پاش دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری وەرزی بەهارەی ساڵی دووەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی بە هەناسە توندی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەندێک قسەیان بەرامبەر بەڕێز هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتیمان ڕیز کردووە.
لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەڕێزیان پاشی دانیشتنەکە، بێ ئەوەی بەڕێزیان هیچ ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بهێنێت، بەداخەوە فراکسیۆنی یەکێتی هەندێ قسە و بابەتیان ڕیز کردووە، کە جگە لە چەواشەکاری و بە لاڕێدا بردن، هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت.
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان جێبەجێکردنی تەواوی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و گرتنە بەری ڕێککارە یاساییەکان بوون بۆ جێبەجێکردنی یاساکان. شپرزەیی فراکسیۆنی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوەکەیان بە جۆرێکە، دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری پەرلەمان کە لە ڕووی پەیڕەوی و بەرنامەی کارو نیسابی یاسایی و ڕێژەی دەنگدان و جێبەجێکردنی خاڵەکانی بەرنامەی کار بە پێی پەیڕەو، بە ساختە و نماییش بزانن.
دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی، هەر هیچ نەبوایە، لە بەر حورمەتی دامەزراوەی پەرلەمان کە سەرۆکەکەی هەڤاڵێکی سەرکردایەتی خۆیانە، جێبەجێکردنی پەیڕەو پابەند بوون بە یاساو بەشداری 58 ئەندامی بەڕێزی پەرلەمان بە نمایش و ساختە نەزانن.
دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی بە خەڵکی کوردستان بڵێت، ڕێگریکردن و کۆسپ درووستکردنەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی یاسایی و پەیڕەوی پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر تەشهیر و تۆمەت هەڵبەستن لە لایەن هەندێک لە ژێر پەردەی پارێزبەندی پەرلەمانی، گەمەی ناشیرین بوو.
دیارە شکستهێنانیان لەم گەمە ناشیرینە بۆ پێشێلی یاسا و ڕیگاگرتن لە جێبەجێبوونی پەیڕەوی ناوخۆ، تووشی هیستریای کردوون.
#پارتی دیموکراتی کوردستان# ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتی کردووە و چاوپۆشی لە بە زۆر خۆسەپاندن کردووە، بەڵام هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشێلی یاسا ناکات، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە لایەن دامەزراوە یاساییاکانەوە هەموو تواناکانی خۆی بۆ سەروەر بوونی یاسا خستووەتە گەڕ.
بەداخەوە، بەو نەفەس و سیاسەتە چەوتەی لە ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوتان گرتوتانە بەر زیان بە خۆتان و ئەزموونی کوردستانیش دەگەیەنن.
لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتی ئەوە دەکەینەوە بەڕێز جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێکاری سیاسەت و بڕیارەکانی سەرکردایەتی پارتیمانن بۆ سەرخستنی دامەزراوەی پەرلەمان و جێبەجێکردنی یاسابەرکارەکان و پەیڕەوی ناوخۆ.
پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکیکاری ڕاستەقینەی یاسا و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە بەو پێوەرەی کە زۆرترین متمانەی خەڵکی کوردستانی بە دەستهێناوە و هەموو بڕیار و سیاسەت و هەڵوێستەکانی لەم چوارچێوەیەدا بووەو دەبێت.
فراکسیۆنی پ.د.ک لە پەرلەمانی کوردستان
#07-05-2020#