ناو: خدر
ناوی باوک: حەمەد خدر
نازناو: خدر خۆشناو
خدر خۆشناو-گۆرانیبێژ
نووسینی: خالید عومەر عوسمان
ناوی تەواوی (خدر حەمەد خدر) ە، ساڵی 1961 لە گەڕەکی خانەقای شاری #هەولێر# لەدایک بووە، تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە لە قوتابخانەی سۆران لە هەولێر، لە قوتابخانە ڕۆژانی پێنجشەممە بۆ بەرز کردنەوەی ئاڵا سروود و گۆرانی گوتووە بە هاوکاری مامۆستا ی هونەرمەند چەتۆ حەسەن ئەو کات لە گۆڕەپانی قوتابخانە ئۆکۆردیۆنی بۆ دەژەنی، پاشان لە ساڵی 1973 لەگەڵ ماڵی خوشکی دەچێتە #حاجی ئۆمەران# لەوێ دەخوێنێ پاشان لەگەڵ نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ئاوارەی ئێران دەبێت و لە ئۆردوگای زێوە ژیانی ئاوارەیی بەسەر دەبەن و پۆلی 6ی سەرەتایی تەواو دەکات، پاشان لە ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە ئێراق، ئەو کات ڕژێمی بەعس ئەوەی لە ئێران بگەڕابوایەوە ساڵێکی خوێندنیان بۆ هەژمار نەدەکردن و پۆلێکیان کەم دەکردنەوە، خدر خۆشناو لەو کاتەوە واز لەخوێدندن دەهێنێت و دەست دەکات بە کارکردن و خەریکی پیشەی ئاسنگەری دەبێت، ساڵی 1978 خولیای هونەر و گۆرانی وتن دەبێت، ساڵی1980 دەچێتە ڕیزی سەربازی، ساڵی 1982 ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت و 3 کوڕ و 5 کچی هەیە، ساڵی 1984 لەگەڵ کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی/ هەولێر گۆرانی (ئەی دڵ یار ڕۆیی) بۆ تەلەڤزیۆنی #کەرکووک# تۆمار دەکات، لەگەڵ کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی لە ساڵانی هەشتاکان و لەگەڵ هونەرمەندان (کەریم بایز و پەروین شازادە) هەفتانە لە بەغدا ئاهەنگیان گێڕاوە، پاشان بەردەوام دەبێت و زیاتر لە هونەری میللی ئەسپی خۆی بەشێوەیەکی زۆرچاک تاودەدات، پاش ڕاپەڕینیش دەورێکی گرنگی هەبوو لە هونەری شۆڕشگێری بە تۆمارکردنی چەندین سروود و گۆرانی، هونەرمەند هەر لە منداڵییەوە خولیای بەخێو کردنی باڵندەو پەلەور بووە و گرنگی تەواوی پێداوە، هونەرمەند (خدر خۆشناو) ئەندامی تیپی هونەری میللی هەولێر بووە، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوردی مەڵبەندی گشتی هەولێر بووە، بەداخەوە لە #27-08-2020# بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژاوای هەولێر گیانی پاکی سپارد و ماڵ ئاوایی لە خزم و دۆستان کرد و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بەخاک سپێردرا.
ئەم ژیاننامەم لە (ئازاد) ی برای وەرگرتووە لە 2021/7/23[1]
خدر خۆشناو لە ساڵی 1961 لە شاری #هەولێر# لە دایکبووە. لە ساڵی 1978 دەستی بە گۆرانیوتن کردووە. ئەندامی تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بوو. خدر خۆشناو خێزاندار بوو، باوکی پێنج کچ و سێ کوڕ بوو.
ڕۆژی #27-08-2020# بەهۆی کۆڕۆناوە کۆچی دوایی کرد.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 1,939 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!