راپۆرتی کۆنفرانسی ڕاوێژی گەل لە ستۆکهۆڵم:
کۆنفرانسی ڕاوێژی گەل تایبەت بە کار و خەباتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- #پژاک# ڕۆژی 29ی مانگی شوبات لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید بە بەشداری چەندین لایەنی سیاسی و کۆمەلێک کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی بەرێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و دەقەیەک بێدەنگی بۆ بەرزراگرتنی یادی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر لە لایەن هاوسەرۆکی پژاک بەرێز سیامەند موعینی نرخاندنی ڕەوشی سیاسی ئێستای ناوچەکە و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا.
هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بە گرینگی قۆناغی ئێستا وەکۆ دەرفەتێکی گرنگ بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەگەرەکانی دواڕۆژ کرد و جەختی لەسەر هەبوونی پرۆژە و ڕێگە چارەسەری کردەوە بۆ ئەوەی ئەزموونی شۆڕشی دەستبەسەرداگیراوی گەلانی ئێران دووبارە نەبێتەوە. هاوکات بۆ گەیشتن به و ڕاستیەش بەرێزیان جەختی لەسەر هاوخەباتی و یەکگرتوویی هەم لە ئاست هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە ئاستی گەل و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە کردەوە. هەروەها خەباتی هاوبەشی هەموو گەلانی ئێران و هێزی دیموکراتی سەرتاسەری ئێرانیش خالێکی دیکە لە قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک بوو کە بە گرینگ جەختی لەسەر کرایەوە.
لە بەشی دواییدا بەرێز ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار باسی لە ئامانجی کۆنفرانسەکە و گرنگی کەلک وەرگرتن لە بیر و بۆچوونی گەل و کۆمەڵگا هاوکات کەسانی شارەزا وخاوەن ئەزموون کرد کە بە پێکهێنان و پەرە پێدانی عەقلی گشتی کۆمەڵایەتی قۆناغی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتەوتر و تۆکمەتر دەبێت. هاوکات بەوهێزە گشتیە کە هێزی فکری و فیزیکی گەل بریاردەری یەکەمین بێت بۆ ئەو قۆناغە، باشتر دەتوانرێت لە بەربەرەکانی لەگەل دەسەلاتی داگیرکەری ئێران کەلک لە دەرفەتەکان وەربگیرێت و هەڕەشەکان پوچەڵ بکرێتە.
پاشان بەشداربووان نێرین و ڕامانی خۆیان لەسەر کارو خەباتی پژاک و ڕەوشی کوردستان و ناوچەکە هێنایە زمان، لەم چوارچێوەیەدا کۆمەلێک ڕخنە لەسەر شێوازی کار و خەباتی پژاک لە سەرجەم بوارەکان و گورەپانەکانی تێکۆشانی پژاک گیرا. هاوکات کۆمەڵێک پێشنیار و فکری باش بۆ دەولەمەندبوونەوەی تێکۆشان ئاراستەی پژاک کران.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکە دا بەڕێز سیامەند موعینی گوتاری کۆنفرانسەکەی پێشکەش کرد و گرینگی بەردەوامی ئەو شێوازە ڕاوێژکاریەی نێوان پژاک و گەلدا بە گرنگ و بە دەستپێکی قۆناغێک بۆ بەردەوامی ڕاوێژی گەل بۆ پژاک دەستنیشان کرد.
بەم بۆنەیەوە به ناوی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کۆمیتەی سوید، سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە لەم کۆنفرانسە ئامادە بوون، هەروەها بە ڕاوێژ و بۆچوونەکانیان هاوکات ڕەخنە و پێشنیارەکانیان کۆنفرانسەکەیان دەولەمەند کرد. بێگومان هەموو بیر و بۆچوونەکان به و پەری ڕێز و حورمەتەوە وەردەگیرێن و وەک بەرچاوروونی بۆ خەباتی دوارۆژمان ئاراستەی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک دەکرێن. هاوکات سوپاسی ئه و کەسایەتی و لایەنانەی کە بەهەر هۆیەک نەیانتوانی بەشدار بن، دەکەین و بێگومان نەهاتنیان بەواتای ئەوە نایەت کە دەرگای بیر و بۆچون و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان کراوە نەبێت.
له و چوارچێوەیەدا و بە باوەڕ به و ڕاستیەی کە لە قۆناغی هەستیاری ئێستاماندا دەتوانین بە هاوفکری و گوێدان بە بیر و باو ڕی جیاواز ڕێگەی سەرکەوتن و خوڵقاندنی فەزایەکی دیموکراتیک بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و شایستەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان خۆش بکەین.
کۆنفرانسەکە بۆ کار و خەباتی پارتیمان لە سوید لە شێوازی خۆیدا یەکەم جار و بێگومان وەک سەرەتایەک دەبینرێت بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونی گەل و چین و توێژە جیاوازەکان و داواکارین کە لەمەودوا لەرێگەی پەیوەندی بە خەباتکارانی کۆمیتەکان، یان بە ڕێگەی ئیمەیل و پەیوەندی بە نوسراو بە ڕەخنە و بۆچوون و پێشنیارەکانتان بەرچاو ڕوونی بدەن بە کار و خەباتی دواڕۆژمان.
سپاس و پێزانین
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-کۆمیتەی سوێد[1]
#02-03-2020#