ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە بۆ وێنەسازیی ژنانی کورد 02
نووسینی سۆیلا شاریاری
وەرگێڕان: سپێدە ساڵحی
$ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە (ڕەنگدانەوەی وێنە گشتییەکانی ژنانی کورد) $
لەم بەشە لە لێکۆڵینەوەکەدا دەپەرژێینە سەر ئەنجامە گشتییەکان، یان وتەزا سەرەکییەکان کە بنەمای بیردۆزی بنەڕەتیی باسەکەمان پێکدێنن. 15 پرسیار لەم لێکۆڵینەوەیەدا لێکدراونەتەوه، لێکۆڵەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی میتۆدی وتووێژی نیوەڕۆنراو لە 31 کەس لە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆی کردوونەتەوە. لۆژیک و شێوازی خستنەڕووی ئەنجامەکان؛ بەپێی نموونەی گشتیی لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوەکانە لە بیردۆزە بنەڕەتییەکەدا. لەنێو ئەو کەسانەی وتووێژیان لەگەڵدا کراوە، ژنانی نەخوێندەوار، کەم¬ خوێنەوار، خوێنەوار، نووسەر و مامۆستای زانکۆ و…لە سێ چینی خوارەوە، ناوەڕاست و سەرەوە و هەروەها ژنانی کوردی ئیشکەر لە بواری ئابووری نەریتی و سونەتی و نانەریتی (خزمەتگوزاریی، فەرمانبەر، و…) بەشدار بوون کە جیاوازی و جۆراوجۆرییەکان دەخاتە ڕوو.
$وێنەی زەینی$
فەرهەنگی “لانگمەن” وێنەی زەینی (self-image) بەم شێوەیە پێناسە دەکات؛ وێنەی زەینی، وێنا و ئایدیایەکە کە ئێوە لەبارەی خۆتانەوە، بەتایبەتی تواناییەکان، کەسایەتی و ڕواڵەتتان هەتانە. پرسیاری سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیەش دەپەرژێتە سەر وێنەی زەینیی ژنانی کورد لە خۆیان، بۆیە هەوڵداروە کە پرسیارەکانی وتووێژەکە لە 6 تەوەری سەرەکیدا یانی تواناییەکان، تایبەتمەندییە کەسێتییەکان، ڕواڵەت، کەمینەبوون لەڕووی ئایینییەوە و ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی گەڵاڵە و ئاڕاستە بکرێت. بۆ قووڵبوونەوەی زیاتر لەسەر هەندێک لە تەوەرەکان کە بەڕای لێکۆڵەر گرینگییەکی زیاتریان هەبووە، چەندین پرسیار گەڵاڵە بووە کە لە دواجاردا لەدەروخولی ئەم تەوەرە شەشدانەییە، 15 پرسیار خرایە ڕوو.
$تواناییەکان$
بارودۆخی دژواری ئابووری و هەلومەرجی ئیشوکاری ئابووریی ناپیشەیی، له و وتەزایانە بوون کە کەسەکان لە گێڕانەوەی ژیانی خۆیاندا بەزۆری و چەندبارە دەپەرژانە سەریان. بۆیە وێنەی ئەوان لە خۆیان لە کۆنتێکست و بەستێنی دژواری هەلومەرجی ئابووری و ئابووریی ناپیشەییدا وێنا دەکرێ. کوردستان یەکێک لە ناوچە پەراوێز و پشتگوێخراوەکانی ئێرانە، لەڕووی پێوەر و پێودانگەکانی پێشکەوتنی ئابووری و دامەزراوە ئابوورییە بنەماییەکاندا لە ئاستێکی زۆر نزم و لاواز دایە. چەند کەس لە ژنانی کورد ئەم هەلومەرجە بەم شێوەیە پێناسە و وێنا دەکەن؛ “باخەوانیم کردووە و لەم ڕێگەیەوە داهاتێکی زۆرم دەست کەوتووە و تێچووی ژیانی خۆم و منداڵەکانم بەم داهاتە دابینکردووە و، بەم کارەشمەوە شانازیم کردووە. هەموو ئیشێکم کردووە لە سەروپێ فرۆشتنەوە تا نانکردن بۆ کەبابی مێردەکەم. خوا ئاگادارە منداڵەکەم بە کۆڵمەوە بووە و ڕۆژانە 5 دانە سەروپێم چاک کردووە و 250 تا 300 دانە نانم بۆ کەبابییەکەمان کردووە. بەردەوام کڵاشم چنیوە. ڕەنگە هەر ساڵە و 100 کڵاشی پیاوانەم چنیوە. کاری کشتوکاڵ لەوانە ناشتنی شەتڵە تەماتە و…کردووە. لە چنینەوە و هەڵگرتنی بەروبوومی باخەکەمان لە هەنار، گوێز و…هاوکار بووم”.
