ناونیشان: ئەمریکای ناوەڕاست
ئامادەکردن: #حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
ئەمریکای ناوەڕاست، ناوچەیەکی جوگرافیە دەکەوێتە نێوان ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور، لەمەکسیکەوە لە باکوورەوە دێژ دەبێتەوە بۆ کۆلۆمبیا لە باشووردا، لە ڕووی جوگرافیاوە بەبەشێک لە کیشوەری ئەمریکای باکوور دادەنرێت.
سنووری ئەمریکای ناوەڕاست بریتییە لە دەریای کاریبی لە ڕۆژهەڵاتەوە و کەنداوی مەکسیک لە باکوورەوە و زەریای هێمن لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاواوە و لە کۆمەڵە وڵاتێک پێکدێت ژمارەیان هەشت وڵاتە و زۆربەیان کەناراویین.
ئەمریکای ناوەڕاست بریتییە لە بەرزەکێک دەکەوێتە نێوان دەریا کاریبی و زەریای هێمن لە بەرزەکی تیونتێپیک لە مەکسیکەوە لە باکوورەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو باشوور تا بەرزەکی پەنەما کە بەکیشوەری ئەمریکای باشوور دەگات.
وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست بریتییە لە بیلیز و پەنەما و گواتیمالا و سیلڤادۆر و کۆستاریکا و نیگاراگوا و هندۆراس، بەڵام بە پێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکای ناوەڕاست لە مەکسیک پێک دێت سەرەڕای ئەو وڵاتانە، و بەپێی پێناسەی یەکێتی ئەوروپا مەکسیک و بیلیز لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست دردەهێنرێت.
لەساڵی 1823 هەر یەک لە گواتیمالا و سیلڤادۆر و کۆستاریکا و نیگاراگوا و هندۆراس یەکێتیان ڕاگەیاند بەناوی کۆماری ئەمریکای ناوەڕاستی فێدراڵ بەڵام لە ساڵی 1840 ئەم یەکگرتنە هەڵوشایەوە
$ئاووهەوای ئەمریکای ناوەڕاست:$
ئەمریکای ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی خاوەنی ئاووهەوایەکی کەمەرەیی شیدارە
لەگەڵ وەرزی ووشک و باراناوی لە هەموو ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەیشدا ئاووهەوا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تردا جیاوازە، هەندێک لە ولاتانی ئەمریکای ناوەڕاست ئاووهەوا جۆراوجۆری تێدایە.
$ئایین و زمان لە ئەمریکای ناوەڕاست:$
زمانی ئیسپانی، زمانی فەرمیە لە هەموو وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست جگە لە وڵاتی بیلیز کە زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمیە تێدا، وئاینی سەرەکی لە ئەمریکای ناوەڕاست، ئاینی گاورە.
$وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست:$
1- مەکسیک: دەکەوێتە بەشی باکووری ئەمریکای ناوەڕاست و پایتەختی مەکسیکۆسیتیە، ڕووبەری 1,964,375 کم² و بەپلەی پێنچەم دێت لە ڕووی ڕووبەرەوە لە هەردوو ئەمریکا، و ژمارەی دانیشتوانی 112ملیۆن کەسە و بەپلەی یازدەیەم دێت لە ڕووی دانیشتوان لە سەر ئاستی جیهان، زمانی فەرمی وڵات زمانی ئیسپانیە.
2- گواتيمالا: لە کۆندا بریتی بوو لە کۆمەڵە شارێک لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسپانیا تا بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ لە ساڵی 1821، پایتەختی وڵات گواتيمالایە، ڕووبەری وڵات
108٬890کم² و ژمارەی دانیشتوانی 15.8 ملیۆن کەسە و یەکێکە لە زۆرترین وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاستە لە ڕووی چڕی دانیشتوان و ناوچەیەکی لە بارە بۆ کشتوکاڵ و باران بەدرێژای ساڵ دەبارێت بەسەریدا، زمانی فەرمی وڵات زمانی ئیسپانیە.
3- سیلڤادۆر: یەکێکە لە بچووکترین وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست و دەکەوێتە نێوان گوتیمالا و هندۆراس و لە هەموو وڵاتەکانی ئەمریکای ناوەڕاست چڕترە لە ڕووی دانیشتوانەوە، پایتەختی وڵات شاری سان سیلڤادۆرە و گەورەترین شارەکانیە، و ڕووبەری 21٬040 کم² و ژمارەی دانیشتوان 6٬108٬590 کەسە، خاوەنی ئاووهەوای کەمەرەییە لە کەنارەکان و پلەی گەرمی مامناوەند لە بەرزاییەکان و زمانی فەرمی وڵات زمانی ئیسپانیە.
4- پەنەما: وڵاتێکی کۆماریە، دەکەوێتە نێوان کۆڵۆمبیا و کۆستاریکا پایتەختی وڵات شاری پەنەما سیتیە، ڕووبەری وڵات 78٬200 کم² و ژمارەی دانیشتوانی 3٬559٬408 کەسە، و زمانی فەرمی وڵات ئیسپانیە و زمانی ئینگلیزی زمانێکی لاوەکیە و خاوەن ئابوورێکی پێشکەوتووە.
5- نيکاراگوا: یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی ئەمریکای ناوەڕاستە، دەکەوێتە نێوان کۆستاریکا و هندۆراس، پایتەختی وڵات شاری ماناگوایە، ڕووبەری وڵات 130٬373کم² و ژمارەی دانیشتوانی 5٬788٬531 کەسە، و هەژارترین وڵاتەکانی ئەمریکای ناوەڕاستە، و زمانی فەرمی وڵات زمانی ئیسپانیە.
6- هندۆراس: یەکێکە لە کۆمارەکانی ئەمریکای ناوەڕاست، و دەکەوێتە سەر دەریای کاریبی، پایتەختی وڵات شاری تیگۆسیگالبا، ڕووبەری 112٬090کم² و ژمارەی دانیشتوانی 8٬448٬465 کەسە، و دووهەم هەژارترین وڵاتەکانی ئەمریکای ناوەڕاستە، و خاوەن ئاووهەوایەکی نیمچە کەمەرەییە لە ناوچە نزمەکان و پلەی گەرمی مامناوەندە لە ناوچە بەرزەکان، وڵاتێکی کشتوکاڵیە و پیشەی زۆربەی دانیشتوانی کشتوکاڵە، و زمانی فەرمی وڵات ئیسپانیە.
7- کۆستاریکا: یەکێکە لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست، پایتەختی وڵات شاری سانجوسیه و زۆربەیان ئیسپانین، ڕووبەری وڵات 51٬100 کم² و ژمارەی دانیشتوانی 4٬695٬942 کەسە، و ئاووهەوای کەمەرەی و نیمچە کەمەرەییە، لەو وڵاتانەیە کە باران بەدرێژای ساڵ بەسەریدا دەبارێت، پیشەی سەرەکی دانیشتوانی کشتوکاڵە، و زمانی فەرمی وڵات زمانی ئیسپانیە.
8- بیلیز: یەکێکە لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست، وسنووری بریتییە لە دەریای کاریبی و کەنداوی هندۆراس لە ڕۆژئاواوە و مەکسیک لە باکوورەوە و گواتیمالا لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە، ڕووبەری وڵات 23 هەزارکم² و ژمارەی دانیشتوانی 266,440 کەسە، پایتەختی وڵات شاری بیلموپان، درێژی کەناراوەکانی لەسەر دەریای کاریبی و کەنداوی هندۆراس 386کم، زمانی فەرمی وڵات ئینگلیزیە، وڵاتێکی تازپێگەیشتووە و ئابووری وڵات پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت.[1]