نوسینی:-#ئارەزوو نوری حەکیم#
هۆشداری لە پەرەسەندنی “زینای محارم” دەدرێت
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: ئەوانەی لە پشت دەرگا کڵۆمدراوەکانەوە نهێنیی دەستدرێژیکردنە سەریان دەشارنەوە تووشی خەمۆکی دەبن
“بەمزوانە دەست دەکەین بە پۆستەکانمان”، “چیرۆکەکانتان بنێرن با هەموو سوودی لێ وەربگرین”، “کێ چیرۆکی سێکسی هەیە لەگەڵ خوشکی و پووری بۆمان بنێرێت وەک خۆی بڵاوی دەکەینەوە”، “من کوڕێکم تەمەنم 30 ساڵە ناوم ئامانجە ئادمینی پەیجی (….) کێ دەبێتە هاوڕێم بۆتێرکردنی حەزی سێکسی”… ئەمانە بەشێکن لەو پۆستانەی لە ژمارەیەک پەیجی تایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاوکراونەتەوە. لەو پەیجانەدا وێنەی نیمچە ڕووتی وروژێنەری ئەستێرەکانی پۆڕن، چیرۆک و گێڕانەوەی وروژێنەر و سێکسیانە بڵاوکراونەتەوە. کە زۆربەی چیرۆکەکان ئاماژە بۆ سێکس کردن لەگەڵ (خوشک، دایک، پوور، کچی دراوسێ، دەستەخوشکی خوشک، براژن) دەکەن و بە زمانێکی سادە و داماڵراو قسە لەسەر ئەو لادانە کۆمەڵایەتییە دەکەن، کە بە ڕای ژمارەیەک لە پارێزەر و شارەزایانی کۆمەڵناسی و چالاکانی بواری مافەکانی ژن خەریکە دەبێتە دیاردە و حاڵەتەکان لە فۆرمی جیاوازدا لە ناوچە جیاجیاکان دووبارە دەبنەوە. ئەمە ئەو مەترسییە گەورەیەیە کە هەڕەشە لە کیانی خێزان لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناویشیاندا کۆمەڵگەی کوردی دەکات. لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی میسر لە دژی هەندێک لەو درامایانە هاتنە دەنگ، کە لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ پەخشکران. دیارترین ئەو درامایانەی ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەوە، درامای “البرنس” لە سیناریۆ و دەرهێنانی “محمد سامی” و درامای “خیانة عهد” لە نووسینی “ئەحمەد عادل” و “ئەمین جەمال” و و دەرهێنانی “سامح عەبدولعەزیز” و درامای “وش100” چیرۆک و سیناریۆی “ئەحمەد وائل و عمرو ئەلدالی” و دەرهێننانی “کاملە ئەبو زکری” بوو. لەو بارەیەوە پەرلەمانتاری میسری “نبیل بولس” ڕۆژی 20ی ئایاری ڕابردوو بە ڕۆژنامەی “الاخبار”ی لوبنانی ڕاگەیاند، “ئەو درامایانە هانی توندوتیژی خێزانی و زینای محارم” دەدەن. هەندێک پێیان وایە لێکەوتە زیانبارەکانی ئەو جۆرە درامایانە، بوونەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەی عێراقیدا بە گشتی. هەروەها بەردەستبوونی سایتە پۆڕنەکان و نەبوونی سانسۆر لەسەریان هۆکارێکی دیکەی ئەو کێشەیەیە.لەو بارەیەوە، “ئەسعەد عەبدوڵڵا عەبدولعەلی” نووسەری عێراقی لە وتارێکدا پێی وایە “پڕۆژەیەکی گەورە بۆ برەودان بە زینای محارم” لە عێراقدا کاری لەسەر دەکرێت. ئەو جگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دراما تورکییەکانیش کە دۆبلاژ کراوون بۆ کوردی و عەرەبی و لە کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەخش دەکرێن، بە تایبەتی درامای “خۆشەویستی قەدەغە”ی تورکی، کە تێیدا گەنجێک پەیوەندی سێکسی لەگەڵ مامۆژنی درووست دەکات، بە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەزانێت.