1- (من زۆر زەحمەتم کێشاوە. لە سەردەمی گەنجێتیمدا کە زۆر بەهێز و توانا بووم، جاری وا هەڵکەوتووە 30 ڕۆژی بەردەوام؛ شەووڕۆژ خەریکی کاری کشتووکاڵ و باخەوانی و هەڵگرتنی بەروبووم بووم. وەکوو جووتیارێک ئیشم کردووە. وەرزێریم کردووە، ئەو سەردەمە زۆر جاران بووە کە لە ماڵەوە نانمان نەبووە و پێمان عەیب بووە بڕۆین لە ماڵەدراوسێ ئارد قەرز کەین، دەچووم لە بەرزایی کێو و چیاکانی ئێرە گوێنییەک گەزەرەک (ناوی گیایەکە لە کەژەکانی هەورامان) م دەهێنا. غیرەتم نەیدەهێشت لە کەسێک ئارد قەرز بکەم. گەزەرەکەکانم پاک دەکرد و دەمکردە ئاش و دەمهاڕی و بەم شێوەیە منداڵەکانم تێر دەکرد و نەمدەهێشت برسییان بێت و هیچ کات نەبووە دەستم ڕادەم بۆ یارمەتیی لە کەسێک. ڕەنج و زەحمەتی زۆرم بینیوە. هەموو خەڵکی “نۆدشە” بە چاکەوە باسی من دەکەن. تەشیم ڕێساوە، باخداری و باخەوانیم کردووە، مانگام بە خێو کردووە و باخم ئاو داوە و…کۆڵێک پارەم بەم شێوەیە بەدەستهێناوە و هەر بەم شێوەیە سێ دانە لە باشترین باخەکانی ئەم دەڤەرەم کڕیوە و تەنانەت مێردەکەشم نەیزانیوە) .
2- (ساڵی 1362ی هەتاوی (1984ز) هاوسەرگیریم کردووە و ساڵی 1367 هەتاوی (1989ز) مێردەکەم ڕۆشتووە بۆ سەربازی (عەسکەری) و من و منداڵەکانم بەهەژاری و دەستنەگی ماینەتەوە، هیچ کات بێهیوا نەبووم و خۆم دەستم دایە چالاکی ئابووری و ئیشوکار. باخەوانیم بۆ خەڵک دەکرد، کڵاشم دەچنی، بۆ دووکانی سەرپێفرۆشی ئیشم دەکرد، کەڵەکم چنیوە. ئاویاری باخم کردووە و ئاتاجی ژیانی خۆم و منداڵەکانم دابین دەکرد. لە کاتی درووستکردنی خانووەکەماندا خۆم و مێردەکەم هاوشانی یەک کارمان کردووە) .
3- (کاتێ هاتینە ئەم خانووە تازەیەمان بەڕاستی بێپارە بووین و شووەکەم ڕۆشتبوو بۆ کرێکاری و ئێمە تەنیا و بێپووڵ بووین. لەگەڵ ژنە دراوسێکەمان بەردەوام کڵاشمان دەچنی و خۆم ئاتاجی و پێویستییەکانی ژیانمان دابین دەکرد. سوێند بەخوا کەلوپەلی ناوماڵمان نەبوو و هەموو فەرش و کەلوپەلەکانی تری ناوماڵم هەر بەم کڵاشچنینەوە کڕیوە. زۆر شه و بووە کە هەر نەخەوتووم و کڵاشم دەچنی. هەر ڕۆژ دەبوو تاکێک کڵاشم تەواو بکردایە. سوێند بەخوا قەت لەبیرم ناچێ شەوێک کارەبا بڕا و من بەردەوام دۆعام دەکرد کارەبا بێتەوە تاکوو تاکە کڵاشەکە تەواو بکەم. کارەبا نەهاتەوە و نەهاتەوە و خەوم لێکەوت و کاژێر 3ێی نیوەشه و لەخه و ڕاچەنیم و بینیم کارەبا هاتۆتەوە بۆیە تا بەیانی نەخەوتم تاکوو تاکە کڵاشەکەم بچنم و تەواوی کەم. باخەوانی، ئاودێرانی باخ، ماڵداری، کرێوەرگرتن و بەخێوکردنی باخی خەڵک، منداڵداریم کردووە و خزمەتی شووەکەشم کردووە و…هەموو کارێکمان کردووە) .
