عەدێ و مەدێ 8
دوو سێ ڕۆژ بە سەر ئەو وەزعەی تێپەڕی، گۆتم وەچاکە سەرەکی لە بازاڕی بدەم، بزانم یەک دوو برادەران نابینم، هاتمە دەرێ دەبینم ڕێزە کورسیەک لە پێش ماری مەدێی داندرایە، عەدێ و مەدێ دانیشتینە و شەش حەفت جاحێریش دەورەیان لێداینە، چونکە ڕێم بە کنە وان دابوو، مەجبور بووم سەلامیان لێبکەم، سەلامیان جواب داوە و مەدێ گۆتی : وەرە مامەستا وەرە بزانە عەدێ چی بەسەر هاتیە ! گۆتم : ئیشاڵلا هیچی بەسەر نایێ و ئەمن بڕەک بە پەلەمە و دەبی بڕۆم، عەدێ هەستاوە و گۆتی : بە نامووسم ناڕۆیی، هەستە کورە لە سەر ئەو کورسیەیی و جێی مامەستای بکە ! جاحێرەکە یەکسەر هەستاو ئەمنیش مەجبور بووم دابنیشم، بەخێراتنیان کردم و مەدێ یەک بە دەنگی هاواری کرد : ئەسمەرۆک چایەکی یەک ڕەنگی شیرین لۆ مامەستای بینە !
چایە وەکی تەلقەی لە پێشم داندرا و مەدێ گۆتی : دە دەست پێکەوە عەدێ دەست پێکەوە، بزانین چت کرد لە هجومەکەی ؟ گۆتم : هجومی چ ؟ مەدێ گۆتی : گێی بدێ بزانە چی بەسەر هایە !
عەدێ چیلکە دارەکی بە دەست بوو، جیقنەکی مریشکی لە عاردی بوو لە پێشە مە، عەدێ چیلکە دارەکەی لۆ جیقنەکەی درێژ کرد و گۆتی : ئەوە جەماعەتی داعشی بوون، هەموو خۆیان پێچابوو بە تی ئێن تی و ئاگریان لە نیوچەوانی دەباری ! گۆتم : ئێ دوایێ ؟ پارچە بنیشتەک بە عاردی وەنووسابوو، گۆتی : ئەو بنیشتەش ئەمە بووین، مەدێ گۆتی : وەڵلا ئەو قسەی ئەتوو لێدەکەی ئەنگۆ و ئەوان زۆر لێک نێزیک بووینە ! عەدێ چیلکە داری بە قونکە جغارەکی وەنا کە تازە فڕێ درابوو، گۆتی : ئەو دۆرەمان بەین بوو ! وەختەکی مێشەک فڕی و هات لە سەر کەپووی عەدێی نیشت، گۆتم : هەبی و نەبی ئەوەش تەیارەی هاوپەیمانان بووە.! عەدێ بە توندی ئاوڕی لە من داوە و گۆتی : دەرێی ڕادەبوێری ؟ گۆتم : لۆ ڕادەبوێرم، ئەدی هاو پەیمانانیش بە تەیارەی لێیان نەدەدا ! مەدێ گۆتی : عەدێی برام سوالفەی خۆت تەواو کە و گێ مەدە مامەستای، ئەوە نە تێدەگا و نە دەیەوێ تێبگا ! عەدێ گۆتی : بە خوای ڕاست دەکەی مەدێی برام، ئەوانە قەت دان بە ڕاستیەکان نانێن..
هەتا ئەمن چایەکەم تەواو کرد عەدێ چیلکە داری لە سەر جیقنەی دەبردە سەر بنیشتی و لەویش دەیبردە سەر قونکە جغارەیی و بە کەیفی خۆی تەحلیلاتی دەکرد و قارەمانەتی خۆی دەگێڕاوە لەو شەڕەی..! دیار بوو ئێک لە مندارەکانی مەدێی زۆری گێی لەو درۆیانە ببوو، لۆیێ خۆی پێ ڕانەگیرا و گۆتی : باشە مامە، ئەدی لۆ وەکی ئەمە هاتین، ئەتوو خۆت لە پشت سەیتەرەی مامزاوەی مات کردبوو ! عەدێ ئەعسابی نەماو ڕەنگی تێکچوو، هەر ئەوەندەی پێما ڕوو بووە تاکە پێراوەکی و لە پێی کردەوە و ڕایوەشاندە کوڕەکەی مەدێی و گۆتی : هەی خوێڕی، ئەتوو ئیللا دەبی گووی لە ئیشەکەی بکەی، کوڕەکە لە قریتەی پێکەنینێی دا و دەرپەڕی.! ئەمنیش هەستام و ڕۆیشتم، عەدێ گۆتی : کێوە مامەستا هێشتا شەڕەکەم تەواو نەکردیە و مایتی ! گۆتم : تەواو لەوی گەیشتم، بەران وەکی هێوارێ هاتمەوە تەحلیلەکی ئەفغانستان و تالیبان و ئەمریکا و ئێرەم لۆ بکە، پێدەچێ لۆ وێندەرێش ئەتوو قسەت هەبی.!
مایتی...[1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 769 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!