#ژیرلاو مەرێ#، سیستمی هەڵبژاردنی شەش هەزار ساڵ بەر لە ئێستایە لە دەڤەری #هەورامان#
وشەی (ژیرلاو مەرێ) واتە شوێنی کۆبوونەوەی ژیرەکان، عاقڵەکان، تێگەیشتوو و پێگەیشتووەکان. ژیرلا واتە ژیرەکان، مەرێ واتە مەجلیس، بە یەکەوە دەبێتە مەجلیسی، یان کۆبوونەوەی ژیران.
ژیرلاو مەرێ مێژوویەکی دێرینی هەیە و تایبەت بووە بە ناوچەی هەورامان. ساڵانە، یان چەند ساڵ جارێک لە ڕۆژی چل و پێنجەمینی وەرزی بەهاردا ڕێکخراوە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێک لە کەسایەتییە دیار و ڕێزدار و عاقڵەکانی ناوچەی هەورامان دروست بکرێت.
لە دەڤەری هەورامان لە ناوەندی بەهار بەشێکی زۆری گوندەکان ڕوویان لە ناوچە هەوارنشینەکان کردووە، ئەم کۆچە ناوخۆییەش پێویستی بە ڕێکخستن و سەرپەرشتیی هەبووە، چونکە بەشێک لە گوندەکان چەند ماڵێکیان تێدا ماوەتەوە و هەوارەکان ئاوەدانکراونەتەوە، بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەی ئاودێری و چاودێری گوندەکان تیمێک پێویست بووە بۆ ڕێکخستنی ئەم کارانە. لە دەڤەری هەورامان بە شێک لە گوندەکانی لە سەرچاوەکانی ئاو و ڕێگەی هەوار و پڕۆسەی کۆکردنەوەی بەروبووم هاوبەش بوون، بۆیە پێویستیان بە یاسا و ڕێسایەک هەبووە، هەر لەبەر ئەمەش لە هەورامانی تەخت لەبەر ئەوەی لە ڕووی سنووری جوگرافیاییەوە لە نێو دڵی هەورامان هەڵکەوتووە، بۆیە لەوێ کۆبوونەوە کراوە. ئێستاش شوێنێک لە هەورامانی تەخت هەیە پێی دەوترێت بەردەی کۆمسایی، لەوێ پیاوان و ژنان شان بەشانی یەکتری کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی ژیرلا هەڵبژێرن، تا ئەو ئەنجوومەنە هەر بڕیار و یاسایەکی دەرکرد تەواوی دەڤەری هەورامان پێوەی پابەند بن و ڕێنمایی و یاساکانی ئەوان جێبەجێ بکەن بۆ ڕێکخستنی کاتی ئاودان و چۆنیەتی کۆکردنەوەی بەرهەم و بەروبوومی هەوارەکان و دانانی نرخ و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان.
لەم بارەیەوە چەند خاڵێک زۆر گرنگن و دەبێت ئاماژەیان پێ بدەین:
1- لەم ئەنجوومەنەدا هەموو کەس بۆی نەبووە ببێتە ئەندام، جگە لەوانەی خاوەنی عەقڵ و هۆشیاری و دنیابینێکی باش بوون.
2- ژن و پیاو وەک یەک یەکسان بوونە لە بەشداریکردن و ئەندام بوون، تەنانەت زۆر جار ژنان نەک ئەندام، بگرە سەرۆکی ئەنجوومەنی ژیرلاو مەرێ بوونە.
3- بە پێی سەرچاوەکان مێژووی ئەم ئەنجوومەنە بۆ 3000 تا 3500 ساڵ بەر لەدایک بوونی عیسای مەسیح دەگەڕێتەوە، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە کە چلۆن ئەوەندە ساڵە بەر لە ئێستا لە هەورامان خاوەنی ئەم جۆرە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و یەکسانیی لە نێوان ژن و پیاودا بوونە.
4- ئەنجوومەنەکە کاتیی بووە و بۆ هەمیشەیی نەبووە، لەبەر ئەوەی زۆربەی کات کەسانی بە ئەزموون لە ژنان و پیاوان بەشدار بوون و ئەم ئەندامانە، یان مردوون، یانیش نەخۆشکەوتوون، یان ساڵانە کەشوهەوا و بارودۆخ جیاواز بووە و سەرچاوەکانی ئاوی باخەکان کەم و زیادی کردووە، بۆیە ڕێکاری نوێ گیراونەتەبەر.
5- پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ هەموو کەس نەبووە، تەنها کەسانی عاقڵ و ژیر بۆیان هەبووە بەشدار بن لە پڕۆسەی ژیرلاو مەرێ.
6- لە هەمووی گرنگتر لەبەر نەبوونی خوێندەواری چۆنیەتی هەڵبژاردنەکە بەم شێوەیە بووە: هەر بەربژێرێک لەبری ناوەکەی گەڵایەک، یان میوەیەکیان بۆ لە ناو سەبەتەی هەڵبژاردن داناوە. بۆ نموونە ئەگەر دە ئەندام هەڵبژێردرابن، بەپێی زۆری ئەو گەڵا و میوانەی لە ناو سەبەتەکە هەبوون ئەندامەکان دەرچوونە، واتە ئەگەر کەسێک بەشدار ببوایە ناوی خۆی نابا گەڵای گوێز، یان هەڵووژە ژمارەی ئەو گەڵا، یان هەڵووژانەی ناو سەبەتەکە یەکسان بووە بە دەنگەکانی ئەو. بەم شێوەیەش لە کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا و ڕووندا بە بەرچاوی هەموو بەشداربووانەوە میوە و گەڵاکان جیاکراونەتەوە.
7- ئەم ئەنجوومەنە هیچ پادداشتێکی ماددی نەبووە تا کەسانی هەرزە و ماڵپەرست بۆ مەرامی خۆیان تێیدا بەشدار بن، بۆیە هەمیشە کەسانی دڵسۆز و بە ئەزموون بەشداربوونە و گوفتار و ڕەفتاریان یەک بووە، تەواوی خەڵکیش پابەندی ڕێنماییەکانیان بوونە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]