$زمانی پیرۆز$
#ئادەم بێدار#
زمانی پیرۆز و پیرۆزیی زمان لە ڕووی ئایینییەوە بابەتێکی کۆن و نوێیە، هەمیشە جێگای مشتومڕە، ئاخۆ کام زمان پیرۆزی ئایینی هەیە و کامەشی نیەتی؟
$رەگ و ڕیشەی مێژوویی پیرۆزیی زمان$
بیرۆکەی پیرۆزیی زمان تەنیا بۆ عەرەب ناگەڕێتەوە، بەو واتایەی لەگەڵ هاتنی ئیسلام، عەرەب زمانەکەی لا پیرۆزبووبێت، بۆ جووەکانیش ناگەڕێتەوە کە زمانی عیبریان لا پیرۆزە، بەڵکوو پیرۆزی زمان ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی زۆر دوورتری هەیە.
میسریەکان 3200 ساڵ پێش زایین باوەڕیان وابوو کە ئەو زمانەی قسەی پێدەکەن (هیرۆگلۆفی) لە ئاسمانەوە خواکان ناردوویانە. بەدڵنیاییەوە کاهینەکانی پەرستگاش هاوکار بوون لە ڕەواجدان بەو بیرۆکەیە و بە پیرۆززانینی زمانەکە، چونکە هەر خۆیان شارەزای زمانەکە بوون، مەبەستیان بوو خەڵکی ئاسایی هەمیشە لێیان بترسێت بەو پێیەی هەر ئەوان هەڵگری زانست و مەعریفەن لەسەر زەوی، مەبەستیان بوو هەمیشە خۆیان وەک چینی بەرزی کۆمەڵگە بمێننەوە.
لە شارستانیێتی سۆمەریش کە هاودەمی شارستانییەتی میسریە لە دەرکەوتن، خەڵکەکەی باوەڕیان وابوو زمانەکەیان پیرۆزە، خودی زمانەکەشیان بە بەخشندەی خودا دەزانی.
$عەرەبی وەک زمانێکی پیرۆز$
لە شارستانیێتی ئیسلامیشدا زۆرێک لە موسڵمانان زمانی عەرەبی بە پیرۆز دەبینن، ئەوەش درێژکراوەی هزری میسری و سۆمەرییەکانە و داهێنانی خودی عەرەب و موسڵمانان نییە.
لە کەلەپووری ئیسلامیدا ڕەواج بەوەدراوە زمانی عەرەبی پیرۆزە، بۆ ئەوەش ئاماژە بە چەند دەقێک کراوە ڕەوایەتی بەو پیرۆزییەی زمانەکە دەدات، گرنگترینی ئەو فەرموودە و دەقانە:
- قال الرسول (صلی) : (أحبوا العرب لثلاث: لأني عربي، والقرءان عربي، وکلام أهل الجنة عربی) ، واتە: عەرەبتان خۆشبوێت لەبەر سێ هۆکار: من عەرەبم، قورئان عەرەبییە، زمانی قسەکردنی بەهەشتییەکان عەرەبییە.
- عن أبی هریرە مرفوعا: (أحبوا العرب وبقاءهم، فإن بقاءهم نور في الإسلام، وإن فناءهم ظلمة في الإسلام) ، واتە: عەرەبتان خۆشبوێت و مانەوەی عەرەبیشتان بوێت، چونکە مانەوەیان ڕووناکییە بۆ ئیسلام، لەناوچوونیشیان تاریکییە.
- عن ابن عمر ڕفعه: (حب العرب إيمان وبغضهم نفاق) ، واتە: خۆشویستنی عەرەب لە باوەڕەوەیە و ڕق لێبوونەوەشیان دووڕووییە.
- عمر بن الخطاب (رضي الله عنه) - قال: (عليکم بالتفقه في الدين، والتفهم في العربية، وحسن العبارة) ، واتە: پێویستە خۆتان لە ئایینەکەتان شارەزا بکەن و لێی تێبگەن، لە زمانی عەرەبیش تێبگەن، بەجوانیش گوزارشت بکەن لە دەربڕینەکانتان.
- عمر بن الخطاب (رضي الله عنه) قال : ( (تعلموا العربية، فإنها تزيد في المروءة) ، واتە: خۆتان فێری عەرەبی بکەن، چونکە جوامێریتان زیاد دەبێت.
