دکتۆر #جەبار قادر#
ئەم ئامارانەی لێرەدا ئاماژەیان پێدەکەم لە سەرژمێری ساڵی 1947 وەرگیراون. لە دەسپێکدا دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەو سەرژمێرییە ناتەواوی زۆری تێدایە. هەموو زانیارییەکانی بەوردی تۆمار نەکردووە، لەم بوارەدا لە گەڵ سەرژمێری 1957 بەراورد ناکرێت. بۆ نموونە ئاماژەی بەپێکهاتەی نەتەوەیی یا زمانی دایکی دانیشتوانی نەکردووە، تەنها بە پێی ئاینیان تۆماری کردوون. هەرچەندە ئاماژەی بەژمارەی گوندەکانی سەر بەیەکە ئیدارییەکانی کردووە، بەڵام ناوی هەموویان تۆمار نەکردووە، پێدەچێت تەنها ناوی ئاواییە گەورەکانی تۆمار کردبێت. خوالێخۆشبوو عەلائەدین سوجادی، کە ئەو کاتە ماڵی لە بەغدا بووە، دەگێڕێتەوە کە ناونووسەکان ناهاتوونەتە ماڵەکەی ئەو و ناونووسیان نەکردوون، بۆیە دەپرسێت: ئەگەر ئەمە حاڵی بەغدای پایتەخت بووبێت، ئەو دەبێت لە شوێنەکانی دیکە چۆن بووبێت.
#داقوق# ئەو کاتە قەزا بووە و لە ناوەندی قەزا و هەردوو شارەدێی قادر کەرەم و #خورماتوو# پێکهاتووە، هەرچەندە ژمارەی دانیشتوانی شارۆچکەی خورماتوو(6374) کەس بووە، واتا سێ ئەوەندەی دانیشتوانی شارۆچکەی داقوق بووە، کە ژمارەیان تەنها(1987) بووە. ڕەنگبێ هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە داقوق لە مێژوودا ناوێکی دیار بووە و لە سەردەمی عەبباسییەکاندا پێگەیەکی گرنگی هەبووە، تەنانەت کاتێ سەرچاوە مێژووییەکان باس لە #کەرکووک# دەکەن دەڵین تەپۆڵکەیەکە کەوتووەتە نێوان داقوق و #هەولێر#ەوە(أربل دواتر أربیل). خورماتوو دواتر کرا بە قەزا و داقوقیش بە ناحیە، بەڵام ئیستا جارێکی تر بووەتەوە بە قەزا.
لە کاتێکدا دانیشتوانی شارۆچکەی داقوق 1987 کەس بووە، دەتوانم بڵێم چەند ماڵێکی لێدەرکەی ئەوانی تر هەموویان تورکمانی شیعە بوونە، ئەو ئاواییانەی سەر بە ناوەندی قەزاکە بوونە، کە ژمارەیان 69 ئاوایی بوو، تەنها دانیشتوانی ئیمام زەینەلعابدین، کە هەر بەئیمام نێودەبرا، تورکمان بوون و ژمارەیان 355 کەس بوو. هەندێ ئاواییش وەک ئەلبومحەمەد، ئەلبونەجم، دەلس...تاد دانیشتوانیان عەرەب بوون، ئەوانی دیکە هەموویان کورد بوون. دانیشتوانی ئاواییەکانی کوردان بەژمارە زۆر بوون، تەنها وەک نموونە دانیشتوانی ئێنگیجە (1066) کەس و زەند مەلا یوسف (917) کەس، واتا بە هەردووکیانەوە ئەوەندەی دانیشتوانی شارۆچکەی داقوق بوون. من بەمنداڵی لە ئێنگیجە ژیاوم تەنها یەک ماڵە عەرەبی لێبوو. بەگشتی ژمارەی دانیشتوانی ئاواییەکانی داقوق 12654 کەس بوو، واتا شەش جار بەقەد دانیشتوانی داقوق.
ناحیەی قادرکەرەم ژمارەی دانیشتوانی 620 کەس بووە و 86 ئاواییش سەر بەم ناحیە بووە، کە ژمارەی دانیشتوانیان 14653 کەس بووە. دانیشتوانی قادرکەرەم و ئاواییەکانی هەموو کورد بوون. هەرچی شارۆچکەی خورماتووە ژمارەی دانیشتوانی 6370 بووە و 88 ئاواییش سەر بەم ناحیە بووە، کە ژمارەی دانیشتوانی 23305 کەس بوون. لە خورماتوو بەخوارەوە کۆمەڵێ ئاوایی تورکمانی هەبوون وەک ئامڕلی، بەستاملی، یەنگیجە و بابلان و گوندەکانی ناو بەیات زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانیان تورکمان بوون. بەم شێوەیە ژمارەی ئەوانەی لە شارۆچکەکانی سەر بە شارۆچکەی داقوق دەژیان 8357 کەس بوونە و دانیشتوانی ئاواییەکانیش 50607 کەس بوون. هەموو بەسەر یەکەوە لە قەزای داقوق 59006 کەس ژیاون. هەندێ جار سەرژمێرییەکە ژمارەی هەندێ جیاواز لە مانە دەدات، کە پێموایە ئەمەش بەشێکە لە ناتەواوی و هەڵە و پەڵەکانی. ژمارەی موسوڵمانان لە قەزای داقوق بە 58381 دانراوە، جولەکەش 585 کەس بوونە کە زۆربەی هەرە زۆریان لە خورماتوو ژیاون، کرستیانەکان تەنها 63 کەس بوونە. وادیارە کاکەکییەکانی داقوق لە گەڵ موسوڵمانەکاندا ناونووس کراون.
پێدەچێت لە نێو دانیشتوانی شارۆچکەکاندا بەتایبەتی داقوق و خورماتوو ژمارەی تورکمان زۆرینەی ڕەها بێت. من لە پەنجاکان لە قوتابخانەی ناوەندی داقوق خوێندوومە، ئەو دەمە دانیشتوانی داقوق هەموو تورکمانی شیعە بوون لە چەند ماڵێکی کەمی بەکتاشی. بەڵام دانیشتوانی ئاواییەکانی بە ڕێژەی 80٪یان کورد بوونە، هەرچی قادرکەرەمە بە ناوەند و گوندەوە هەموو کورد بوونە. لە بەر ئەوەی لە سەرژمێرییەکە باسی پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتوان نەکراوە، بۆیە ئاسان نیە لێرەدا بەژمارە باسی کورد و تورکمان و عەرەب بکەین. لە هەموو حاڵەتێکدا پێموایە لەو ژمارەیە ژمارەی کورد پەنجا هەزار کەمتر نەبووە و عەرەب بە ژمارە زۆر کەم بوونە و هەندێ فەرمانبەری دەوڵەت و چەند ئاواییەکی لێدەرچێت لە هیچ کوێ نەبوونە. لە بەشەکانی داهاتووی ئەم وتارەدا باسی قەزا و ناحیەکانی دیکەی کەرکووک لە #کفری# و #چەمچەماڵ# دەکەم.
سەرچاوە:
المملکة العراقیة، وزارة الشوؤن الإجتماعیة، مدیریة النفوس العامة، إحصاء السکان لعام 1947، الجزء الثاني، لواء الموصل- لواء کرکوک- لواء ال#سلێمانی#ة- لواء أربیل، بغداد 1954.
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 2,972 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!