ئەمڕۆ، 20/10/2018، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ کران و بڕیاریان لەبارەوە درا.
کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گەلەکەمان لە بەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە. جڤاتی نیشتیمانی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشەو قەیرانانەی ڕوبەڕوی هاوڵاتیان بوەتەوە تاوتوێی بارودۆخی ئێستاو داهاتوی کرد.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و دەرهاویشتەکانی یەکێک بو لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە. هەروەها هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بە کارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بو.
هاوڵاتیانی کوردستان...
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕێژەی کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانیان و ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتوە. هەروەها نیشانەی نائومێدی دەنگدەرانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هەمو ئەو ساختەکاری و پێشێلکارییانەی لە لایەن #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە ئەنجامدران، کاریگەری و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی و ناووناوبانگی هەرێمەکەمان دروست کرد.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی هاوڵاتیانی کوردستان و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین کە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کرد. سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە شێلگیرانە کاریان بۆ سەرخستنی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان کرد. لە هەمان کاتدا داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین بۆ هەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک کە لەلایەن ئێمەوە بوبێ و کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست کردبێت.
جڤاتی نیشتیمانی لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن و بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم ڕادەگەیەنێت و هەمو بژاردەیەک لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بۆ پێداچونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و دەستورو دانانی نەخشەی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرجەم ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا.
بزوتنەوەی گۆڕان
#20-10-2018#