (رووداو)ی ڕاگەیاند کە زۆر ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی عێراق پشتگوێ خراون و پاک ناکرێنەوە.
لیوا مەحموود حوسێن کاکەیی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک لە یەکەی 80ی #وەزارەتی پێشمەرگە#، بە بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی (رووداو)ی ڕاگەیاند ژمارەیەکی زۆر بۆمبی #داعش# ماون و هێشتا پاک نەکراونەتەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە فۆکەسی هێزە عێراقییەکان زیاتر لەسەر شارەکان و ناوچە قەرەباڵخەکان و هەندێک لە ڕێگا سەرەکییەکانە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر گوند و ناوچەی کشتوکاڵی کە پڕن لە بۆمبی چێنراو پشتگوێ خراون. بەگوتەی فەرماندە کوردەکە، ئەم کارە پێویستی بە کەرەستە و هەوڵی زۆرە. سوپای عێراق ناتوانێ بەئاسانی ئەو ناوچانە لە بۆمب پاک بکاتەوە.
پاککردنەوەی ناوچە بۆمبڕێژکراوەکان تەنیا قۆناغی دوای ڕزگارکردنی ناوچەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێکی سەرەکیی ئەم کارە لەکاتی شەڕی دژی داعشدا کراوە، لەو کاتەشدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا. لیوا مەحموود لەوبارەیەوە گوتی: بۆمبە چێنراوەکان لای ئێمە نامۆ بوون، پێشمەرگەکانی ئێمە زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەیانەوە نەبوو، چونکە لە 2005 ئەلقاعیدە دەستی بە بەکارهێنانی ئەوجۆرە چەکانە کرد و هەتا 2014ش لە کوردستان نزیک نەکەوتنەوە. بە گوتەی لیوا مەحموود، سەرەتا هەم کەرەستە و هەم زانیاری هێزەکانی پێشمەرگە لەو بوارەدا زۆر کەم بوون و ئەم جۆرە کارە بە کەرەستەی سادە ناکرێ.
لە ماوەی چوار ساڵ شەڕی داعشدا دەیان تیمی هاوپەیمانان مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق کرد، بە جۆرێک 95٪ی هێزەکەی لیوا مەحموود ڕاهێنانیان وەرگرتووە. لیوا کوردەکە بە (رووداو)ی گوت، تیمی ئەندازیاری ئاشکراکردنی بۆمبەکان یارمەتییەکی زۆری هێزەکانی پێشمەرگەیان دا بەریتانیا هاوکاریی زۆری کردین، دوای ئەوان کەنەدییەکان دێن، فەرەنسییەکان لە پلەی سێیەمن و بەمدواییەش ئیتاڵی و ئەڵمانییەکان هاویکاریمان دەکەن.
هەرچەندە لە سێ ساڵی شەڕی داعشدا هێزەکانی پیشمەرگە ئامێری پێشکەوتوویان وەرگرتووە، لەوانەش ئوتۆمبێلی دژی مین و میندۆزی دەستی، فەرماندە کوردەکە دەڵێت: بەو شارەزاییەش کە ئێستا هەمانە ناتوانین بڵێین دەتوانین بۆمبە چێنراوەکانی دیکە لابدەین، چونکە پێویستمان بە ئامرازی پێشکەوتووترە، بەو حاڵەشەوە 80%ی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە لە بۆمبی چێنراو پاککراونەتەوە.
لێکۆڵینەوەی زۆر لەسەر بۆمبە چێنراوەکانی داعش کراوە، یەکێک لەو پرسیارانەش کە بەردەوام هەوڵی ڕوونکردنەوەی دراوە ئەوە بووە داعش ئەو زانیاری و شارەزاییە وردەی لە بواری دروستکردنی بۆمبی چێنراو لە کوێ دەستکەوتووە. لیوا مەحموود کاکەیی کە کتێبێکی لەبارەی 80 جۆر بۆمبی چێنراوی داعش نووسیوە و پێشکەش بە هاوپەیمانانی کردووە، دەڵێت بە بڕوای ئێمە ئەوان سوودیان لە ئەندازیارانی سوپای پێشووی عێراق وەردەگرت، پاشان سوودیان لە ئەندازیارە کیمیاییەکان وەردەگرت بۆ ئەوەی بزانن چ مادەیەکی کیمیایی بەکاربهێنن، هەروەها کەڵکیان لە ئەزموونی ئەندازیارانی میکانیکیش وەرگرتووە.
