تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانەوە، پەیامیکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە جەژنی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن و یەکڕیزی و ببێتە جەژنی یەکێتی نەتەوەیی کورد و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەو قەیرانەکان، داواشی لە هەموو لایەنەکان کردووە، بەدەنگ پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بچن.
ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەبۆنەی هاتننەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا، پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانانی کوردستان و جیهان کرد و هیوای خواست کە ئەم جەژنە ببێتە مایەیی ئاشتی و یەکڕیزی لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو کێشەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی گەل بووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: بەداخەوە ئەم جەژنە جیاوازترە لە جەژنەکانی دیکە بەهۆی بوونی پەتای کۆرۆنا و ئاڵۆزی سیاسی و قەیرانی دارایی کە لە ئێستادا بەرۆکی جیهانی گرتووەتەوە، عێراق و باشوری کوردستانیش ڕووبەڕووی کێشەی قوڵی سیاسی و ئابووری بووەتەوە، بە ڕادەیەک کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بژێوی ژیانی تاکی کومەڵگە داناوە ئەمەش وایکردووە خەڵکی وەک پێویست نەتوانن جەژن بکەن.
هەروەها هاتووە: بەداخەوە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانە نەبوونی بەرنامەو پلانی پێش وەختەی حکومەت بوو، بەمەش ئەرک و بژێوی کۆمەڵگەی قورستر و گرانتر کرد، نەبوونی بژێوی و کار و زەحمەتی ژیان و نەدانی مووچە بە مووچە خۆران بووە هۆی ئەوەی کە دەنگی ناڕازی لەنێوان چینی مووچەخۆران و کاسابکاران و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەرز ببێتەوە و داوای مافە ڕەواکانیان بکەن، بەڵام بەداخەوە لەبری پێدانی مافەکانیان و گوێگرتن لە داوا ڕەواکانیان، حکومەت دەستیکرد بە گرتن و زیندانیکردنی دەنگە ناڕازییەکان، بە تایبەت لە هەرێمی بادینان دا.
لە بەردەوامیدا هاتووە: تەڤگەری ئازادیی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لە مەیدانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و داوای ڕەوای خەڵکدا لە ڕیزی پێشەوەدا بووە، باجی ئەو هەڵوێستانەشی داوە کە زۆر ناڕەوایانە دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی و پێوانێکی ئەخلاقی و یاسایی زیاتر لە ساڵێکە هەڤاڵی ئێمە و ئەندامی ئەنجوومەنی هەرێمی #هەولێر# (ئیدریس سەلیم) لە زیندانەکانی هەولێردا زیندانی کراوە، تاوانی ئەو تەنها داکۆکیکردن بووە لە دەنگی ڕەوای خەڵک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدا بە بەردەوامیی قەیرانەکان دراوە و هاتووە: لەگەڵ هەموو ئەم قەیرانانەدا لە بری ئەوەی حکومەت بەرنامەو پلان دابنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەوڵدەدات کێشەو قەیران بە کێشەو قەیرانێکی دیکە پەردەپۆش بکات، لەلایەک هێز بۆ زینی وەرتێ دەنێرێت، لە لایەکی دیکە کێشە بۆ پەڕلەمان دروست دەکات و پارێزبەندی لە پەڕلەمانتار دەسەندرێتەوە.
ئەوەش هاتووە: وەک تەڤگەری ئازادی هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە جەژنی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن و یەکڕیزی و ببێتە جەژنی یەکێتی نەتەوەیی کورد و چارەسەرکرنی تەواوی کێشە و قەیرانەکان، لەهەمانکاتدا داوا دەکەین لە تەواوی لایەنەکان بۆ ڕێگری کردن لە پیلانەکانی دووژمنان کە دەسکەوتەکانی گەلەکەمانی خستوەتە ژێر مەترسییەوە بەدەنگ پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بچن کە لەماوەی ڕابردوودا ئاماژەی پێکردبوو.[1]
#22-05-2020#