دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەپێی ئامارێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێم، کە وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە لەماوەی هەشت ساڵدا 52 هەزارو 946 هاوسەر لەهەرسێ شارەکەی #هەولێر#، #سلێمانی# و #دهۆک# جیابوونەتەوە، پارێزەرێکیش دەڵێت: ئه و ڕێژەیە لە جیابوونەوە مەترسیدارە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
بەپێی ئامارەکە له ماوەی هەشت ساڵدا ڕێژەی جیابوونەوە لە پارێزگاکانی هەرێم بە گشتی بەمجۆرە بووە: لەهەولێر 20 هەزارو 496 و لە سلێمانی 24 هەزارو 189 و لە دهۆک هەشت هەزار و 261 هاوسەر لەیەکتر جیابوونەتەوە.
لە ساڵی 2010 کە هێشتا یاسایی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرنەچووبوو لە هەولێر هەزارو 918 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوه و لە سلێمانی دوو هەزارو 430 حاڵەت و دهۆک 659، بەڵام لە ساڵی 2011 کە یاسایی توندوتیژی خێزانی لێدەرچوێنرا تەنها لە هەولێر ڕێژەی جیابوونەوە کەمیکردووە، بەڵام لە دهۆک و سلێمانی زیادیانکردووە کە لە خشتەکە ڕێژەکانی جیابوونەوە لە ساڵانی 2010 تا 2017دیاریکراوە.
پارێزەر ژوان عەبدولڕەزاق، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: گرنگترین هۆکارەکانی جیابوونەوەی ژن و مێرد بریتین لە بەکارهێنانی خراپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خیانەتی هاوسەرگیری و قەیرانی دارایی و کێشەی تەمەنی گەوره و بچووکی هاوسەران.
وتیشی: یاسای توندوتیژی خێزانی هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی ڕێژەی جیابوونەوەیە، کە پێویستە ئه و یاسایە هەمواربکرێتەوە، چونکە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوو کە یاسایی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێرانی دەرچووە، گەر بەراوردێک لە نێوان ساڵانی پێش دەرچوونی یاساکە بکەین لەگەڵ ئێستا دەبینرێت کە ڕێژەی جیابوونەوەی لە هەرێمی کوردستان زیاترە له ساڵای دەرچوونی پێش یاساکە.
ئه و پارێزەرە وتیشی: بەپێی ئەوەی کە یاسایی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەگەڵ دەرچوونی و دواتر جێبەجێکردنی لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە ئەم یاسایە کاریگەری ئەرێنی هەبوایە لە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە، بەڵام بەپێی دەرئەنجامەکان بە گشتی ئه و یاسایە نەبووەتە مایەی ئەوەی کاریگەری باشی هەبێت لە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران.
ئەوەشی خستەڕوو: لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕووی تێگەیشتن و هۆشیارییەوە بەره و پێشتر چووە، بەڵام ڕێژەکانی جیابوونەوە کەمی نەکردووه و لە دوای ساڵەکانی 2010 تا 2017 ڕێژەی جیابوونەوە کەمی نەکردووە، ئەوەش مانای وایە کە ئه و سزایانەی لە یاسایی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا هەن وەک خۆیان جێبەجی نەکراون، هەروەها خودی یاساکەش لە ڕووی گونجان لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی نامۆیە، بۆیە هەموارکردنەوەی یاساکە لەم خولەی پەرلەمان گرنگە.
لای خۆشیەوە پارێزەر ڕێبین سەباح، کە پڕۆژەیەکی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوە ئامادەکردووە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: بە لای یاساناس و پارێزەران نزیکەی 53 هەزار حاڵەتی لێکجیابوونەوە ڕێژەیەکی یەجگار زۆرو مەترسیداره و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
ئه و پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد: لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە کە زۆرینەی حاڵەتەکانی جیابونەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجانی هاوسەران لەگەڵ یەکتری که هۆکاری ئەمەش بریتیە لەوەی کە زۆرینەی کوڕان و کچان کاتێک پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن هیچ هۆشیارییەکی ئەوتۆیان نییە کە ببێتە ڕێنیشاندەریان لە ژیانی هاوسەرگیریدا یان بە شێوەیەکی ڕونتر ئەوان ئامادەکراو نین بۆ ئەو پرۆسەیە.
رێبین سەباح ئەوەشی خستەڕوو: وەک پارێزەرێک پڕۆژەیەکیان ئامادەکردوە کە لە سنوری هەر دادگایەکی باری کەسی تایبەتمەند بە بابەتی هاوسەرگیری چەند بنکەیەکی هۆشیاری و ئامادەکردن دابنرێن بۆ مەبەستی ئەوەی کاتێک هەر کوڕو کچێک کە داواکاری ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری پێشکەش دەکەن لەلایەن دادگاکانەوە ڕەوانەی ئەم بنکانە بکرێن، تا لە چوارچێوەی خولێکی چەند ڕۆژە لەلایەن پسپۆڕانی یاسایی و کۆمەڵناسی و ئاینییەوە بەڕیوەبچێت و لەوێدا هۆشیار و ئامادە بکرێن بۆ پڕۆسەی ژیانی هاوسەرگیری و ئاشنا بکرێن بەو ژیانە نوێییەیان و فێری چۆنیەتی مامەڵەکردن و خۆگونجاندنیان بکەن لەگەڵ یەکتری.
ناوبراو وتیشی: دوای تەواوبوونیان لە خولەکەو بە نوسراوی ڕەزامەندی ئەو بنکەیەی کە خولەکەیان لێ ئەنجامداوە، ئەوکات دادگاکان گرێبەستی هاوسەرگیرییان بۆ پەسەند بکەن، هەرچەندە ئەم بابەتە پێویستی بە تۆزێک ئیمکانیاتی مادی و مەعنەوی هەیە، بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو ڕێژەی جیابونەوە (تەڵاق) زۆر کەمدەبێتەوە.
رێبین سەباح ئاشکراشیکرد: پڕۆژەکەیان ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری هەریم دەکەن و دواتر گەر گونجا وەک پڕۆژەیاسایەک ئاراستەی لیژنەی یاسایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
بە بۆچوونی ئابووریناسێکیش بەشێکی گرنگی هۆکارەکانی جیابوونەوە پەیوەندی بە خراپی باری دارایی خێزانەوە هەیە و دەڵێت: لە بەڕێوەبردنی ژیانی ئاسایی هەرکاتێک بە خراپی ڕۆیشت کێشە لەناو خێزان دروست دەبێت.
هاوکات د. ئەحمەد عەزیز مامۆستای ئابووری بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو: دروستکردنی کۆمەڵگە دەبێت لەسەر بنەمای ئابووری بنیاتبنرێت، بەتایبەت ئێستا لەجیهاندا کار لەسەر ئەم سیستمە دەکرێت، بۆیە دروستکردنی خێزانیش دەبێت پێش ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامبدرێت، لایەنی ئابووری ئه و خێزانە باش بێت و داهاتی مانگانەی دیار بێت کە ئاخۆ به و بڕە داهاتە دەتوانن خێزان بەڕێوەببەن.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#04-12-2018#