بە گوتەی فەرماندە کوردەکە، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە 20 هەزار بۆمبی چێنراو لەلایەن تیمەکانی پێشمەرگەوە پووچەڵ کراونەتەوە، هەرکام لە بۆمبەکانیش چەند کیلۆگرام مادەی ئامۆنیۆم نیترات و میتۆدی جیاوازی تەقاندنەوەی تێدا بەکارهاتووە. سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی پێشمەرگەش بەهۆی پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکانەوە، گوتی: بەگوێرەی ئەو هەڕەشە و تەحەدا گەورەیەی لەبەردەممان بوو، بەگوێرەی ئەو ئامرازە کەمەشی لەبەردەستمان بوو، ژمارەی قوربانیانمان زۆر نەبووە.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پیشەسازیی دروستکردنی بۆمبی چێنراوی داعش تەنیا لەسەر ئاستی میتۆدەکانی دروستکردن و تەقاندنەوە گەشەی نەکردووە، بەڵکو لەسەر ئاستی میتۆدەکانی دانانەوەی بۆمبیش پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییە، گوتی: ئێمە تیمی بەریتانی و ئەڵمانی و تیمەکانی دیکەی هاوپەیمانانمان هێنا، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانی بۆمبدۆزێکمان بۆ دروست بکەن کە ئەو جۆرە بۆمبە بدۆزێتەوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی داعش شارەزای دروستکردنی بۆمبی وەهای لەگەڵە کە ئەزموونیان لە ئەفغانستان، لوبنان، سووریا و عێراقەوە بەدەستهێناوە. ئەوان تیمیان لەگەڵە کە تاکە کاری ئەوەیە بۆمب بچێنێ.
سەبارەت بەشێوازی شاردنەوەی بۆمبەکان لەلایەن داعشەوە، لیوا مەحموود حوسێن کاکەیی گوتی: ئەوان هەموو میتۆدێکیان بەکارهێناوە، بۆ نموونە لەسەرەتادا بۆمبەکان لەسەر زەوی بوون و بەئاسانی دەبینران. دواتر بۆمبەکانیان دەشاردەوە بۆ ئەوەی نەزانی ئەو شوێنە بۆمبی تێدا چێنراوە، مەگەر ئەوەی گۆڕانێکت لە شێوەی زەوییەکەدا بەدی کردبا، دواجاریش داعش ڕووی لە بەکارهێنانی وایەر کرد، کە ئەمەیان ئیدی بە بۆمبدۆزیش نەدەدۆزرایەوە.
بەهۆی هێرشی داعش و دواتریش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، خەڵکانێکی زۆر لە هەردوو پارێزگای #کەرکووک# و نەینەوا ئاوارە بوون. لیوا مەحموود کاکەیی لەبارەی دۆخی ئەو ناوچانەوە بە (رووداو)ی گوت :90%ی ئاوارەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. گوندە کاکەییەکان لەسەر لێواری ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدان. هێشتاش مەترسی بۆمبی چێنراو لەو ناوچانە هەیە، بەڵام ئێستا لەگەڵ ڕێکخراوێکی بەریتانی هاوئاهەنگی دەکەین کە کاری زۆر باشیان کردووە و تیمێکی تایبەتیان بۆ گوندە کاکەییەکان پێکهێناوە، بە گوێرەی مەزندەکانیش 4000 بۆمبی چێنراویان پووچەڵ کردووەتەوە.[1]
#27-07-2018#