ئادار مەشکە لەدار، لێرە یان لە شنگار
دوو بەشی مانگی ئادار دەکەوێتە ناو مانگی(ڕەشەمە-ڕەشەمانگی) ساڵی کوردییەوە، لە سەرەتای ئەو مانگە هیچ قوت و زەخیرە و دانەوێڵەیەک نامێنێ، مانگێکی ڕەشەو لە گۆتە و پەند و بالۆرە و ئیدیۆمی کوردەواری لەسەری وتراوە: ڕەشەمە ڕەشکی ڕووان، بەشەڕ دینی بوک و خەسوان، یان ڕەشەمە بەتاڵ دەبی جواڵ و کەندوو، بەشەڕ دەینی بوک و خەسوو، بەڵام لە دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ئاداریش دەبێتە مانگی(خاکەلێوە) و نەورۆز کە کورد گوتەنی دەچێتە نێوبەهار و سەرماوسۆڵەی زستان بارگەی دەپێچێتەوە و گژوگیا مۆڵەت(ئیزن) دەدرێن و پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە، بەمەش گیاوگۆڵ نەشونما و باڵا دەکەن و بەرزدەبنەوە و دەبنە لەوەڕێکی پڕ بەزاری مەڕوماڵات، ماڵاتیش وەرزی زاوزێی تێپەڕاندووە، بەرخ و کاریلەکانیش وردە وردە فێرە گیاخواردن دەبن و ماست و بەرهەمەکانی زیاد دەبن و وتراویشە: ماستی بواران وەکوو ڕووباران، ئیتر بێرییەکان بە مەنجەڵی گەورە گەورە شیری دۆشراو لە پاوانان و لەوەڕگایان بەسەر سەرەوە دەهێننەوە چ ئاوایی و چ ڕەشماڵان و دەکەونە هەڵبەستنی مەشکەو ژەنینی مەشکە، ئەو هەموو باسکردنە بۆ ئەوەیە بزانرێت: ئادار مەشکە لەدار، لێرە یان لە شنگار، شنگاریش دەڤەرێکی وڵااتی کوردانە، تێکەڵەیەک لە کوردی ئێزدی ئێزدیخان و کوردی موسڵمانی تێدایە هەندێجار بە(شنگاڵ) و(سنجار) و(شەنگاڵ)یش گۆدەکرێت، لە دامێنی چیای(شنگار)ە و تێکەڵ بەدەشتی(نەینەوا) دەبێت و دەشتێکی کاکی بەکاکی بەپیت و بەرەکەتە، ئەو تێکەڵیەش لە ئیدیۆمەکەدا بۆ ئەوەیە بوترێت چ لە گەرمیان و چ لە کوێستان ماست و بەرهەمەکانی زۆر دەبن، ئەوە زیاتر لادێنشینان و ڕەوەند و کۆچەرییە کوردەکان بەکاری دەهێنن. [1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 1,398 car hatiye dîtin