رۆژی چوارشەممە 12-8-2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە ڕاگەیێندراوی دوای کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران لەکاتێکدا هەوڵەکانی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە باشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە پێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، هەموو مەرجەکانی حکومەتی فیدراڵ کە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ کراوە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت کە ئەمەش وایکردووە حکومەتی هەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بکات، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێکی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، سەرەڕای ناهەمواریی بارودۆخی تەندروستی.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی کە بۆی خەرجدەکرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لەنێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق نەکرێ لە خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەمەش دەستووری عێراق وەک بنەما جێگیری کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران بە تووندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حکومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات و ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستوور دووپات دەکاتەوە و شاندی باڵای دانوستاندنکاریشی ڕاسپارد درێژە بە دانوستاندنەکان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە ڕێککەوتن بە تایبەتیش کە لە ماوەی ڕابردوو هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دەستوورییەکانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدراڵیە لە بەرامبەردا ماف وشایستەی دارایی هەرێم ڕانەگرێت.
هەروەها داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە داکۆکی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لە سەرەتای حەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میکانیزم و چۆنیەتی دابەشکردنی مووچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت بەپێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستە.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد، بەداواداچوون بۆ گرفت و کێشەی دەروازە سنوورییەکان بکەن لە پێناو ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچی و کارێکی نایاسایی کە لەو دەروازانە ئەنجام بدرێت.[1]