Arazw Nori
لە سایتە پۆڕنە بیانی و عەرەبییەکان، ڕۆژانە گرتەی سێکسی و وروژێنەری ئەو بەکارهێنەرانە ئەپلۆد دەکرێت، کە لە ڕێی مۆبایلەوە دزەیان پێدەکرێت، یاخود بەکارهێنەرەکان خۆیان ئەپڵۆدی ئەو سایتانەی دەکەن لە پێناو بڕێک پارەدا، یان بۆ شکاندنی کەسایەتی ئافرەتەکان. هەمان ئەو گرتانە جارێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، لانیکەم بەکارهێنەران یەکتر لە بوونیان ئاگادار دەکەنەوە. هاوکات ڕۆژانە چەندین چیرۆکی سێکسی لە بارەی “زینای محارم” بە زمانە جیاجیاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان برەویان پێدەدرێت. ڕێکەوت ڕەشید محەمەد، پارێزەری یەکێک لەو دۆسیانەی تایبەت بوو بە “زینای محارم” و قوربانییەکان دۆسییەکەیان لە دادگا بردەوە، لە لێدوانێکدا گوتی: “وەک پارێزەر ڕۆژانە بەرخوردم لەگەڵ ئەو جۆرە دۆسیانە هەیە، کە تاوانەکەیان زینای محارمە”. ئەو گوتیشی: “بە دڵنیاییەوە ئەو تاوانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە حاڵەت نەماوەتەوە و ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەوەش مەترسییەکەی زیاتر کردووە”. ئاوێزان نوری، چالاکوانی بواری مافەکانی ژن، لە 2018 پەردەی لەسەر تاوانێکی “زینای محارم” لە #کەرکووک# هەڵماڵی. ئەو لە نزیک پەنجەرەیەکی ژوورە دەرگا کڵۆمدراوەکەیان گوێی لە سکاڵای دوو کچی (16 ساڵ) و (26 ساڵ) گرت، کە باوکیان بەوە تۆمەتبار کرد، بەوەی “ماددەی کهولی و حەپی مەستیی دەخوات و پەلاماریان دەدات و زینایان لەگەڵ دەکات”. ڕێک وەک ئەوەی لە چیرۆکە سێکسییەکاندا برەوی پێدەدرێت، پاڵەوانی ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوانە، وا وێنا دەکرێن، کە چێژ لەو لادانە سێکسییەیان دەبینن و وێنای قوربانییەکان، کە مەحارمی خۆیانن بە “پەری” دەکەن و لە دوای کۆمەڵێک وەسفی ئەندامانی جەستەی مەحارمەکانیان، باسی چێژی دووبارە دەکەن و گرێی چیرۆکەکە دەخەنە کۆتاییەوە و دەڵێن: “ئیتر چەند جاری تر بەیەکەوە خەوتین.. خۆشیمان بینی.. ئەو منی زۆر بە دڵ بوو.. منیش بەڵێنم دا نهێنییەکەی نەدرکێنم”، ڕێک وەک گفتوگۆی ئەو دایکەی لە فیلمێکی فەرەنسیدا، زینا لەگەڵ کوڕێکی خۆی دەکات و پێی دەڵێت: “ئیتر من تۆم لە هەمووان زیاتر خۆش دەوێت و نازی زیاترت پێ دەدەم و هەستی تایبەتترم بۆت هەیە و تۆ جیاوازی لە خوشک و براکانت”. ئاوێزان نووری چالاکوانیی ژن، بەرپرسی سەنتەری پەناو سەرپەرشتی کەیسەکانی سەنتەری “پەنا” لە شاری کەرکووک دەکات، زیاتر لەو بارەیەوە دوا و ئەو بڕوای وایە، هۆکارەکانی بوونی ئەو کێشانە بۆ کێشەی ئابووری وەک نەبوونی ژووری جیا بۆ گەنجانی تازەپێگەیشتوو، لاوازی ڕۆشنبیری سێکسی، چەپاندنی سێکسی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە. لە بارەی دۆسییەی دوو خووشکەکەی کەرکووکەوە ئەو زانیاری زیاتری خستەڕوو و گوتی: ئەو کچانە دایکیان بە تۆمەتێک لە #هەولێر# دەستگیرکرابوو، لە چاکسازی گەوران ماوەی حوکمەکەی تەواو دەکرد، باوکیان ئەوەی بە دەرفەت زانیبوو، سەرەتا لەگەڵ کچە (16 ساڵ)ییەکەی زینای کردبوو، کچەکە هەرچەند بە پوورێکی و خوشکە گەورەکەی وتبوو، بەڵام بڕوایان پێ نەکردبوو. باوکەکە