$سەربەخۆیی ئابووری$
هەروەها کە پێشتر ئاماژەی پێدرا؛ بارودۆخی نالەبار و دژواری کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بووە بە بەهۆی ئەوەی کە ژنانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەختی و دژوارییە ئابوورییەکان و دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزان و منداڵەکانیان وەکوو یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و سەربەخۆیی ئابووری لەپاڵ مێردەکانیان و هاوشانی ئەوان ئامادە بن و دەرکەون. سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان بەهۆی تەنگژە ئابوورییە پێکهاتەییەکان و هەلومەرجی دژوار و سەختی ژیان لە لایەک و هەروەها بە مەبەستی دەربازبوون لە هەڵاواردنە ژێندەرییەکان و سووک لێنەڕوانینەکان لەلایەکی دیکە، وەکوو بەها و بەیەخێکی ڕزگارکەرانە بینراوە. هەموو ئەو کەسانەی کە وتووێژیان لەگەڵدا کراوە لەسەر گرینگیی سەربەخۆیی ئابووری چ لە ڕووی تیۆرییەوە و چ لە ڕووی پراکتیکییەوه، پێداگرییان کردووە. چ ئەو خانم یان ژنانەی کە لە بەشی ئابووریی باخەوانی و کشتووکاڵدا ئیشیان کردووە و بە شێوەیەک سەربەخۆیی ئابووریی سونەتی و کۆنیان ئەزموون کردووە و چ ئەوانەی کە لە بەشی ئابووریی خزمەتگوزاریی شاری یان فەرمانبەرێتیدا سەرقاڵی کار بوون و بە شێوەیەکی مۆدێڕن سەربەخۆیی ئابوورییان هەبووە. چەند کەس لەوانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە دەڵێن:-
1- (تێچو و خەرجیی ژیانی خۆم و منداڵەکانم بەم پارەیە دابین کردووە و شانازیشم کردووە بەم ئیشەوە. کۆڵێک پارەم کۆ کردۆتەوە و هەر بەوەش سێ دانە لە باشترین باخەکانی ئەم ناوچەیەم کڕیوە و تەنانەت مێردەکەشم ئاگادار نەبووە و هیچ کاتیش دەستم بۆ یارمەتیی لە کەس ڕانەداوە) .
2- (هەموو جۆرە ئیشوکارێکی ئابووریم بەشێوەی هاوکات ئەنجام دەدا و ئەمە لە حاڵێکدابوو کە هەموو کار و ئەرکەکانیشم لە ماڵەوە بە باشترین شێوە ڕادەپەڕاند. تەنانەت شووەکەشم هەمیشە پێمی دەگوت؛ کە سوێند بەخوا مێشک و زەینی تۆ زۆر باشتر لە هی من ئیش ئەکات. تۆ زۆرتر لە من پارە پەیدا دەکەی. سەرەڕای ئەوەی کە مێردەکەم مامۆستای قوتابخانە بوو زۆر کات وادەبوو کە ئەو پارەی لە من دەسەند. زەینێکی ورد و ژمێریارانەم هەبوو بۆ پارەپەیداکردن. بە کارێک و داهاتێک قەناعەتم نەدەکرد وهەمیشە بەدوای کار و داهاتی زیاترەوە بووم) .