- عن أبی بن کعب قال : (تعلموا العربية کما تعلمون حفظ القرآن) ، واتە: خۆتان فێری عەرەبی بکەن وەک ئەوەی خۆتان فێری قورئان دەکەن.
- قال الشافعی: (تعلموا العربية فإنها تثبت الفضل وتزيد في المروءة) ، واتە: خۆتان فێری عەرەبی بکەن، چونکە فەزل و گەورەیی و جوامێریتان زیاد دەکات.
کۆی گشتی ئەو دەقانەی فەرموودە و زانایان باس لە گەورەیی زمانی عەرەبی دەکەن، ڕەگەزی عەرەبیش بە باشتر لە نەتەوەکانی دیکە دادەنێن، ئەمەیش وایکردووە موسڵمانان بە زمانێکی پیرۆز لە عەرەبی بڕوانن و فێربوونی عەرەبیش وەک ئەرکێکی ئایینی تەماشا بکەن.
$پیرۆزییەتی زمانی عەرەبی بەر لە ئیسلام$
بەر لەهاتنی ئیسلامیش عەرەب زمانی خۆی بەلاوە پیرۆز بووە، یەکێک لەو بابەتانەی هەمیشە شانازییان پێوەی کردووە، باڵادەستیان بووە لە زمانی عەرەبی، کێبڕکێی هۆنراوە و شیعر خوێندنەوەیان لە ئاستی باڵا ڕێکخستووە، ئەوەندە کەوتبوونە ژێر کاریگەی زمانی شیعر و هۆنراوە وەک جادوو لێیان دەڕوانی.
$لە ئیسلامدا هیچ زمانێک پیرۆز نییە$
قورئانی پیرۆز هیچ دەقێکی تێدا نییە زمانی عەرەبی بە پیرۆز ئەژمار بکات، ئەوەی کە هەیە باس لەوەدەکات قورئان بەزمانی عەرەبی دابەزیوە بۆ ئەوەی لێی تێبگەن، هەڵبەت سەرەتا بۆ نیمچە دوورگەی عەرەب هاتووە و دواتر بۆ مرۆڤایەتی، ئەگەر بەزمانی ئەو خەڵکە نەبا ئەوا تێی نەدەگەیشتن و دوژمنایەتیشیان زۆر زیاتر دەبوو بۆ ئایینی ئیسلام.
هەرچی فەرموودەشە ئەوا هیچ دەقێکی درووست (صحیح) لە فەرموودە نییە ئەو پیرۆزییە بە زمانی عەرەبی ببەخشێت، هیچ کاتێکیش پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ئەو زمانەی بە پیرۆز نەزانیوە کە خۆی قسەی پێکردووە، هەرگیز کەسێکیشی قەدەخە نەکردووە لەوەی بەزمانی دایکی قسە بکات، بەڵکوو سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن خودی خۆی زمانەکانی دیکەشی زانیوە جگە لە عەرەبی، ئەگەرچی ڕای پێچەوانەش هەیە کە تەنیا زمانی عەرەبی زانیوە.
پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) فەرمانی بە هاوەڵانی کردووە خۆیان فێری زمانەکانی دیکە بکەن، هاوکات بەزمانی خەڵکانی دیکەی ناعەرەب، نامەی ناردووە بۆیان بۆ ئەوەی بانگیان بکات بۆ ئیسلام.
لەگەڵ ئەمانەشدا پێغەمبەر (د.خ) شوناسی نەتەوەکانی پاراستووە، هەموو ئەو جیاکاریانەی لەگۆڕ نا، ئەو هەمیشە بانگەشەی یەکسانی نێوان خەڵکانی دەکرد و بەڕوونی فەرموویەتی: خەڵکان وەک ددانی شانە یەکسانن، عەرەب هیچ فەزڵ و گەورەیی بەسەر ناعەرەبەوە نییە، بەهەمان شێوەش ناعەرەبەکە هیچ فەزڵ و گەورەیی نییە بەسەر عەرەبیەکە تەنیا پێوەر لەخوا ترسان و پابەندبوونە بە ئایین.
کەوایە ڕەوا نییە زمانێکی دیاریکراو بەسەر کۆی گشتی موسڵمانان بسەپێندرێت بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی شەرعی درووست و حاشا هەڵنەگر و یەکلاکەرەوە.
