داواکاریی ئەمجارەی خۆپیشاندەران جیاوازە لە داواکارییەکانی پێشووتر. چونکە پێمانوایە ئەم حکومەتە نە چاکسازیی پێدەکرێ، نە مووچەی پێدەدرێ و تەنانەت ناشزانێت پرسیاری پۆلی دوانزە دابنێت.
بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو هەوڵانەی پێشوو، هەروەها هەموو ئەو فرسەتە یەک لە دوای یەکانەی کە دراونەتە دەسەڵات، ئەنجوومەنی ڕێکخستن و بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانی 12ی ئاب داواکاریی خۆپیشاندەرانی لەم خاڵانەدا چڕکردۆتەوە:
یەک - هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لەماوەی کەمتر لە شەش مانگ.
دوو - درووستکردنی حکومەتێکی کاتیی بۆ سەرپەرشتییکردنی هەڵبژاردنی داهاتوو.
سێ - هەڵوەشاندنەوەی ئەم کۆمسیۆنە حیزبییەی ئێستا و پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ و بێلایەن لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
چوار - هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەنجوومەنی دادوەریی و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی تر بە بەشداریی دادوەرە سەربەخۆکان و دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە سیستمی دادوەریی و دادگاکان.
لە کۆتاییدا داوا لە هاوڵاتییانی ئازیز دەکەین چیتر ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان قبوڵ نەکەن، چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەم هەمو زوڵم و ناحەقییەی کە دەکرێت بەرامبەر بە خەڵک و هاوڵاتییان، چونکە ئێستا خراپترین دۆخە کە خەلکی هەرێمی کوردستانی تێدا دەژین.
ئێستا کاتی ئەوەیە هەمووان پێکەوە دەست لە ناو دەست بکەین و برژێنە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافی خۆمان.
لە بیریشمان نەچێت، هەر گەلێک ئامادەنەبێت یەکجار باجی سەربەرزیی بدات، ئەوە
دەبێت تا مردن باجی ژێردەستەیی و زەلیلیی بدات.
ئەنجوومەنی ڕێکخستن و بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانی 12 ی ئاب
2020/8/10