نیازى خراپى بەعسییەکان دواى کودەتاى #08-02-1963# بەرانبەر گەلى کورد لەو کاتەوە دەستى پێکرد کاتێ کەوتنە پێک هێنانى بەدناوترین ڕێکخراوى چەکدارى بەعسى لە مێژووى وڵاتى ئێراقدا، ئەویش ڕێکخراوى (حەرەس قەومى) بوو، دواى بە بنبەست گەیشتنى دانووستانەکان، جاڕى زۆرى پێ نەچوو لە ڕێگەى ئەو ڕێکخراوە دەمامکیان لەسەر ڕووى خۆیان لاداو بە ئاشکرا لە بەردەم ڕۆژنامەنووساندا جاڕى شەڕیانداو و لە خۆباییانە ڕایانگەیاند کە سوپاى ئێراقى خۆى بۆ سەیرانێک لە (شیمالى خۆشەویست) ئامادەکردووە، ئەوەبوو کەوتنە گیانى خەڵکى بێتاوانى کوردستان. ئەوەبوو لە #10-06-1963# ئەنجوومەنى نیشتمانى حوکمڕان لە ئێراق بڕیاریدا، هەولێر و سلێمانى و موسڵ و کەرکووک بە ناوچەى سەربازیی هەژمار دەکرێن و دەبنە گۆڕەپانى پڕۆسەى سەربازیی.
حکومەت مەبەستى بوو قورسایی هێرش بخاتە سەر بەرەیەکى دیاریکراو، لە بەرەکانى تریش خۆى بە شەڕى ئاسان و پچڕ پچڕ خەریک بکات، لە ناو هەموو بەرەکانى شەڕدا بەرەى #ئاکرێ# – پیرسى هەڵبژارد، مەبەستى لەو کارەش ئەوەبوو بگاتە بارزان، ئەرکى ئەم کارەى بە دوو فیرقەى سوپا سپارد، فیرقەى یەک بە سەرکردایەتى عەمید ڕوکن (عەبدولکەریم فەرحان) و قیرقەى دوو بە سەرکردایەتى عەمید ڕوکن (ئیبراهیم فەیسەڵ نەنسارى) بۆ بەرەى مێرگەسۆر، جێبەجێکردنى پلانەکە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێرى وەزیرى بەرگرى (ساڵح مەهدى عەمماش) و سەرۆکى ئەرکانى سوپا (تاهیر یەحیا) دا بوو، هەموو ئەمانە پێیان وابوو کەوا داگیرکردنى بارزان لە ناوبردنى شۆڕشیان بۆ دەستەبەر دەکات.
لە #15-06-1963# هێزەکانى فیرقەى یەک بە پاڵپشتى (5000) پێنج هەزار جاش هێرشیان هێنا سەر چیای (سەرى ئاکرێ) ، پاش شەڕێکى زۆر سەخت و بەرگریەکى دژوار سوپاى ئێراقى توانى دەست بەسەر ئەم شوێنە ستاتیجییە دابگرێ، دواى ئەوەى سوپا 69 کوژراو 122 برینداریان لە شەڕەکەدا بە جێهێشت، لە ڕیزى جاشەکانیش 23 کوژراو 37 بریندار هەبوو. دواى ئەوە سوپاى ئێراقى ئامادەکارى کرد کە چیای پیرس داگیر بکات.
لەگەڵ گەیشتنى هەواڵى شەڕى پیرس بە سەرکردەى شۆڕش (#مەلا مستەفا بارزانی#) ، خۆى ئامادە دەکات بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە ناوچەى شەڕەکە، پێشتر بڕیاربوو بچێتە ناوچەى #برادۆست#. لە شوێنى خۆى هەر یەک لە (عەقید عەبدولکافى نەبەوى) بە بەرپرسى بەرەى سپیلک و عەبدوڵڵا ئاغاى پشدەریش بە یارمەتیدەرى دەستنیشان دەکات، فەرمانیان پێ دەدا بەرەى سپیلک بکەنە هێڵى داکۆکى، حکومەت واى دانابوو لەو بەرەوە، بەرەو مێرگەسۆر بچێت. لە شەوى 18/19ى حوزەیراندا حوزەیراندا مەلا مستەفا بارزانی دەچێتە سەرووى گوندى #سەفتی# یەوە کە دەکەوێتە لاى باکوورى داوێنى چیای پیرس، ئەم شوێنە لەلایەن حکومەتى ئێراقى دەست نیشان کرابوو، هەر بۆیە چوار باڵەفڕى هۆکەر هەنتەر بۆمبارانێکى سەختیان کرد، لە ئەنجامدا سەلامەت دەبن، بارزانى لەو ساتەدا مەلا شنیى سەرکردەى بەرەى شەڕ و یارمەتیدەرەکانى بانگ دەکات بۆ گفتوگۆ و دانانى پلانى داکۆکى کردن، بڕیار دەدرێت پێشمەرگە سەنگەرەکانى خۆى پتەو بکات بۆ پاراستنى لووتکەى چیای پیرس، هەر بە فەرمانى بارزانى هێزێک بە سەرکردەییى عومەر ئاغاى دۆلەمەرى دەچێت بۆ ناوچەى شووش لە ڕۆژاواى چیای ئاکرێ بۆ لێدانى دوژمن لە دواوە، هەروەها بەهەمان شێوە هێزێکیش بە سەرکردەییی حادى حسکۆ، بڕوا بۆ سەرى سادە لە ژوور گەلى زەنتە بۆ لێدانى دوژمن لە ڕۆژهەڵاتەوە، لە هەمانکاتدا بارزانى فەرمانى بۆ عەقید عەبدولکافى نەبەوى دەرکرد بۆ پتەوکردنى سپیلک و پاڵەپەستۆ توندکردن لەسەر لیواى سێ لە ناوچەى خەلیفان کە ئەو کات لەلایەن پێشمەرگەوە گەمارۆ درابوو.
