کۆمپانیای (إیران خودرو کومبانی) کە یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئێران، بەرپرسانی خۆی ڕاسپاردووە هەڵسەنگاندن بۆ دروستکردنی کارگەیەک لە شاری #وان#- لە باکوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی تورکیا بکەن.
بۆ ئه و مەبەستەش فەرشاد موقیمی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە یاوەری وەفدێک گەیشتووەتە وان و چاوی بە سەرۆک شارەوانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی شارەکە کەوتووە.
بەپێی ڕۆژنامەکە پێشبینی دەکرێت کارگەکە لەسەر ڕووبەری 50 هێکتار لە ناوچەی پیشەسازی وان دروستبکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا ببێتە هۆی دابینکردنی هەلی کار بۆ نزیکەی 1000 کەس.
لە پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ئایاری 2018، ئێران ڕووبەڕووی سزای ئابوری توند بووەتەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئه و وڵاتە و چالاکییە ئابورییەکانی و ژیانی هاووڵاتیانی دروستکردووە.[1]