دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەداخەوه سەرەڕاى بوونى دنیایەک کێشه و قەیران و قووڵبوونەوەى زیاترى ناکۆکییەکان، چاوەڕوان بووین بۆ یەک جار سەرۆکى حکومەت وەک سەرۆکى حکومەتى هەرێم قسە بکات، چاوەڕوان بووین پەیامەکەى دەستپێشخەرى بێت بۆ چاککردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتیان و کۆتایی هێنان بە کێشەکانى نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت بێت، بەداخەوە وانەبوو، ئێمە چاوەڕیی هەڵوێستێک بووین کە هەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنوسساز لەنێوانیادا.
ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لەکردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە #مەسرور بارزانی# سەرۆکیەتی. گلەییەکانیشمان هی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانیە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزاریە. پەیوەندییان بە نا دادپەروەرییە لە نێوان شارێک بۆ شارکی ترە. گلەییەکانیشمان گەیاندووە لەڕێی نوسراوێکەوە نەک لەمیدیا بڵاوی بکەینەوە بۆ موزایەدە کردن و چارەسەرەکانیشمان داڕشتووە لەپیناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمەکەمان، بەڵام لەبری ئەوەی دەستی چارەسەر درێژ بکەنەوە، یاخود سەرۆکی حکومەت ڕاستەوخۆ لێمان بپرسێت ئەرێ کێشەتان چیە؟ ڕاگەیەندراوێکی لەو جۆرە بڵاو دەکاتەوە.
لەبارەی شەهیدکردنى عەقید هاوکار جاف سەرۆکی حکومەت دەیەوێت بەزۆری زۆردارى یەکێتیی و چەند کەسایەتییەک لەناو یەکێتی تۆمەتبار بکات، بیریان چووە لە سەرەتاى ڕووداوەکەوە ئەوە یەکێتی بوو داواى لێکۆڵینەوەى هاوبەشی کردو داواشی کرد لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەشداربن لە لێکۆڵینەوەکان، کەچی دەزگا ئەمنییەکەى سەرۆکى حکومەت هەر زوو سیناریۆکەى خۆیان بڵاوکردەوه و دەیانەوێ بیکەنە ئەمری واقیع، تازە بەتازە سەرۆکى حکومەت قسەى یەکێتی دووبارە دەکاتەوه و دەڵێ با لایەنى نێودەوڵەتى بێنە ناو لێکۆڵینەوەکان، پاش چی! دواى ئەوەى سیناریۆکانتان بڵاوکردۆتەوە، و تەواوی بودجەی هێزێکی نیشتمانی قارەمانی وەک دژە تێرۆرتان بڕی، و هەوڵی بڕینی قووتی سەدان قارەمانی ئەم نیشتیمانەتان داوە، تازەش بیرتان کەوتۆتەوە کە ئەم ڕووداوە لە جەرگەى پایتەختى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، پێدەچێت سەرۆکى حکومەت ئاگاى لێ نەبێ یان نەیەوێت ئاگاى لێبێت هەر له و جەرگەى #هەولێر#ە هێزێکى یاخى و لەیاسا دەرچوو هەڕەشەی چوونە سەر ماڵی جێگری سەرۆکى حکومەت کرد و هەر له و جەرگەى پایتەختەش ڕۆژنامەنووس و دەیان و سەدان کەسیش تیرۆر دەکرێ و تاوانبار داڵدە دەدرێ و فەوجىشی بۆ دەکرێتەوە.
ئینجا سەرۆکى حکومەت لە ڕاگەیەنراوە پڕ لە چەواشەکارییەکەى دەڵێت؛ یەکێتی بەرپرسە له و دۆخەى لە سلێمانى، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان دروست بووە، چاوەڕوان بووین سەرۆکى حکومەت بڵێ بڕیارمدا بەشێوەیەکى مەیدانى خۆم سەردانى سلێمانى و دەڤەرەکە بکەم و لە کێشەکان بکۆڵمەوە، بەڵام بەداخەوە وەک کاری هەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، بەم هەنگاوەشی سەلماندى کە نایەوێت سەرۆکى حکومەتى هەموو هەرێمى کوردستان بێت و دەبێ خەڵکى خۆڕاگرو خۆشەویستى سلێمانى بپرسن: کە ئه و سەرۆک حکومەتە لەماوەى نزیکەی چوار ساڵدا چەند جار هاتۆتە ئه و سنووره؟ هەر جارێکیش هاتبێ بۆ قردێلە بڕینێک هاتووه و خێرا گەڕاوەتەوە.. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر #سلێمانی#، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی ئەگەیەنێت؟ نەدانی شایستە داراییەکانی سلێمانی چی ناو دەنێن؟ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی و دابەشکردنی لەهەولێر چی ناو دەنێن؟ پیلانی کەمکردنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنها سیاسەتی چەوت کەڵکی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتا و ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بە پیلان ئابڵوقەتان خستۆتە سەر سلێمانی.
