کۆنفرانسی #ماوەت# ی #پارتی دیموکراتی کوردستان# - (کۆنفرانسی ماوەتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان – ئێراق – #09-04-1964#) ، لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بڕیاری #ئیبراهیم ئەحمەد# سکرتێری حزب، بە مەبەستی دژایەتی کردنی سەرۆک مستەفا بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی ماوەت ئەنجامدرا.
کۆنفرانسی ماوەت- (کۆنفرانسی ماوەتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان – ئێراق – 9ی نیسانی 1964) ، لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بڕیاری ئیبراهیم ئەحمەد سکرتێری حزب، بە مەبەستی دژایەتی کردنی #مەلا مستەفا بارزانی# سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی ماوەت ئەنجامدرا.
$هۆکارەکان$
لە ڕێکەوتی 10ی حوزەیرانی 1963 هێرشی بۆسەر کوردستان دەستپێکردەوە و ڕژێم هەرچی هێزی چەکدار هەبوو ناردیە مەیدانەکانی شەڕ. لەشکری کوردستان بە مەبەستی بەرگریکردن چەندین بەرەی جەنگی کردەوە و بەرپەرچی پەلامارەکان درایەوە. لە و ماوەیەدا لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزانییەوە چەند بروسکەیەک بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی نێردران و داوا لە ئیبراهیم ئەحمەدی سکرتێری حزب و مەکتەبی سیاسی کرا چەند هێرشێک لە ناوچەکانی خۆیان بۆسەر سوپا ئەنجام بدەن، بەڵام مەکتەبی سیاسی و بەتایبەتی ئیبراهیم ئەحمەد، وەڵامی داواکارییەکانیان نەدایەوە، ڕێگریشیان لە و فەرماندەیانە کرد کە بێ پرسی ئەوان هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی حکوومەت. ئەم هەڵسوکەوتانە وایانکرد ساردییەک لەنێوان سەرۆک مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد درووست ببێت.
لە ڕێکەوتی 18ی تشرینی دووەمی 1963 حکوومەتەکەی بەعس لەلایەن سوپاوە کودەتای بەسەردا کرا و ڕووخا. دوای کودەتا، عەبدولسەلام عارف دەسەڵاتی گرتە دەست و ڕاستەوخۆ داوای دانووستانی لە سەرکردایەتی شۆڕش کرد. لە مانگی کانوونی یەکەمی 1963 دوای ڕاوێژی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی دانووستانەکان دەستیانپێکرد و عەقید عەبدولڕەزاق مەحموود پارێزگاری #سلێمانی# وەک نوێنەری حکوومەت هاتە شاری #ڕانیە# و لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی، #جەلال تاڵەبانی# و #نوری شاوەیس# ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە و گفتوگۆکان ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو لای لێکەوتەوە و بەیاننامەی ڕێککەوتن لە #10-02-1964# لەلایەن حکوومەتەوە ڕاگەیەنرا کە تێیدا هاتبوو دەوڵەت دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا دەنێت.
لە ڕێکەوتی 17ی شوباتی 1964 ئیبراهیم ئەحمەد، #سەید عەزیز شەمزینی# و #عومەر دەبابە# هاتنە #سەنگەسەر# و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە، ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕازی بوونی هەموو لایەک بوو لەسەر ڕێککەوتنەکەی 10ی شوبات. دوای حەفتەیەک مانەوە لە سەنگەسەر، ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی گەڕانەوە ماوەت، لەوێ جارێکیتر دەستیان بە دژایەتییەکانیان کردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری فەرماندە و پێشمەرگە ماوەت جێبهێڵن و بچنە لای سەرۆک بارزانی لە سەنگەسەر و پلانەکەی مەکتەبی سیاسی بۆ سەرۆک بارزانی ئاشکرا بکەن. دوای هاتنی فەرماندەکانی پێشمەرگه، سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کردن و دوای ڕاوێژکردن، بڕیاریدا تەواوی ئەو فەرماندانە لابدات کە دوای مەکتەبی سیاسی کەوتوون و لە جیاتی ئەوان چەند فەرماندەیەکی تر دابنێت کە جێگای متمانەبن. فەرماندە لابراوەکان بریتیبوون لە: جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا دەبابە، عەلی عەسکەری و کەمال موفتی. لەبەرانبەردا ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی لە ڕێکەوتی 9ی نیسانی 1964 کۆنفرانسی ماوەتیان ئەنجامدا.
$بەستنی کۆنفرانس$
لە ڕێکەوتی 4ی نیسانی 1964 تاکو ڕێکەوتی 9ی نیسانی 1964، کۆنفرانس لە قوتابخانەی سەرەتایی شارەدێی ماوەت دەستی بەکار کرد. سەرەتا بڕیار بووە لە ڕێکەوتی 1ی نیسانی 1964، لە گوندی #مالومە# کۆنفرانس بکرێت، بەڵام دواتر گواسترایەوە ماوەت، چونکە مەکتەبی سیاسی لە بروسکەکەیدا بە نوێنەرە بانگهێشتکراوەکان دەڵێت لە ڕێکەوتی 1ی نیسانی 1964دا کۆنفرانسێک دەبەسترێت، بەڵام دوای سێ ڕۆژ لە وادەی خۆی ڕێکخرا. ڕاپۆرتی مەکتەبی سیاسی لەلایەن ئیبراهیم ئەحمەدەوە خوێنرایەوە. لە کۆی تەواوی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی دە ئەندام و بەرپرسانی هەر پێنج لقەکانی یەکی #موسڵ#، لقی دووی #هەولێر#، لقی سێی #کەرکووک#، لقی چواری سلێمانی و لقی پێنجی بەغدا بەسترا. بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە: نوری شاوەیس، عەلی عەبدوڵڵا، سەید عەزیز شەمزینی و ئیبراهیم ئەحمەد. هەریەک لە جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا، ساڵح یوسفی ، عەبدولحسێن فەیلی، هاشم ئاکرەیی و ناهیدە شێخ سەلام بەهۆکاری جیاوازەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا نەکرد. عەقید عیسا پێژمان نوێنەری دەزگای هەواڵگری ساواکی ئێران لەکاتی کۆنفرانسەکە لە ماوەت بوو.
مەبەستی سەرەکی ئیبراهیم ئەحمەد فەتاح لە کۆبوونەوەی ماوەت، دژایەتیکردنی مستەفا بارزانی و لادانی بوو لە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان. هەر لە کۆنفرانسەکەدا وەفدێک پێکهێنرا، بۆئەوەی بکەوێتە نێوان مەکتەبی سیاسی و سەرۆک مستەفا بارزانی، بۆ ئەم مەبەستە وەفدەکە چووە لای سەرۆک بارزانی و بڕیاردرا، تا گەڕانەوەی وەفدەکە، کۆنفرانس کۆتایی پێ نەهێنرێت. وەفدەکە لەگەڵ سەرۆک بارزانی گەیشتنە ئەنجامێکی هاوبەش و گەڕایەوە ماوەت، کاتێک وەفدەکە گەڕایەوە کۆنفرانس کۆتایی پێهاتبوو و بەیاننامەیەکیان لە دژی سەرۆک بارزانی لەلایەن مەکتەبی سیاسی دەرکردبوو، بە ناونیشانی (ڕێککەوتنەکەی بارزانی و موشیر ئاشتییە یان خۆبەدەستەوەدانە؟) ، هەر بەپێی ئەو بەرنامەی کار و مەرامەی کە دانرابوو لە دوا ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری سڕکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی درا.
[1]