$لەسەر پێی خۆڕاوەستان$
وا دەردەکەوێت کە بەهۆی دەستەویەخەبوون لەگەڵ بارودۆخی دژوار و ئەستەمی ژیان و کێشەی زۆروزەبەندی ئابووری و پێشنەکەوتوویی کوردستان ژنانی کورد وا ڕاهاتوون کە لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن. دوو کەس لەوانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە بەم شێوەیە دەگێڕنەوه:-
1- (من ئینسانێکم کە لە سەرپێی خۆم ڕاوەستاوم. چوون هەمیشە وابیر دەکەمەوە کە کێشەکان بچووکتر لەوەن شان بدەن لە شانم و بمخەن. واقیعبینبوونم بووەتە هۆی ئەوەی کە ژنێکم بم لەسەر پێی خۆم ڕاوەستم و کەمترین گرێدراوێتی و وابەستەبوونم بە کەسانی دیکەوە هەبێت. هەست دەکەم سەرنج و فۆکۆس بخەمە سەر هەر شتێک بەدەستی دەهێنم) .
2- (من ئەم تواناییە لە خۆمڕا دەبینم کە وەکوو ژنێکی کورد بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ ژیانم ببەم بە ڕێوە و لەسەرپێی خۆم ڕاوەستم) .
$توانایی$
ژنانی کورد لە زۆر بواردا خۆیان بە خاوەن بەهرە و توانایی دەزانن. ئەو تواناییانەی کە ئەوان باسی دەکەن چ لە ڕووی فیکری و زەینییەوە و چ لە ڕووی جەستەییەوە زیاتر لە جۆری ئەو تواناییانە بوون کە ئەوان بە شێوەیەکی تەواو وشیارانە و بەهۆی بەردەوامیی و درێژدان بە کار و چالاکی لە بوارێکی تایبەتدا، بەدەستیان هێنابوو. چەند کەس لەوانەی وتووێژیان لەگەڵ کرا ئاوا وەڵامیان دایەوە:-
1- (تواناییەکانم زۆر زیاترە لەوەی کە تا ئێستە توانیومە بیانخەمە ڕوو. چوون بەهۆی کێشە کەلتووری و ئابوورییەکانەوە بەردەوام خەریکی ململانێ و کێشمەکێش بووم، هەموو ئەو جۆرە لەمپەر و نامیهرەبانییانەی کە ڕۆژگار و زەمانە بەسەر منیان هێناوه، ئەو دەرفەت و هەلانەیان لە من سەندووەتەوە وا دەمتوانی لەپێناو زیاتر نیشاندانی تواناییەکانم سوودیان لی وەرگرم) .
2- (کێشە عاتیفی و سۆزدارییەکان یەکێک له و کێشانەیە کە لە ناو ژناندا زۆر باون و من هەمیشە بە باشترین شێوە کۆنترۆڵیان دەکەم و زاڵ دەبم بە سەریاندا، هیچکات خاڵ و وێستگەیەکی ئایدیالی جێگیر و کۆتاییم لە ژیانمدا دیاری نەکردووە بەڵکوو بە سەرنجدان بە بارودۆخ و هەلومەرج، وێستگە و خاڵە ئایدیالەکانم گۆڕانیان بەسەردا دێت) .
3- (هەموو ئەو لقانەی کە بنەمایان هونەری نواندنە دەتوانم وانەیان لەسەر بڵێمەوە. لە کاری توێژینەوەییشدا سەرکەوتوو بووم. بۆ نموونە یەکێک لە کارە سەرکەوتووەکانم شیکاریی دیسکۆرسیڤی پۆرترێت لە سەردەمی قەجەردا بووە. متمانەبەخۆبوونێکی زۆرم هەیە بە شێوەیەک کە وادەزانم کە دەرەقەتی هەر ئیش و کارێک دێم.) )
$ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دووانەی پیاوانە-ژنانه$
هەلومەرجی دژوار و سەختی ئابووری لە لایەک و پیاوسالاریی (هەڵبەت به و مانایەی لە کوردستاندا هەیە) لە لایەکی دیکە بە شێوەیەک کە لە خوارەوە باسی دەکەین وەکوو هۆکارگەلێک بۆ درووستبوون و سەرهەڵدانی هەندێک تایبەتمەندیی کەلتووری دانسقە لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەرکەوتوون کە یەکێک لەم دانسقەبوونە کەلتوورییانە لە کوردستاندا ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دووانەی (پیاوانە-ژنانه) یە لە کەلتووری کوردیدا.
