ناو: شاحسێن
ناوی باوک: عەلی محەمەد
ساڵی لەدایکبوون: #1921#
ڕۆژی گیران و ئەنفالکردن: #31-07-1983#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #بازێ# ی شارەدێی #بارزان# ی شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر#.
شوێنی ئەنفالکردن: #قوشتەپە#
شوێنی کۆچی دوایی: پارێزگای موسەنا (میسان) -خوارووی ئێراق
ساڵی کۆچی دوایی: 1983
$ژیاننامە$
ساڵی 1921 لە گوندی بازێ سەربە شارەدێی بارزان لە شارۆچکەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤێت ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئولفەت درسن عەلی پێکهێناوە، دوو کوڕ و سێ کچیان هەبووە کە ناویان عایشە، تەحسێن، فاتیما بووە بە پێى ڕیزبەندى لە ساڵەکانى 1951 و 1952 و 1954 لەدایکبوون و نەجیباش لە ساڵى 1956 و جاسمیش لە ساڵى 1960 لەدایکبووە. خێزانى شاحسێن لە نەتەوەی تاتارەکانی نیمچە دورگەی کرمیایە. شاحسێن زمانى کوردی، عەرەبی و ڕووسی زانیوە، لە ڕێکەوتی 31ى تەمووزی 1983 لە ئۆپراسیۆنی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن حکومەتی ئێراقی لە کۆمەڵگەی قوشتەپە لەگەڵ دوو کوڕ بەناوەکانی تەحسێن و جاسم شوێنبزر دەکرێن.
$خەباتنامە$
دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى دووەمى بارزان لە ساڵى 1943دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێراق گەڕاوەتەوە کوردستان و لە گوندی بازێ نیشتەجی دەبێ.
ساڵی 1962 لەکاتی هەڵگیرسانى شۆڕشی ئەیلوول، ماڵی خۆی گواستووەتەوە بۆ ناوچەی مزوریان و دواتر گەڕاوەتەوە گوندى بازێ، ساڵی 1964 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول ی کردووە و سەرپەل بووە و لە شەڕەکانی ناوچەی بارزان و پیرس و حاجی ئومەران بەشداریکردووە.
لە ڕێکەوتی 18ى تشرینی دووەمی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن حکومەتی ئێراق ڕاگوێزراوە بۆ شارەدێی فەوارە و ئەلفدێر لە قەزاى عەفەک لە پارێزگاى دیوانیە لە باشوورى ئێراق، ساڵی 1980 گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگەی قوشتەپە، لە ڕێکەوتی 31ى تەمووزی 1983 لە ئۆپراسیۆنی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن حکومەتی ئێراقی لە کۆمەڵگەی قوشتەپە شوێنبزرکراوە.
[1]