$چەپی کورد و پرسیارێک!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
درووستبوونی بزووتنەوەی چەپ بەتایبەتی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی لای کورد شتێکی زۆر سەیرە.
تێزە سەرەکییەکەی درووستبوونی چەپ لە هەموو دونیادا بۆ دژ وەستانەوەی نادادی کۆمەڵایەتی و فەراهەمکردنی لانی کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە. لای کورد ئەم جووڵانەوەیە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا و لە وڵاتێکی نەوتیی-نیمچە سۆسیالیستی وەک ئێراقدا درووستدەبێت کە چینایەتی کۆمەڵایەتی زۆر دەگمەن هەستی پێدەکرێت، دۆخی ئابووری خەڵک نزیکییەکی زۆری لە یەکەوە هەیە، پەروەردە و تەندرووستی بە خۆڕایین، کارەبا و ئاوی پاک لەباشترین دۆخی مێژوویی خۆیاندان، برسێتی و هەژاری تاڕادەی نەبوون نین. چینکێ ناخوڕێ و چینێک لێبخوڕدرێ، کارگە و پیشەسازیی خۆماڵی زۆر لەوەی ئێستا باشترن. موچە نابێتە بابەتی میدیا. بنەماڵەی سیاسیی حوکمڕان نەک هەر بوونی نییە بیریشی لێنەکردراوەتەوە.
لە ئێستادا کە جیاوازی چینایەتی مەوداکەی ئاسمان و ڕێسمانە، چینێک لە ئاسمان ڤێلاو خانوو دەکڕێت زۆرینەیەکیش بێ بەشە لە کولانەیەکی ئارام، جگە لە بنەماڵە کەسی دیکە ناتوانێت ڕەزامەندی لەسەر نەقڵکردنی فەڕاشێک بدات، ئاوی پاک دەست زۆرینە ناکەوێت، کارەبا ئەوە دۆخەکەیەتی، پەروەردە و تەندرووستی بە پارەی خەیاڵیش دەستناکەون، ڕێژەی برسێتیی و هەژاری ڕیکۆرد لەدوای ڕیکۆردی مێژوویی دەشکێنن، عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە واقیع گەڕێ لەچیرۆکەکانیشدا بوونی نەماوە، بەتەلەسکۆپیش بۆ موچەو مەعیشەت بگەڕێیت نایدۆزیتەوە بەڵام هیچ خەبەرێک لەم چەپە بەڕێزانە نییە، کەسیان نوزەیەکیان لێوە نایا.
نازانین چەپەکانی کورد لە ڕابردوودا درۆیان کرد یا هەر بەڕاست ئەم دۆخەی ئێستایان بەدڵە و لێیدەخۆن؟
پێم خۆشبوو ئارام و نەوشیروان مستەفام وەفاتیان نەکردایە تا ئەمڕۆ ئەم پرسیارەیان لێبکەم. [1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 613 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!