جروانە لە شێخان کۆنترین بەنداوی شوێنەواری جیهان
🔹بەنداوی جروانە کە بە کۆنترین بەنداوی شوێنەواری لە هەموو جیهان دادەنرێت بە دووریی پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی شێخانەوە.
🔹ئەم بەنداوە کە مێژووەکەی سێ هەزار ساڵە، لە سەردەمی پاشا سەنحاریبی ئاشووری (705_681ی پیش زایین) دروست کراوە. 🔹ئاسەواری ئەم بەنداوە بە درێژیی 280 مەتر و و پانیی 22 مەتر و بەرزیی نۆ مەتر لەسەر زەوی لێی بە جێ ماوەتەوە کە ئەمە تەنها ئەو بەشەیە کە بە چاو دەبینرێت، بەڵام دەکرێ بەنداوەکە زۆر لەوەی کە باسی دەکرێت، گەورەتر و پانتر بێت، ئەگەر بێت و کاری پشکنینی شوێنەواریی بۆ بکرێت.
🔹جروانە، کە تەنها 10 کیلۆمەتر لە شوێنەواری خنسەوە دوورە، بە شێوازێکی ئەندازەیی جوان و ڕێکوپێک دروست کراوە و نزیکەی دوو ملیۆن پارچە بەرد تێیدا بەکار هاتووە و هەموو بەردەکان لە چیاکانی دەوروبەری ناوچەکەوە دەرهێنراون و بە شێوازێکی ئەندازیاری و ڕێکخراو تاشراون و لەسەر و تەنیشت یەک دانراون.
🔹پرۆژەی دروستکردنی ئەم بەنداوە دەکرێ بە گرنگترین پرۆژەکانی سەردەمی سەنحاریبی ئاشووری دابنرێت کە بە ماوەی ساڵێک و سێ مانگ بە بەردەوامی کاری تێدا کراوە تا تەواو بووە.
بە گوتەی شوێنەوارناس کۆڤان ئیحسان ئەم شوێنەوارە بۆ یەکەم جار لە ساڵی1845
لە لایەن شوێنەوارناسی بیانی (لەیارد)ەوە دۆزراوەتەوە و لەبارەیەوە نووسیویە.
بەڵام ئەو شوێنەوارناسە نەیزانیوە کە ئەم شوێنەوارە بە چ مەبەستێک دروست کراوە، لە پاش لەیارد چەند شوێنەوارناسی تری وەک (ترو دان جان) و (لێهمان هاپت) سەردانی شوێنەکەیان کردووە
🔹لەبارەی ناوی جروان، یان جروانە شوێنەوارناسان دوو بۆچوونیان هەیە یەکەمینیان کە لە چەندین سەرچاوەی عەرەبییەوە هاتووە، دەڵێ جروانە بەناوی مەجرایەکی ئاو هاتووە، واتا مەجرایەک هەبووە بەناوی جروانە کە پڕ ئاو بووە و بووتە هۆی بە پیت و بەرەکەتبوونی ناوچەکە. بۆچونی دووەم دەڵێ لە زمانی کوردیدا وشەی چروان هەیە کە بە واتای جراندن یان چراندن هاتووە و بەو شوێنەی کە بەنداوەکە لێی دروست کراوە گوتراوە کە شوێنێکی پڕئاو و سەوزایی بووە بۆ لەوەڕی ئاژەڵ.[1]