عەدێ و مەدێ 33
خار هەستاوە و نێزیک بۆوە لە وەکیل وەزیری و گۆتی: ئەتوو بەچ هەقەک ئەو گۆلکەت لۆ وەزیری ناوخۆ نارد؟ ئەویش گۆتی: وەڵلاهی گۆلکەکی زۆر خڕ و پڕ بوو لۆیێ! خار گۆتی: یان ئیشەکت بە وەزیری ناوخۆیە و دەتەوێ لۆت بکا؟ وەکیل وەزیر بڕەک بێدەنگ بوو، ئەوجە گۆتی: یەعنی! خار گۆتی: برێ چ ئیشت پێی کەتیە؟ گۆتی: وەڵلا پڕۆژەکی گەورە دەرچووە لۆ وەزارەتی ناوخۆ، حەزدەکەم وەزیر بیداتە من و ئیللەڵلا و بڕایەوە! خار گۆتی: خێرەکەی کوە؟ وەکیل گۆتی: بەلای کمی سەت ملیۆن دۆلار دەبی! خار گۆتی: ئەگەر ئەمن بکەیە شریک ئەمنیش هاوکاریت دەکەم! وەکیل گۆتی: کوو؟ خار گۆتی: ئەتوو بە وەزیری برێی ئەو پڕۆژەی بدە من ناتداتێ، بەران ئەگەر پێی برێی بداتە من، ئەوە بەشی هەر سێکمان دەکا، ئەمن و ئەتوو و وەزیری ناوخۆ! وەکیل بڕەک داما و گۆتی: زۆر باشە، بەران زەحمەت بتانین ئەو گۆلکەی بینینەوە! خار گۆتی: هەر دەبی بێتەوە، ئیشی من لەسەر ئەو گۆلکەی ڕاوەستایە، وەمەکە ئیشەکەم تێک بچی و زەرەرەکی زۆر بکەم، چونکە بەشەکی کاسبی من لەسەر ئەو گۆلکەیە!
خار لەو قسانە دابوو، ئاوڕەکی داوە و ئەمنی دیت، گۆتیە عەدێ و مەدێی: خۆڕینە، ئەوە ئەو زەلامە هەر لێرە مایە؟ بڕۆن بیبەنەوە و لێرەی مێلن! عەدێ گۆتی: بەسەرچاو خارە، گۆتم: ئەزیەت مەخۆن، بەخۆم دەڕۆم! خار گازی ئێکەکی کرد و گۆتی: وەرە کورە ئەو زەلامەی ببە و لەسەر جادەی فڕێی دە، زووش دێیەوە ها! کابرا گۆتی: سەرچاو خارە!
لەگەر کابرای سواری تڕومبێلی بووم و بەڕێکەتین، کابرا بەینەکی بێدەنگ بوو، دوایێ گۆتی: باشە بەستەزمانەکی وەکی توو چدەکا لێرە، کەس نما هاتیە ئێرە؟ گۆتم: وەڵلا عەدێ و مەدێ بزانن، ئەوان بەملیان داهینام! گۆتی: بەشەرەفم، خەرکەکی زۆر هەیە بە گەوادی نانی پەیدا دەکا! ئاخ ئەگەر ئەو پیرە داکە بەستەزمانەم نەدەبوو، کە حەفتەی جارەک دەبی گوچیلکی بشۆم، یەک دەقەی لێرە نەدەمام! گۆتم: باشە ئێرەت کوو دیتەوە؟ گۆتی: خزماتیمان هەیە، گۆتم: دیارە وەختی خۆی لەگەر خارت پێشمەرگە بووی؟ گۆتی: چبووینە؟ گۆتم: پێشمەرگە! گۆتی: کورە پێشمەرگەی چ و حاری چ، ئەو گەمبۆزە هەتا ڕاپەڕینەکەی جاش بوو، ئەوجە جاشی دەرەجە یەک، ئەنفال نەما نەیکا، دوایێش وەکی ئەو تەڕبەگانە هاتنەوە گێڕی گۆڕی و لە ڕەفیق حزبایەتی بووە خار! گۆتم: تێم ناگەینی نهێنی ئەو گۆلکەی چیە، خارت هەندەی مەرەقە بکەوتە دەستی؟ گۆتی: لۆت باس دەکەم، بەس وەعدم بدێ بە کەس نەرێی! گۆتم: وەعد!
گوجیلک: گورچیلە.
مایتی.[1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 824 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!