بەوەوە نەوەستابوو، دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەر کچە گەورەکەی خۆی، تا ڕادەی بێهۆشبوون ئەشکەنجەی دابوو. کاتێک پەیوەندیان پێوە کردم، چوومە ماڵیان و بینیم دەرگایان لەسەر کڵۆم دراوە و لە پەنجەرەی ژوورەکەیانەوە قسەیان بۆ کردم. ئاوێزان نووری، لایەنە ئەمنییەکان لەو ڕووداوە ئاگادار دەکاتەوە و دوای دەستبەسەرکردنی، باوکەکە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بە توندی دژیان دەوەستێتەوە. ڕێکەوت ڕەشید وەک پارێزەری ئەو دۆسیەیە گوتی: ئەم دوو کەیسە یەکێکن لەو سەدان حاڵەتانەی زینای مەحارم کە خەریکە لەحاڵەتەوە دەبێتە دیاردەو زۆربەیان بەهۆی حەیاو ئابڕوو پەردەپۆش دەکرێن و ڕێژەیەکی کەم ڕوو لەدادگاکان دەکرێت بۆ چارەسەرکردنیان”. ئەو گوتیشی: “سەرەتا باوکەکە نکوڵی دەکرد، بەڵام قوربانییەکان دیمەنی دەستدرێژییەکانیان بە مۆبایل تۆمار کردبوو، وەک بەڵگەیەکی بەهێز خستیانە بەردەست دادگا و دادوەر بڕیاریدا بەڵگەکان پیشانی تۆمەتبار بدرێن بۆ ئەوەی چیدیکە نکوڵی لە تاوانەکەی نەکات”. ئەو پارێزەرە خۆشحاڵ بوو بەوەی قوربانییەکان بێ باک بوون لە بە تاوانبارناسینی باوکیان و نەیاندەویست چیدیکە لە ئاست ئەو تاوانەدا بێدەنگ بن. سەرەنجام دادگا بە گوێرەی بڕگەی چوارەم لە ماددەی (393) لە یاسای سزادانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد و لە تەمیزیش بڕیارەکە پەسەند کرا. ئەو پرسیاری ئەوەشی وروژاند دەبێت چەند قوربانی دیکەی هاوشێوە لە کۆمەڵگە هەبن و لە ترسی زڕانی ناوبانگ و ئابڕووچوون ناچار بن بێ دەنگی لە ئاست ئەو تاوانانە بکەن کە دەرهەقیان دەکرێت. ئازاد جەلال، توێژەری کۆمەڵایەتی و سەرنووسەری گۆڤاری “خود” کە گۆڤارێکی تایبەت بە ڕۆشنبیری سێکسییە، پێی وایە ئەو کەسانەی بە منداڵی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر، کاتێک گەورە دەبن، گرێیەکی دەروونیان بۆ درووست دەبێت و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە خۆیان لەو گرێیە ڕزگار بکەن. ئەو ئافرەتانەش کە لە لایەن مەحرەمەکانیانەوە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و دایدەپۆشن، تووشی خەمۆکی دەبن. ئەو پێیشی وایە، ئەو جۆرە تاوانانە پەیوەندیان بە ئاستی هۆشیاری خێزانیی کوردەوە هەیە. ژینگەی خێزانی کوردی لە ڕابردوودا لەبار نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی تەندروست لە ڕووی پەروەردەی سێکسییەوە. ئەوەی جاران لە ژێر پەردەی ئابڕوو و شەرم دەشاردرایەوە، ڕەنگە ئێستا ڕێگەیەکی هەبێت بۆ دەرخستن و بڵاوبوونەوە، ئەوەی بەکارهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندی و سۆشیال میدیایە، کە بەکارهێنەر دەتوانێت بە ناوی خوازراو ئەو چیرۆکانەی ناخی و ئەو خەیاڵە سێکسیانەی هەیەتی بیانخاتەڕوو و لەوەوە زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی زۆرترین کەس لاسایی بکەنەوە و لانیکەم ئەو لادانە سێکسییە بە ڕووداوێکی ئاسایی و سەرچاوەیەک بۆ خۆخاڵیکردنەوە ببینن و دوای ئەنجامدانیشی هەست بە تاوان نەکەن. وەک ئەوەی ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئاماژەی پێکرد.[1]