#ویلایەتی مەعمورەلعەزیز#، ناوی ویلایەتێکی کوردییە لە باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و یەکێکە لەو حەوت ویلایەتە کوردییەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون و شەشەمین ویلایەتی کوردستانە لە ڕووی ڕووبەرەوە و لە ڕووی سنووری جوگرافییەوە بەو شێوەیە کە لە باکوورەوە بە هەر دوو #ویلایەتی ئەرزەڕۆم# و #ویلایەتی سێواس# و لە ڕۆژئاواوە بە #ویلایەتی حەڵەب# و دووبارە لەگەڵ ویلایەتی سێواس و لە باشوورەوە دووبارە بە ویلایەتی حەڵەب و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ویلایەتی ئامەد-دیاربەکر و دووبارە لەگەڵ ویلایەتی ئەرزەڕۆم دەورە دراوە کە لە ساڵی (1867ز) دامەزراوە، بەشێکی زۆری ئیالەتی ماراش (زیلقەدر) و سێ سنجەقی ئیالەتی ئامەد-دیاربەکری گرتووەتە خۆی و تاوەکوو ساڵی (1923ز) بە ویلایەت مایەوە، لە و ساڵەدا کرایە چەند پارێزگایەک، واتا کراوە بە چوار پارێزگا بە ناوەکانی پارێزگای خەرپۆت (خارپێت-ئەلئەزیز) و پارێزگای مەڵاتیە (مەلەدی-مەلەتی) و پارێزگای دێرسیم (دەرسیم) و پارێزگای سەمسوور (ئادیەمان) کە ئێستا تەواوی خاکی ویلایەتەکە سەر بە کۆماری تورکیایە.
رووبەری ویلایەتی مەعمورەلعەزیز نزیکەی (37.800) کیلۆ مەتر چوار گۆشەیه. ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی (580.000) کەسە کە زۆرینەی زۆری دانیشتوانەکەی لە نەتەوەی کوردن و باقیەکەی تر لە نەتەوەکانی تورک و و ئەرمەن و یەهوودی (جوو) پێک هاتووه، کە بە و جۆرە دابەش بووە بەسەر سنجەقەکاندا: سنجەقی مەعمورەلعەزیز (خەرپۆت-خارپێت-ئەلئەزیز) 260.000 کەس و سنجەقی مەڵایتە (مەلەدی-مەلەتی) 210.000 کەس و سنجەقی دێرسیم (دەرسیم) 110.000 کەس. لە ڕووی ئایینییەوە بەوە جۆرەیە کە 470.000 کەسیان موسڵمانانن و 70.370 کەسیان مەسیحی و 30.000 کەسیان ئێزدی و 9.630 کەسیان جوولەکەن.
ویلایەتی مەعمورەلعەزیز لە ڕووی دابەشی کارگێری (ئیدارە)یەوە دابەش کراوە بەسەر سێ سنجەقدا کە ئەوانیش سنجەقی مەعمورەلعەزیز (خەرپۆت-خارپێت-ئەلەزیز) و سنجەقی مەڵایتە (مەلەدی-مەلەتی) و سنجەقی دێرسیم (دەرسیم)ن کە بەم شێوەیەیە:
یەکەم- سنجەقی مەعمورەلعەزیز (خەرپۆت-خارپێت-ئەلەزیز)، کە ناوەندی ویلایەتی سنجەقی مەعمورەلعەزیزە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 260.000 کەسە و لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بەسەر پێنج شارۆچکە و چل شارەدێ و 718 گونددا و بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکەی ناوەندی مەعمورەلعەزیز (خەرپۆت-خارپێت-ئەلەزیز)، دانیشتوانەکەی 120.000 کەسە و پێک هاتووە لە حەڤدە شارەدێ و هەشتا و چوار گوند.
2- شارۆچکەی ئەرەبکیر، دانیشتوانەکەی 36.850 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ و 248 گوند.
3- شارۆچکەی ئاکین، دانیشتوانەکەی 43.170 کەسە و پێک هاتووە لە شەش شارەدێ (ناحیە) و سەد و چواردە گوند.
