ناونیشانی بابەت: شاخی بەمۆ.. سرووشتێکی ناوازەی پڕ لە شوێنەواری مێژوویی
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
شاخی بەمۆ بەشێکە لە زنجیرە کێوی #زاگرۆس# و کەوتووەتە سەر سنووری باشوور و #رۆژهەڵاتی کوردستان#. بەرزترین شوێنی ئەم شاخە 1842مەتر بەرزە و خاوەن ژینگە و سرووشتێکی ناوازەی پڕ لە شوێنەواری مێژووییە، کە بە گوتەی ژینگەپارێزان؛ زیاترین ئاژەڵی وەکوو کەڵ، پڵنگ، ئاسک، پشیلەی کێوی و ورچی قاوەیی لەخۆ گرتووە.
لە هەزارەی سێیەم و دووەمی بەر لە زایین، لۆلۆییەکان لە داوێنی شاخی بەمۆ ژیاون. بەمۆ زۆرجار وەکوو سنوورێک بووە لەنێوان لۆلۆیی و هۆزەکانی دیکەی دەوروبەری بەمۆ، کە ئێستا، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێکەوە گرێ داوە و لە هیچ لایەکییەوە وەکوو پێویست توێژینەوەی مێژوویی و زانستیی لەسەر شوێنەوارەکانی نەکراوە، بەڵام بۆ یەکەمجار ماڵپەڕێکی ئەمریکی بەناوی (لایۆساینس) لە ساڵی 2019 بڵاوی کردەوە؛ یەکێک لە 10 دۆزینەوە گەورە و سەمەرەکانی جیهانی لەسەر شاخی بەمۆ دۆزیوەتەوە، کە بریتییە لە دیوارێکی بەردین، بەدرێژایی 115 کیلۆمەتر لەسەر کێوی بەمۆ و دیوارەکە دەکەوێتە سەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شوێنەوارناسەکان هێشتا نازانن ئەو دیوارە بەم درێژییە، چۆن و بە چ مەبەستێک درووست کراوە، دیوارەکە چوارمەتر پانە و سێ مەتریش بەرزە.
بەشی زۆری چیای بەمۆ دەکەوێتە شارۆچکەی سەلاسی باوەجانی، کە هاوسنوورە لەگەڵ باشووری کوردستان. خەڵکی ناوچەی باوەجانی بەم دیوارە، دیواری گاورەکان یان دیواری گاوری دەڵێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیدارەی میرات و کولتووری پارێزگای کرماشان، هەر لەنزیک ئەم دیوارە لە سەلاسی باوەجانی، دوو پەیکەرەبەردی چوار هەزار ساڵە دۆزراونەتەوە، کە یەکێکە لە کۆنترین بەڵگەکان بۆ سنووری سیاسی لە جیهانی بەر لە زایین، کە مێژوویی بۆ هەزارەی دووەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. لە یەکێک لە بەردەنووسەکاندا، پادشایەک پێی خۆی خستووەتە سەر سینگی دیلێک و لەبەرانبەریەوە کەسێکی دیکە وەستاوە. لەسەر بەردەنووسی دووەمیش پادشایەک بە پۆشاکێکی درێژ هەڵکەنراوە، کە پشتوێنێکی لە پشتە و دوو ڕمیشی بەدەستەوە گرتووە. پێشتر بەدرێژایی سنووری نێوان سەلاسی باوەجانی تا #سلێمانی#، بەردەنووسی دیکەی لەمجۆرە دۆزراونەتەوە، کە پێدەچێت هی ئەو پاشایە بێت. ئەم پاشایە ناوی ئایدین سین بووە، کە پاشای سیمووروم یان ئانزابازونایە، کە لەکۆتایی هەزارەی دووەمی بەر لە زایین لە ناوچەی دیالە حکوومەتی کردووە و چەندین جار هێرشی کردووەتەسەر دانیشتووانی ناوچەکە و نەخشی خۆی لە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی لەو شەڕانەدا بۆ یادەوەری هەڵکەندووە.
ئەو دیوارەی ساڵی 2019 ئەمریکییەکان لە ڕێی وێنەی ئاسمانییەوە لەسەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزییانەوە، لە باکووری بەمۆ لە شارۆچکەی باوەجانییەوە دەست پێدەکات و تا گوندی ژاوەمەرگی باژێری گەیلانی ڕۆژاوا درێژ دەبێتەوە، بەڵام بەشێکیشی دەکەوێتە ئەو لای کێوی بەمۆ لە باشووری کوردستان. بەدرێژایی ئەم دیوارە چەندین قەڵا و بینا درووست کراون، کە پێدەچێت مەبەستی سەربازییان لە پشتەوە بێ و مێژووی درووستکردنیان بۆ سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. دیوارەکە لە بەڵگە مێژووییەکانی سەدەمی عوسمانییەکان لە سەردەمی سەفەوییەکان بە دیواری کۆن ناوی هاتووە. هەروەها لە ساڵی 1850 سەربازێکی ڕووسی بەناو سەرهەنگ چریکۆف، کە سنووری نێوان ئێران و عوسمانییەکانی دیاری کردووە، بەمجۆرە باسی دەکات: لەسەر ڕێگای سەرپێڵی زەهاو بۆ بەغدا، پاشماوەی دیوارێکی درێژ ماوە، کە لە چەپەری سەربازیی دەچێت.
درووستکردنی دیوارێک بەم درێژییە، کە بۆ درووستکردنی یەک ملیۆن مەتری چوارگۆشە بەردی بۆ تەرخان کراوە، لە توانای خەڵکی گوندێک یان شارێک بەدەر بووە، بۆیە دوور نییە پلانێکی تۆکمەی حکوومەتێکی گەورەی ئەو سەردەمەی لە پشتەوە بووبێ.[1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 898 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!