هەمووان دەزانن کێشەى سەرەکى و گەورەى کوردستان داهاتى نەوتە نەک تەنها داهاتى ناوخۆ، ئەوە سەرۆکى حکومەت و سیاسەتە داراییەکەیەتی کە هەرێمەکەمانی کردۆتە قوربانى سیاسەتى ناڕوون و نا شەفافی داهاتى نەوت! لەبری نیعمەت، نەوتیان کردۆتە نەعلەت!
لە داهاتى ناوخۆش، ئەرێ بێ زەحمەت پێمان بڵێن کێ دەزانێ داهاتى ئیبراهیم خەلیل چەندە؟ ئه و لیژنانەى سەرۆکى حکومەت باسیان دەکات بۆ ناچن کۆنتڕۆڵی داهاتى ئیبراهیم خەلیل و حاجى ئۆمەران و خاڵە سنوورییەکانى تر بکەن؟
کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى ڕێککەوتنى سیاسی پێکهات، ئێمەی یەکێتی لە گفتۆگۆکانمان وتمان زیاتر لە کابینەکانی پێشوو دەبێت کار لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بکەین، ئێمە ئەوکات کە ئەو داوایەمان هەبوو لەخەمی ئەوە بووین کە غەدر لە سلێمانی و #هەڵەبجە# و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و #گەرمیان# نەکرێت، کە بەداخەوە وەک پێشبینیمان کرد، غەدرەکە کرا و بەسەروزیادەوە، ئەوەش یەکێک بووە لە نیگەرانییەکانمان لە خودی سەرۆک حکومەت.
هەرزوو ئەم ڕێککەوتنەی حکومەتی پێ پێکهێنرا شکێنرا، بەڵام هەر دانمان بەخۆماندا گرت و گوتمان بەڵکو باشتر بن و وردە وردە فێربن کە حوکمڕانى بەو عەقڵیەتە ناکرێت!
لێرەدا بە پێویستى دەزانین بڵێین؛
ئەگەر سەرۆکى حکومەت ئەوەندە چاکسازى خوازە، چەند ساڵە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە نا نێرێتە پەرلەمان؟ تیمى یەکێتی ڕێگربوون؟. بەڕێز سەرۆکی حکومەت، لە جیاتی خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارەتی کەرەستەی حکومەت بخەرە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانى سووتەمەنى، کارەبا، نەوتى سپی ماڵان، غاز، گرانى بازاڕ و دابین کردنی دەرمان بۆ هاوڵاتیان. ئاشکرایە کە داهاتی کوردستان بەشی تەواوی مووچە دەکات، دەبا وەک چۆن لەو نامەیەی کە بۆمان ناردویت نوسیبوومان؛ داهاتی کوردستان یەک بخە و مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دوور لە فەلسەفەی دوو ئیدارەیی تاکو هەموو هاوڵاتیانی کوردستان سودمەند بن.
لەکۆتاییدا بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە دەڵێین:
یەکێتی هیچ کات لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن نەترساوه و ئامادەین بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد، بە یاسایەکى هەموارکراوو لیستێکى پاکى تۆمارى دەنگدەران و زامنکردن و پاراستنى مافی پێکهاته و نەتەوە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان.
پێشمان وایە: ڕاگەیەنراوەکەى ئەمڕۆی سەرۆکى حکومەت باشترین وەڵامە بۆ پرسیارى خەڵکى کوردستان کە دەڵێن؛ بۆ تیمى یەکێتیی ناچنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنى وەزیران؟. بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان.
سەرۆک و تیمی وەزاری یەکێتی لەکابینەی نۆیەم[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!