4- شارۆچکەی کیان مەعدەنی، دانیشتوانەکەی 24.358 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ و سەد و چواردە گوند.
5- شارۆچکەی پۆرتووگه، دانیشتوانەکەی 35.622 کەسە و پێک هاتووە لە حەوت شارەدێ و هەشتا و شەش گوند.
دووەم- سنجەقی مەڵایتە (مەلەدی-مەلەتی)، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 210.000 کەسە و لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بەسەر پێنج شارۆچکە و بیست و نۆ شارەدێ و حەوت سەد و چل گوند و بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە (قەزا)ی ناوەندیی مەڵایتە (مەلەدی-مەلەتی)، دانیشتوانەکەی 73.960 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ و سەد و سی و یەک گوند.
2- شارۆچکە (قەزا)ی حضن منصور (سەمسوور-ئادیەمان)، دانیشتوانەکەی 38.000 کەسە و پێک هاتووە لە حەوت شارەدێ و دوو سەد و دە گوند.
3- شارۆچکەی بێهەسنی، دانیشتوانەکەی 44.300 کەسە و پێک هاتووە لە هەشت شارەدێ و سەد و شەست و شەش گوند.
4- شارۆچکەی کاخته، دانیشتوانەکەی 17.240 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ و سەد و سی و شەش گوند.
5- شارۆچکەی ئاقچەداغ (ئارغە-کورەچک)، دانیشتوانەکەی 36.500 کەسە و پێک هاتووە لە حەوت شارەدێ و سەد و شەست و دوو گوند.
سێیەم- سنجەقی دێرسیم (دەرسیم)، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 110.000 کەسە و لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بەسەر هەشت شارۆچکە و سی و چوار شارەدێ و حەوت سەد و پەنجا و دوو گوند و بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکەی ناوەندی دێرسیم (دەرسیم)، دانیشتوانەکەی 13.025 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ و سەد و سی و یەک گوند.
2- شارۆچکەی قزیل کلێسا، دانیشتوانەکەی 7.372 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ و سەد و شانزدە گوند.
3-شارۆچکەی مازگرد، دانیشتوانەکەی 15.806 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ و دوو سەد و یەک گوند.
4- شارۆچکەی چار سنجاق (پەرتەک)، دانیشتوانەکەی 19.262 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ و سەد و بیست و دوو گوند.
5- شارۆچکی چەمشگەزەک، دانیشتوانەکەی 20.435 کەسە و پێک هاتووە لە شەش شارەدێ و نەودە و حەوت گوند.
6- شارۆچکەی ئۆوەخق، دانیشتوانەکەی 4.175 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ و نەودە و حەوت گوند.
7- شارۆچکەی قۆزیجان، دانیشتوانەکەی 18.425 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ و هەشتا و هەشت گوند.
8- شارۆچکەی پاخ، دانیشتوانەکەی 11.500 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ و سەد و یەک گوند.
سەرچاوەکان
1- د. عەبدوڵڵا غەفوور: جوگرافیای کوردستان.
2- یاسین سابر ساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی.
3- وریا ڕەحمانی: کورد و کوردستان لە ڕوانگەی نەخشەوانییەوە.
4- فەرید ئەسەسەرد: ئەتڵەسی سیاسی هەرێمی کوردستان 1914-2005ز-ئامادەکردنی: سەردار مەحمەد عەبدولرەحمان و هۆشیار مەحمەد ئەمین خۆشناو.
5- فەیسەڵ دەباغ: کوردستان لە چاپکراوە عوسمانلییەکاندا-کە نووسەر لە زمانی تورکی عوسمانلییەوە کردوویەتی بە کوردی.
6- سەنتەری برایەتی: ویلایەتەکانی کوردستانی تورکیا لە سەردەمی حوکمڕانی عوسمانییەکاندا- لە زمانی عوسمانییەوە کردوویەتی بە کوردی-فەیسەڵ دەباغ.
7- شەمسەدین سامی: کورد و کوردستان لە قامووسولئەعلامدا-وەرگێڕانی بۆ کوردی : ئەحمەد تاقانە.
8- ئینتەرنێت-ویکیپیدیا
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]