لە 25ى حوزەیرانى 1963 سوپاى ئێراقى بە یاوەرى (10000) دە هەزار جاش و بە پاڵپشتى دوو کەتیبەى تۆپخانەو چوار پۆڵ فڕۆکەى جۆرى مێک و فیوورى هۆکەر هەنتەریش، هێرشێکى سەختیان بۆ سەر چیاى پیرس دەسپێکرد، بۆردمانەکە بە شێوەیەک بوو وەکوو ئەوەى هەموو چیاکە گڕى گرتووە. لەو شەڕەدا پێشمەرگە بە چەکى زۆر سادەو تەقەمەنى کەم، تەنانەت تۆپەکانیش گولەى پێویستیان نەبووە. ئەمە وایکردبوو سەرکردەى شۆڕش مەلا مستەفاى بارزانى هەمیشە جەخت لەوە بکاتەوە لە کاتى ڕووبەڕووبوونەوە دەست بەو تەمەنییە کەمەوە بگرن کە لەبەر دەستییانە بۆ ئەوەى بەهەدەر نەڕوا، لە کاتێکدا چەکەکان زۆرتر چەکى سووک بوون کە بریتى بوون لە چەکەکانى: (ئینگلیزى کورت، دارجۆ، بڕنۆ، ڕەشاش برنۆ، تۆپى 60 ملم) ، لە کاتێکدا ئەو توانا لۆجستییە گەورەى کە هێزەکانى حکومەت لەبەردەستییان بوو هەر بەراورد نەدەکرا. لە ڕووى خواردنى پێشمەرگە وەکوو ئەوەى پێشمەرگەیەکى ئەو کات کە کارى گەیاندنى خواردن و پێداویستییەکانى پێشمەرگە بووە، ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکى دەڤەرەکە لە ناوخۆیان خواردنیان بۆ پێشمەرگە کۆدەکردەوەو، بە زۆرى لە: (نانى وشک، کەشک، نیسک و ساوار...) پێک دەهات.
شەڕ لە چیاى پیرس بەردەوام بوو دواى ئەوەى شۆڕشگێڕان زیانێکى گەورەیان بە هێزەکانى حکومەت گەیاند، لە 28ى حوزەیران حکومەت توانى چیاکە داگیر بکات، گرتنى چیاکە دواى ئەوە هات کە فەرماندەى بەرەى چیاى پیرس (#مەلا شنى بێداڕونى#) کە یەکێک بوو لە یاوەرانى مەلا مستەفاى بارزان بۆ یەکێتى سۆڤییەت. لە پاش چەندین شەڕى بەرگرى لە چیاکە بە هۆى تۆپبارانى سەختى حکومەتەوە، لە ئێوارەى ڕۆژى پێنج شەمە 27ى حوزەیران لەسەر لووتکەى لاى چەپى چیاکە لەگەڵ پێنج پێشمەرگەى دیکە شەهید بوون. بۆمبارانکردنى سوپاى ئێراقى پانتاییەکى فراوانى گرتبۆوە، ناوچەى (نزار) لە داوێنى چیاى پیرس لە باکوورەوە، (بەڕۆژ) لە داوێنى چیاى شیرین لە باشوورەوە دووچارى بۆمبارانێکى سەخت و نیشان لێگیراوى ئاسمان هاتبوونەوە، بە جۆرێک بوو کەسانى سڤیل گەلێک زیاتر بریندار بوون لە هێزەکانى پێشمەرگە، کاتێ هێرش بۆ سەر پیرس دەستى پێکرد، هێرشێک بۆ ناوچەى (شووش و شەرمن) کە عومەر ئاغاى دۆلەمەرى فەرماندە بوو، هێزە هێرشبەرەکە بە خراپى تێکشا و چەندین لاشەى کوژراوەکانى لە پاش خۆى جێهێشتبووە، ئەگەر بریندار بوونى عومەر ئاغا نەبوایە لەوانە بوو فەرماندەى هێزەکەى حکومەت عەقید ڕوکن (سەعب حەردان) بە دیل بگیرابووایە، دواى بریندار بوونى ناوبراو لەبەرەى شەڕ بەمەبەستى تیرارکردن لە بەرەى شەڕ دوورکەوتەوە، لە شوێنى ئەو (هورمز مەلەک چەکۆ) بوو بو جێگرى. بە گوێرەى بروسکەیەکى سوپا کە لە 28ى حوزەیران بۆ جەحفەلى لیواى یەکەمى فیرقەى یەکەمى ناردووە، دانیان بە کوژرانى (27) کەس و برینداربوونى (51) کەس داناوە.
شایانى باسە لەو بەرگریە سەختانەى کە پێشمەرگە کردى لە میانەى شەڕى پیرس و شەڕەکانى دیکە کە بە دوای داهات، چەندین پێشمەرگە شەهید وبریندار بوون لە شەهیدەکان: (دین کانیەلنجى، خان بێدارونى، حالکەى دۆلەمەرى، حسێن محەمەد ئاغا مێرگەسۆرى، ئەحمەد ڕەشاشچى، شیت سەرکێرى، سەعید شێروانى) . چەندانى تر. [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 371 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!