بەهۆی ئەوەی کە لێکۆڵەر خۆی کورد بووە و لەگەڵ ڕۆحی کەلتووری کوردیدا ناسیاوەتیەکی ورد و ناسکی هەبووە و ئەزموونێکی ژینکراوی هاوشێوەی لەگەڵ ئەم کەسانە هەبوە کە وتووێژیان لەگەڵدا کراوە، هەر بۆیە تا ڕادەیەکی زۆر (پرۆسێسی تێکەڵبوونی ئاسۆ ماناییەکان) (ژۆزێف بلاپشێر، 1380:269) ی لێکۆڵەر و ئەوانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە ئاسانکاریی بۆ دەکرێت و زەمینەکەی هەموار و خۆش دەبێت. هەلومەرج و بارودۆخی دژوار و سەختی ئابووری کە دەیان جار لە بەشە جۆراوجۆرەکانی وتووێژەکان ئاماژەی پێدراوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ژنان هاوشانی پیاوان بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزان سەرقاڵی کاری بەرهەمهێنان و بژێوی پەیداکردن بن و ڕۆڵێکی زۆر دیار و بەرچاویان لە بەرهەمهێنانی ئابووریدا هەبێت یان بە دەربڕینێکی دیکە ژنانی کورد لە لایەکەوە بەشێوەیەکی سوونەتی و نەرێتی لەڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بوون و لە بازاڕی کاروباری سوونەتی و ناپیشەییدا چالاک بوون و لە لایەکی دیکەشەوە گووتاری پیاوسالارانەی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای کوردستانیش بووە بە زەمینەساز و هۆکارێک بۆ بەرتەسککردن و تەنگ پێهەڵچنرانی ژنانی کورد کە لە چەندین حاڵەتدا ژنان لەژێر ناوی نەخوێندەواریی و کەمخوێندەواریی، ئەم دۆخە و بەدواداهاتەکەیان باسکردووە. هەڵبەت بە هەمان شێوە کە پێشتر گووترا ئەم بەرتەسککردنەوەیە و تەنگ پێهەڵچنینە بۆ نەوە و بەرەی نوێ زۆر کەم و کورتتر پێشبینی دەکرا و ئەو کەسانەی کە خۆیان بە قوربانیی ئەم وتارە دەزانی مەبەستیان ڕووبەڕووبوونەوە و ڕاوەستان لە هەمبەر کڵێشەی “پیاوی بەهێز/ژنی زایفە” بوو. لە ڕاستیدا ئەوانەی وتووێژیان لەگەڵ کرا لە گێڕانەوەگەلی جۆراوجۆردا کە دەپەرژایە سەر نیشاندان و نوواندنی تواناییەکانی خۆیان بۆ لێکۆڵەر باوەڕیان بە جیاوازی و هەبوونی تایبەتمەندیی ژنانە و پیاوانە هەبوو و دانیان پێدا دەنا و ئەوانەی وا بە سەر ئەم کڵێشەیەدا زاڵ نەبووبوون و خۆیان یەکلایی نەکردبووەوه، وێنەیەکی بێهێز و بێدەسەڵات یان زایف و لاوازیان لە خۆیان هەبوو. یەکێک لەم ژنانە ئاوا دەڵێ:-
( من زۆرزۆر و تەنانەت چەندقاتی هەموو ئەو ژنانەی کە دەیانناسم، ژیانم تووشی هەوراز و نشێو بووە و سەختی زۆرم چێشتووە. هەم کارەکانی ماڵەوە و هەمیش کارەکانی دەرەوەی ماڵم ئەنجام داوە. باخەکەمان زۆر گەورەیە، خۆم بە بێڵ کێڵاومە و هەموو جۆرە میوە و بەرهەمێکم چاندووه تێیدا و سەربەخۆ بووم. بۆ ئاودانی باخەکەمان شەوم داوە بە دەمی ڕۆژەوە و زۆربەی کات خۆم باخەکەمانم ئاو داوە. زەحمەتیکی زۆرم کێشاوە) .[1]
$سەرچاوە:$
1-شهریاری، سهیلا، زنان کرد (نڤریەای مبنایی در باب زنان کرد) ، جامعەشناسان، چاپ اول، تهران 1394