دەقی گوتارەکەی #مەسرور بارزانی#:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشدارم لەم کۆڕبەندە پیشەسازییە گرنگە، کە ئامانج لە بەستنی ئەم کۆڕبەندە، ڕەخساندنی بازاڕە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەروەها هێنانەئارای دەرفەت و هەلی کارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆڕبەندە دەکەم و هیوادارم ئەنجامەکانی، ببێتە هۆی زیاتر بەرەوپێشچوونی ئابووری و دروستکردنی دەرفەتی زیاتری کار.
ئێمە لەسەرەتای ئەم کابینەیەدا، کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و بایەخدان بە گشت کەرتەکان کرد، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستین، بەتایبەتی گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ داوە و لەم ڕووەوە تا ئێستا چەندین پڕۆژەمان ئەنجام داوە. هەندێکتان بینی، ئامانجی سەرەکیشمان، بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بووە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەڵام ئاشکرایە پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان، دووچاری چەند قەیرانێکی سەختی تەندروستی و ئابووری بوونەوە. وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی و بەتایبەتی دابەزینی نرخی نەوت له و کاتەدا لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەروەها نەناردن و دواکەوتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستاش بەردەوامە، کاریگەریی نەرێنی لە سەر هەموو بوارەکانی ژیاندا دروست کرد. ئەم قەیرانانە، کێشە و گرفت و تەحەدای گەورەی نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوەن ئابووریی و پیشەسازی گەورەی جیهانیش دروست کرد و سیستەمی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی دووچاری داڕمان و زیانی گەورە کردووە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش، ئێمە هەرگیز لە کارکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیجییەکان نەوەستاوین و بەپێی توانای دارایی بەردەست، بەردەوام بووین و لەماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە بوارە جۆراوجۆرەکان ئەنجامدراوە، وەک ڕێگاوبان، پیشەسازی، کارەبا، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، کە هەندێکيان جێبەجێکراون و تەواوبوون و هەندێکیشیان ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بێگومان بەشێک لە پڕۆژەکان بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت ئەنجامدراون، کە لێرەدا سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم، کە بە هەماهەنگی و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا پڕۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە و حکومەتیش هەر ئاسانکارییەکی پێویست بێت، پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان. لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاری گەنجان و خاوەن پڕۆژە بچووکەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو ڕوویێکەوە دەبێت.
هەر لێرەشەوە لایەنە پەیوەندارەکان ڕادەسپێرم، بۆ لابردنی بەربەستەکان و ئه و لەمپەرانە و ئاسانکردنی زیاتر بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی، ئێمە هەمیشە لە سەردانەکانمان بۆ دەرەوە و دیدارەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانمان، ئالوگۆڕی بازرگانی و پێشخستنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕبووە بۆ بەرووبووم و بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەروەها ڕەخساندنی هەلی کاربووە بۆ گەنجەکانمان لە ڕێگەی هاندان و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە پێناو بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلان و بەرنامەی گرنگ و تۆکمەی هەیە، بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بە تایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و پێترۆکیمياوی و پیشەسازی کانزاکان و دابینکردنی ماددەی خام بۆ پیشەسازی بچووک و مامناوەند و دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
بەڵام بێگومان بەدیهێنان و جێبەجێکردنی هەموو ئەو پڕۆژانە بە پلەی یەکەم بەندە بە هەبوونی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بە گشتی و هەبوونی پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کە ئێمە پێمانوایە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی عێراقدایە و پێویستە بەو چاوەوە خوشک و برایانمان لە عێراق، سەیری پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بکەن نەک بە پێچەوانەوە، هەوڵی ئاستەنگ و کێشە و گرفت دروستکردن بدەن بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە بەو داهات و توانا داراییە سنووردارەی بەردەستمان، ئەو پێشکەوتنەمان لە کوردستان دروستکردووە، کە لە هەموو بوارەکاندا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق هەیە. بەڵام بەداخەوە لە جیاتی پشتیوانیکردن و دەستخۆشیکردن، هەندێک لایەن هەوڵی وەستاندن و سزادانی هەرێمی کوردستان دەدەن.
بۆیە هیوادارم ئەوانەی بیر لە تێکدانی پێشکەوتنی کوردستان دەکەنەوە، کەمێک بیر لەوەش بکەنەوە ئەو هەموو شەڕ و وێرانکارییەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە عێراق ڕوویاندا چ قازانجێکی بە خەڵکی عێراق گەیاند و ئەگەر ئەو هەموو توانا و داهاتەی عێراق لە جیاتی شەڕ و وێرانکاری و ململانیێی سیاسی لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی عێراق بەکارهێنرابووایە، ئێستا دڵنیاین عێراق یەکێک لە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی ناوچە و جیهان دەبوو.
ئێمە لێرەدا دووپات دەکەینەوە کە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین لەپێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عێراق.
جارێکی ديکە دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆڕبەندە دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!