$کاریگەرییەکانی بە پیرۆز زانینی زمانی عەرەبی لەناو کورد$
یەکێک لە کێشەکانی کورد وەک نەتەوە لەناو ئیسلامدا بەپیرۆز زانینی زمانی عەرەبی بووە، بەڕادەیەک ئەوەندەی خزمەتی زمانی عەرەبیان کردووە ئەوەندە خزمەتی زمانی دایکی خۆیان نەکردووە، هەڵبەت نابێ لێرە خزمەتی مەلای کورد لەبیر بکرێ بەزمان و ئەدەبی کوردی، بەڵام من وێنەکە بەگشتی وەردەگرم، لێپرسراویشم لەو قسەیە.
سۆزی کورد بۆ ئیسلام ئەوەندە زۆر بووە لە عەرەب زیاتر و باشتر زمانی عەرەبییان زانیوە، زۆرجار نەیانتوانیوە بەزمانی دایکی خۆیان پەڕتووک بنووسن، چونکە زۆربەی کاتیان لەفێربوون و فێرکردنی زمان و ئەدەبی عەرەبیدا خەرج کردووە.
تێگەیشتنی درووستی ئیسلام ئەوەیە: کورد بەگشتی زمانەکەی خۆی لاگرنگ بێت، هەوڵ بۆ پێشڤەبردنی بدات، نەک درێژە بە نەزعەی عەرەبی و تەعریب بدات لەناو ئیسلامدا بەبیانووی پابەندبوون بەئایین یان پیرۆزیێتی زمان.
ئێستاشی لەگەڵ دابێت لەناو کورددا زانا و وتاربێژی وا هەیە پێی ڕەوا نییە وتاری هەینی تەواو بە کوردی بێت، بەڵکوو لە وتاری دووەمی هەینی، ناوەرۆکی وتاری یەکەمی کە بەکوردی داویەتی، بەعەرەبی دەیڵێتەوە. تا ئێستاش لەزۆر ناوچە تەلقینی مردوو بەزمانی عەرەبیە، لەکاتێکدا ڕەنگە مردووە جگە لەفاتیحە و ئایەت کورسی دوو وشەی عەرەبی نەزانێت!
$عەرەبی زمانێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ئایین$
لەڕاستیدا زمانی عەرەبی بەلای موسڵمانانەوە گرنگە، گرنگییەکەتەشی لەوەیە زمانی تێگەیشتنی قورئان و فەرموودەیە، ئەوەیش ئەرکی هەموو تاکێکی موسڵمان نییە خۆی فێری زمانی عەرەبی بکات، بەڵکوو ئەرکە لەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگەیەک تاکە کەسێکی تێدا بێت شارەزای زمانی عەرەبی بێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەسەرچاوە سەرەکیەکانی ئیسلام تێبگات و پەیامەکەش بە خەڵکی دیکە بگەیێنێت. ئەگەر وەک خەڵکانێک بانگەشەی بۆ دەکەن پێویستە و فەرز و واجبە خۆمان فێری عەرەبی بکەین و ئەوەش بە ئەرکی ئایینی ئەژمار دەکەن، ئەوە بەپێی داتاکان 81%ی موسڵمانانی دنیا عەرەبی نازانن، بەو پێیە 81%موسڵمانانی جیهان کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکەیان. نەک تەنیا ئەوە بگرە لەکۆی گشتی ئەوانەشی لە زمانی عەرەبی تێدەگەن تەنیا 9.6%یان زمانی ستانداردی عەرەبی (فوسحە) تێدەگەن کە زمانی قورئانە.
ئیبن تیمیە کە یەکێکە لەزانا گەورەکانی دنیای ئیسلام و بە شێخی ئیسلام ناوزەد دەکرێت، لەبارەی زمانی عەرەبییەوە لە پەرتووکی (اقتضاء الصراط المستقيم) ب1، ل469 دەڵێت: خودی عەرەبی لە ئایینە، زانینیشی فەرز و واجبە، تێگەیشتنی قورئان و فەرموودە ئەرک و (واجب) ە، تێگەیشتنیش لێیان تەنیا لەرێگەی تێگەیشتنی عەرەبییەوەیە، واجبیش بە هەر شتێک تەواو بێت ئەو شتەش واجب دەبێت، ئینجا یان لەسەر خودی تاکەکان، یان لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی.
