#وەزارەتی ناوخۆ#ی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە لەبارەی نووسراوێک دەردەکات کە پێشتر ئاراستەی پارێزگای #دهۆک# کرابوو بۆ خەرجییەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک و ڕایدەگەیێنێت: وەزارەت پارەکەی خەرجنەکردووە، بەڵکو تەنیا پارێزگای دهۆکی لە ڕەزامەندییەکە ئاگادارکردووەتەوە.
پێشتر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی زۆریان لەبارەی نووسراوی تایبەت بە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە کردبوو کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئاراستەی پارێزگای دهۆک بۆ حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک کرابوو.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە پارێزگاکان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە نووسراو ئاراستەی وەزارەتەکان دەکەن. ئەم نووسراوەش هی سەردەمی کابینەی هەشتەمە کە پارێزگای دهۆک داوای ڕەزامەندی کردبوو لە #وەزارەتی دارایی# و وەزیری پێشووی داراییش داوای کردبوو لە سەر بودجەی پارێزگا پارەکە خەرجبکرێت. بەڵام پارێزگای دهۆک وەڵامی نووسراوەکەی دابووەوە کە بودجەی پێویستیان نییە. بۆیە دواتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕەزامەندی وەرگیراو لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە پارێزگای دهۆک ئاگادارکراوەتەوە لە ڕەزامەندییەکە.
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە وەزارەتی ناوخۆ پارەکەی خەرجنەکردووە، بەڵکو تەنیا پارێزگای دهۆکی لە ڕەزامەندییەکە ئاگادارکردووەتەوە.[1]