منداڵ و مافی خوێندن
#بەختیار مەلا عززەت#
لە بیرمە وەک شتێ مەعلووم
مناڵ بووم عاشقی تۆ بووم
کە مامۆستا
لە ڕیز داینام
وتی ئەی خام، بنووسە جوان،
فیدات بم خاکی کوردستان
(بەختیار زێوەر)
دنیای منداڵ، جیهانێکی تایبەتمەندیی پڕ لە خەونی ئاڵ و واڵاو ڕەنگاوڕەنگی پەپوله ئاسایه، پسپۆڕانی بواری پەروەردەی منداڵان، بەپێی ئەزموونی خۆیان و ئەو تاقیکردنەوانەی لەو بواره فراوانەدا ئەنجامیانداوه، بەپێی نەخشە و بەرنامەیەکی وردی زانستی و پەروەردەیی، پەرۆشی گۆڕانکاریی و گەشەپێدانی منداڵانن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەهرەو توانایەی ناو منداڵان بخەمڵێنن. ئەم هەنگاوه نوێیەی پەروەرده بەپێی زەمەن و شوێنه جیاجیاکان دەگۆڕێن.
چونکە بنەمای سەرەکی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراسی پەیوەسته بە هۆشیاری کۆمەڵایەتییەوە، ئەمەش ڕووبەڕووی دامودەزگا جیاجیاکانی دەوڵەت دەبێتەوە، بۆ ئەوەی هەلومەرجی گونجاوی بۆ بڕەخسێت تا بتوانن داخوازییەکانی کۆمەڵ بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی بهێننەدی، تا بەشێویەکی سروشتی پەروەردە بکرێن. پسپۆڕان و شارەزایانی بواری پەروەردەش دواڕۆژێکی نوێتر لە پاشەڕۆژێکی پەروەردەیی نوێ و سەردەم دەبیننەوە، بەتایبەتی که لەسەر بەرنامەیەکی زانستی و تیۆری و پراکتیکی بێت.
ئەو جیهانه تایبەتمەندییەی منداڵانیش بە هیچ جۆرێک مۆتەکەی زەبروزەنگ و توندوتیژیی و ترس و لێدان ناگرێتە خۆی، بۆ ئەوەی نەوەی نوێی سەردەمی جیهانگیریی لە باوەشی بەهرە خەمڵیوە جیاجیاکاندا باوەش بە دنیای گۆڕانکاریی و شارستانییەتی پڕ لە تەکنۆلۆژیای نوێی سەردەمێکی نوێتر بکاتەوه.
هانی منداڵان بدرێت بۆ چوونە قوتابخانە
هەنگاوی سەرەتایی و خوێندنی زۆرەملێیه، که دەبێته هۆی قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواری، هەروەک لە مادەی (28)ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵدا دەڵێت: (هەموو منداڵێک مافی خوێندنی هەیە، پێویستە خوێندنی بنەڕەتی بە خۆڕایی بێت، خوێندنی سانەوی و باڵا فەراهەم بکرێت، دەبێت هانی منداڵان بدرێت بۆ چوونە قوتابخانە تاوەکو دەستەبەری خوێندن بکەن، پێویستە لەسەر خوێندنگاکان ڕێز لە مافی منداڵان بگرن و توندوتیژیی بە هیچ شێوەیەک بەکار نەهێنن)(1).
پێویسته خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دنیای منداڵان بکرێت، ئەو سیستمه نوێیه واقعبینه لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانکاریی سەردەمەکەدا بگونجێن، دەبێت منداڵ فێری سرودی نیشتمانی و خۆشەویستی نیشتمانەکەی بکرێت لەگەڵ دونیای تەبایی و مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزیی و پاکوخاوێنی ڕابهێنرێت، قوتابخانەکان و باخچەکان زیاتر گرنگیان پێبدرێت، گەر بگەڕێینەوه بۆ کوردەواری خۆشمان بۆ زیاتر له(76) ساڵ لەمەوبەر قازی محەمەدی سەرۆکی جمهورییەتی کوردستان، لەناو ئەزموونی نزیک بەیەک ساڵەی کۆماردا وەک ڕابەرێکی خاوەن ئەزموونی گەورە و ڕووناکبیرێکی سەردەمی دواکەوتن کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە ساڵی(1966)دا، دوای بیست ساڵ دامەزراندنی و ڕووخاندنی ئەو حکومەتە کوردیه ڕێژەی نەخوێندەواری له ئاواییەکانی مەهاباد له (94%)و لە سەقز له(93.10%)و له کرماشان (88.2%)و لە سنەیە(92.9%)بووه(2).
دەبێت لە سەردەمی جمهورییەتدا ڕێژەی نەخوێندەواری چەند بووبێت؟ بڕیارێکی وا گرنگ و هەستیار بۆ کەسێکی ئاینی و نیشتیمانپەروەر، کە بۆ زیاتر له(76) ساڵ لەمەوبەر واتە(11) ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی جمهورییەتی کوردستان و نزیکەی نیو سەدە پێش دەرچوونی مادەی(28)ی مافەکانی منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی(1989) دەبێت چەند نرخ و بەهای ناوازەو مەزنی هەبێت، هێندەی شکۆمەندی پێشەوا خۆی، ئەمەش بڕیارەکەیه:
لەو تەئریخەوه (واته 11/1/1946) تا(10) ڕۆژی دیکه هەرکەسێ کوڕ و کچی هەبێت که عومری ئیقتضای خوێندن بکا، دەبێ بینێرێته مەدرەسه، هەڵبەته هەرکەسێک لەو ئەمره ڕوو وەرگێڕێ بە توندترین مجازات تەمبێ دەکرێ)(3).[1]
سەرچاوە:
1-جاڕی گەردوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی مافەکانی منداڵ، بەندی 28، ساڵی 1989.
2-مەحمود مەلا عززەت: جمهوریەتی کوردستان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی 2003، ل 384، 346.
3-ڕۆژنامەی کوردستان، زمانحاڵی حزبی دیموکراتی کوردستان و حکومەرت کوردستان