دەقی پەیامەکەی #مەسرور بارزانی#:
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت کوردستانییان و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم.
زمان، ناسنامە و پێناسەی هەر مرۆڤ و نەتەوەیەکە و بەشێکی گرنگی کولتوور و کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیی نیشتمانسازییە، بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، ئەرکێکی گرنگ و لەپێشینەی خێزان و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتە.
ئەگەر بایەخدان بە زمانی دایک و ڕێزگرتن لەم ڕۆژە، جارێک بۆ گەلانی دیکەی جیهان گرنگ بێت، ئەوە بۆ ئێمەی کوردستانی، کە وێڕای شۆڕش و بەرگری و قوربانیدانە گەورەکانی گەلەکەمان، زمانەکەمان فاکتەرێکی گرنگی مانەوەمانە، پێویستە جێگەی بایەخی هەرە لەپێشینەمان بێت.
ئەگەرچی بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، زمانی کوردی، زمانێکی فەرمیی هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام جێی داخە تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، وەک پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، چونکە چاومان لە پێشڤەچوونی زیاترە لەم بوارەدا.
لێرەدا داوا لە دەزگا ڕۆشنبیری و زانستی و ئەکادیمییە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەم ڕووەوە، باشتر ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و هەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک هەبێت لە بواری زمانەوانی و گرنگیدان بە زمان، چارەسەری بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەم بوارەدا. بێگومان لە پاڵ گرنگیدان بە زمانی کوردی، پێویستە بە شێوەیەکی شایستەش، بایەخ بە زمانی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانەش بدرێت کە بەشێکن لە گەلی کوردستان.
لەم بۆنە گرنگەدا، بە پێویستی دەزانم بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی ئەو ڕۆشنبیر و مامۆستا بەڕێزانە و هەموو ئەو خۆشەویستانە بکەینەوە، کە ڕۆڵێکی دیار و بایەخداریان لە پاراستن و فێرکردن و برەودان بە زمانی کوردیدا هەبووە.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەموان پیرۆز بێت...
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!