سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 12
#شەماڵ بارەوانی#
لە بەشی پێشوودا باسمان لەوەکرد، کە، هەرگیز، لە ناو دەوڵەتی سیوکراتیدا ئازادی عەقیدە و بیروباوەڕ و لائیک بوون و سیکۆلاریزم بوون، جێگایان نابێتەوە و هەموو پێکهاتە و ئایینەکانی تر بە پلەدوو هەژمار دەکرێن و هەمیشە ماف خورا و چەوساوەن.
ئەوە ئەگەر ڕێگەی مانەوەیەکی سەرشۆڕانەیان پێ بدرێت و جینۆساید و قڕ نەکرێن، وەکو ئەوەی دەوڵەتی خەلافەت و داعشی تیرۆرست لەگەڵ کوردانی ئێزدی و، مەسیحیەکان کردی.
ئەوە لە بەرامبەر ئایین و ئایدیا جیاوازەکانی دەرەوەی بازنەی ئیسلام، تەنانەت لە ناو خۆشیاندا، هەموان یەکتری ڕەفز و تەکفیر دەکەن و هەوڵی لە ناو بردن و سڕینەوەی یەکتری دەدەن، بڕۆن لاپەڕەکانی مێژووی ئیسلامی هەڵدەنەوە، بزان هەموو ئەو ئاڕاستانەی کە حوکمیان کرد و ئیسلامی بوون، لە نموونەی ڕاشدی، ئومەوی، عەباسی، سەلجوقی، بوەیهی، فاتمی، ئەیوبی، بوەیهی و عوسمانی و کێ و کێیتر چییان بە ئازادیخوازان و جودا بیران و مەزهەبەجیاوازەکان دەکرد.
تەنها کتێبی(تاريخ التعذيب في الاسلام)ەکەی باقر یاسین بخوێنەوە، کەمن بابەتێکم لە سەر نووسیوەو لە ماڵپەڕی”ئاوێنە”بڵاو بووەتەوە.
بزان چۆن و بەچ شێوازێکی دڕندانە و نامرۆڤانە، ئەشکەنجەی سایکۆلۆجی و فیزیکی مرۆڤ و خەڵکیان داوەو مرۆڤیان هەڵواسیوەو دەست و پێ و سەریان بڕیوەو سەریان بە گاشەبەرد پانکردووەتەوە و داهێنانیان لە شێوازی کوشتن و تیرۆر و تۆقاندن و ئەشکەنجەدان و ئازاردانی خەڵک کردووە، لەو کاتەی تەنها شمشێر زمانی قسەو کۆتا بڕیاربووە و دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریەت فەرمانڕەوایەتی و حوکمی دەکرد و، دەوڵەتی سیوکراتی ڕەها کاریکردووە و شتێک نەبوو بە ناوی سیستەم و لەناو چوارچێوەی ئەوخەلافەتە ئیسلامیانە، بە ناوی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ماف و دیموکراسی و مەدەنیەت و هاووڵاتی بوون و ژن بوون و، شتێک نەبوو لەسای دەسەڵاتی تۆتالیتارانەی ئەو خەلیفانە، بە ناوی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەبڕین و بۆچوونی جیاواز و ئازاد و ڕەخنەی ئازادانە و پلورالیەتی ئایینی و تۆلەرەنس و دیموکراسیەت و دیالۆک، هەموو شتێک بەزەبری هێز و نوکی شمشێر یەکڵایی دەکرایەوە و، چەندان شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر و جودابیر و لائیک و دنیایەک جەعدی کوڕی دەرهەم و گەیلانی دیمەشقی لە سەر دەستی هیشامی کوڕی عەبدولمەلیکی ئەمیری ئیمانداران و خەلیفە و ولی و سوڵتانەکان، بە تۆمەتی بێ بڕوایی و لادان لە دۆکترینی ئایینی و قەدەریەت، دەست و پێ و سەربڕرداوەو، چەندین (أم قرفە)و محەمەدی کوڕی عەبادە و مەیسەم ئەلسەمار و ڕەشید ئەلهیجری و عەمارەی ئەلکەلبی و موغەیرەی کوڕی سەعیدی ئەلعەجەلی و بەشاری کوڕی بورد و سالح عەبدلقودوس و عەمری کوڕی ئەلحەمەقە و محەمەدی کوڕی حەسەنی زەنگی و حوسێنی کوڕی زەکەرویەی قەرامیتی و ئیبن ئەبو