زانای ناودار (أبو منصور الثعالبي) (فقه اللغە وسر العربیە) ل7 دا دەڵێت: هەرکەسێک خودای خۆش بوێت، پێغەمبەریشی خۆشدەوێت، ئەوەشی پێغەمبەرە عەرەبەکەی خۆشبوێت، عەرەبی خۆش دەوێ، هەر کەسێکیش عەرەبی خۆشبوێت، زمانی عەرەبی خۆشدەوێت کە باشترین پەرتووکی بەو زمانە دابەزیوە لەسەر باشترین کەسی عەرەب و عەجەم.
گرنگیدان بەو ڕیوایەتانەی عەرەبیان بەلاوە گرنگە و زمانەکەشیان پێ پیرۆزە لە سنووری خستنە ناو پەرتووک و ئامۆژگاری دەرچووە، بەڵکوو هەندێک زانای موسڵمان گرنگی تایبەتی پێداوە و بگرە لە پەرتووکی تایبەتدا کۆیان کردووەتەوە، لەنموونەی ئەمانەش (حافزی ئێڕاقی و سەید مستەفا بەکری) ن.
$ئەمەوییەکان وەک عەڕابی پیرۆزکردنی زمانی عەرەبی$
بە گەڕانەوە بۆ ڕەگوریشەی برەودان بە پیرۆزیێتی زمانی عەرەبی، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ئەمەوییەکان لە پشتەوەی ڕەواجدانن بەو بابەتە، دیارە بە بەراورد بە ئەزموونی حوکمرانی ئیسلامی (راشیدین، ئەمەوی، عەباسی و عوسمانی) بۆمان دەردەکەوێت بیری بەگەورەزانینی عەرەب وەک نەتەوە و عەرەبیش وەک زمان ئەگەرچی ڕەگ و ڕیشەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە، ئەوان کە شەرعییەتی بوونیان لاواز بوو، هەمیشە بەدوای شتی دیکەدا دەگەڕان بۆ قەربووکردنەوەی ئەو نەنگیە، یەکێ: لەوانەش برەودانە بەگەورە ناساندن و زانینی عەرەب و عەرەبی، لەپێناو ڕاکێشانی هەست و سۆزی خەڵک بۆ خۆیان و کەمکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتەکەیان.
$زمانی ئایینی وەک زمانی پیرۆز$
نەتەوەکان هەمیشە زمانی ئایینی خۆیان بەزمانێکی پیرۆز زانیوە، موسڵمان عەرەبی، هیندۆسەکان زمانی سەنسکریتیان لا پیرۆزە.
جوو هەمیشە خۆی وەک (گەلی هەڵبژێردراوی خوا) وێناکردووە، زمانەکەشی وەک زمانێکی پیرۆز ناساندووە، (یەعیزەر بن یەهودا) ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە یەکخستنی نەتەوەی جوو لە ڕێگەی زمانی عیبری، ئەو هۆکارێکی سەرەکی پەرتەوازەیی جووەکانی بۆ قسەکردن بە زمانەکانی ئەو گەلانە دەگێڕایەوە کە لەگەڵیان دەژیان، بەپێویستیشی دەزانی گەلی پیرۆز هەمووی بەزمانی عیبری کە زمانی تەورات بوو باخڤێت، سەرەنجامیش زمانی عیبری بووە زمانی نەتەوەیی جوو.
$ئایا ئێمە کە خاوەنی زانای گەورەین لەئیسلامدا هیچ یەکێکیان زمانی کوردی بەپیرۆز زانیوە؟$
هاوکات خاوەنی ئایینی کوردین و زمانی کوردی زمانی ئایینەکە بووە وەک یارسان-کاکەیی، ئێزدی، زەردەشتی، بەڵام ئایا ئەوە لای کورد جێگیر بووە کەزمانی کوردی لا پیرۆز بێت؟
نەک پیرۆزی، بەڵکوو ئێستا زۆربەی خەڵک گرنگی بە زمانی کوردی نادات، بگرە قوتابییانی 12 سەرپشککراون نمرەی زمانی کوردیان بۆ ئەژمار بکرێت یان نا! [1]