فەوارسی قەرامیتی و دەیان و سەتان و هەزارانیتر هەڵواسراون و بە شمشێر دەست و پێ و گوێچکە بڕدراون، و زمانیان قرتێندراوە و نینۆکەکانیان دەرهێندراوە و بە ئاگرداخکراون و سوتێندراون و بە زیندوێتی زیندەبەچاڵ و ژێرخاک کروان و، خەسێندراون، چاویان هەڵقەندراوە و دڕکی تێ چەقێندراوە و مەسیح ئاسا لە خاچ دراون و دەست و پایان بزمار ئاژەنکراوە، بە قامیش جەستەیان کون و بریندارکراوە و خەل و خوێ بە برینەکانیاندا کراوەو لە تەندووری گڕگرتووی پڕ ئاگرخراون و سوتێندراون، بە قامچی و دەست و پێڵەقە و مشتەکۆڵە تامردن لێیان دراوە و، لە؟بەرخۆر ڕاگیراون، سەرو ڕیشیان تاشراوە، لە نێوان دوو ئەسپ بەستراونەتەوە و ڕاکێشراون و دووکەرت کراون، لەسایەی دەوڵەتی سیوکراتی و تۆتالیتاری و لە لایان سوفیانی کوڕی موعاویە و یەزیدی کوڕی موعاویە و موعاویەی کوڕی سوفیان و هارونە ڕەشید و موعتەزید و خالیدی کوڕی وەلید و هیشامی کوڕی مەلیک و ئەبو جەعفەری مەنسور و حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی و حاکم بیئەمرواللە و مەهدی و ڕەشید و واسقی کوڕی محەمەدی عەبدولمەلیک ئەلزیات و مەروانی کوڕی موحەمەد و عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان و یەزیدی کوڕی مەزید و یەزیدی کوڕی ئەلمولهەب و موسلیمی کوڕی عوقبە و قوڕەی بن شورەیک و زیادی بن ئەبیە و موعتەمەدی کوڕی عەباد و فەخرولمەلیک و سەفاحەکان و سەیفولدینەکان و سوڵتانولدینەکان و قائیم بیئەمروللاکان و بلانولحەق و فولانولدەولە و حاکم و خەلیفەو والی و وەزیر و ئەمیرەکانی تر هەموو، جگە لە (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز کەکەمتر لە سێ ساڵ حوکمی کرد و، یەزیدی ناقیس شەش مانگ، ئەو دووەی لێ فڕێدەینە دەر)، باقیەکەی تر نووسەر وتەنی هەمووی سەرکوتکار و تۆتالییتێر و چەوسێنەر و دیکتاتۆر بوونە و، بەو شێوەیە مرۆڤەکان لە سەر دەستی ئەمان و بە فەرمانی ئەمان و لە سایەی حوکمی ئەمان، دڕندەترین شێوە ئەشکەنجەدراون و لە شێوەی ئاژەڵێک سەر بڕدراون و لە خوێن گەوزێندراون و کوژراون.
چۆن جەعدی کوڕی دەرهەم، لە ڕۆژی جەژنی قوربان و لە شێوەی بەرخێک و لە ژێر منارەی مزگەوت و لە لایان (خالدقەسری) والی عیراق و پێش ئەوێش حیجاز، لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلامیەوە سەردەبڕدرێت و براکەی ئەمیش (ئەسەد) کە والی خوراسان دەبێت، هەمان شێوە دەست و پێی هەموو لایانگرانی حارسی کوڕی سەریج دەبڕێت، تەبەری مێژوونووسی ئیسلامی باس لەوە دەکات، چۆن کە، لەسەردەمی عەباسیەکان و تەنها لە سەر دەستی ئەبو موسلیمی خوراسانی 600 هەزار، ژن و پیاو مێردمنداڵ عیدامکراون و بە شمشێرسەربڕردراون.
ئەسفەهانی لەوەدەدوێت کە ئەبو جەعفەری مەنسور لەسەردەمی خەلیفایەتی و دەسەڵاتی خۆیدا بەعزێک لە عەلەویەکانی بە زیندوویی زیندەبەچاڵ کردووە.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 482 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!