$جارێکیتر دادگای فیدراڵی ئێراق$
پارێزەر/ #لوقمان مستەفا ساڵح#
جارێکیتر دادگای فیدڕاڵی ئێراق کە گەورەترین دەسەڵاتی یاساییە لە ئێراقدا، کێشەیەکی ئاڵۆزی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان هێناوەیە کایەوە، کە بڕیاری داوە بە نادرووستی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکان و هەروەها ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، پێویست بوو بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ڕۆژی چوارشەممە 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی ئێراق لەبارەی سکاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەڕڵەمانتار مستەفا سەنەد، پەڕڵەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕڵەمانی ئێراق و محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
ئەو دوو سکاڵاکارە، داوا دەکەن بڕیارەکانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، 194ی ساڵی 2021) ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق هەڵبوەشێندرێنەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
ھەڵبەتە ھەر کەسێک کەمێک شارەزایی و بەدواداچونی سیاسی و یاسایی ھەبێت دەزانێت کە ئەم بریارە سیاسیە بەقەد ئەوەی یاساییبێت ، دەستی فشاری لایەنی سیاسی ئێراقی و تەنانەت دەرەکیشی پێوەدیارە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە ھەڵوەستەیەک بکەین و بگەرێنەوە بۆ بریاری پێشوتری ئەم دادگایە دژ بە ھەرێم و ھەڵوێستی لاوازی حکومەتی ھەرێم؛ -
پێشتر بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراق، سەبارەت بە نایاسایی بوونی، یاسای نەوتی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەروەها بڕیاری پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکاندا. ئەوە بوو گرفتێکی سیاسی نوێی بۆ دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەکەی ئێراق و ھەرێم زیادکرد.
لە دوای ئەم بریارەوە دادگای فیدراڵی ئێراق دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانی لەپێش چاوی ھاوڵاتیانی ئێراق وەک تۆمەتبارێک و لەیاسا دەرچویەک وێناکرد .! لاوازی و بێ ھەڵوێستی ھەرێم لە بەردەم ئەم دادگایە پێشینەیەکی قەزایی لای ئەم دادگایە درووستکرد.
دەبوایە ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێ ڕێوشوێنی یاسایی و دەستوری بگرتایەتەبەر دەیتوانی بیکردایە بەڵام بێ دەنگی ھەڵبژاردو نەیکرد، ھەروەھا ھەندێ فشاری سیاسی و ئیداری ھەر لە ڕاکێشانەوەی نوێنەرەکوردەکانی ئەو دادگایە و ھەرەشەی کشانەوە لە عەمەلیەی سیاسی کەنەیکرد واتە ڕازیە بە بریارەکانی ئەم دادگایە.
ئەگەر بریارەکانی ئەم دادگاییەت پێ یاساییە و پێت پەسەندە نابێ شەرمنانە مامەڵەبکەیت، مادام حکومەتی ھەرێم بەپێی دەستور دانی پێدانراوە ، کەواتە مافی ئەوەی ھەیە لە چوارچێوەی دەستورو یاسادا داوای مافە ڕەواکانی ھەرێمی کوردستان بکات، دەتوانێ کە دەیان کێشەو دۆسیەی ھەڵپسێراو ھەیە مافی ئەوەی ھەیە کە سکاڵای یاسایی بەرزبکاتەوە و لەرێی ئەم دادگایەوە مافەکانی خەڵکی ھەرێم بە دەستبێنن. ئەگەر دەرکەوت دادگا بەنیەتێکی خراپ و لایەنگیری پێوە دیاربوو مافەکانی نەسەلماندی ئەوکاتە دەتوانی بۆ ھەمو دونیای بسەلمێنی و ڕای گشتی لێ ئاگاداربکەیتەوە کە ئەم دادگایە ھیچ ئەرزشێکی نیەو بۆتە ھۆکارێک بۆ لێکترازاندن و ھەڵوەشاندنەوەی ئێراقی فیدراڵی.
بەڵام ھەڵەیەکی گەورەیە و نا لۆژیکی و نادرووستە دوای 17 ساڵ لە پێکھێنانی بگوترێت دادگای باڵای ئیتیحادی نا دەستورییە ، لەبەر ئەوەی یەکێک لە دەسەڵاتەکانی ئەم دادگاکە بریتییە لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەلبژاردنە گشتییەکانی ئێراق و بوون بوون بە ئەندام لە ئەنجوومەنی نوێنەران ، بڕوانە دەستوری ئێراق مادە (93) (حەوتەم) . ھەروەھا ، مادە (2) لە یاسای ژمارە (25) ی ساڵی 2021
گەر دادگاکە بە نادەستوری ناوزەد بکرێت و ڕاست بێت کەواتە کۆی پڕۆسەی سیاسی و یاسایی لە ئێراق دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و سەرجەم ھەڵبژاردن و دواجار ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی ئێراق بە سەرۆکی کۆماریشەوە ڕەوایەتیان (شرعیە) یان نەبووە و نیانە.
بۆیە دەبێت بە ئاگابین و نەکەوینە ھەڵەی نالۆژیکی و خۆ بە دوربگرین لە ھەندێ لێدوانی کرچ و کاڵی سیاسی.
بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا پێویستە حکومەتی ھەرێم بەتایبەتی ھەر دوو حیزبی سەرکی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەی ھەر قەیرانێک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند چ یاساییبێت یان سیاسیبێت دەبێت کێشە ناوخۆییەکان و لاوەکیەکانیان وەلاوەنێن و بەرژەوەندی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەنی حیزبی ، ئەگەر بە ئاگانەیەنەوەو بەجدی نەکەونە خۆیان و یەکگرتوونەبن بە تایبەت لە پرسە چارەنووس سازەکاندا پێناچێت بەم وەزعەی ئێستایانەوە وابە ئاسانی بتوانن ڕوبەروی ئەم قەیرانە یاساییەببنەوە، چاوەروانی خراپتریشبن لەم دادگایەو ھەڵسوکەوتی چاوەروانکراوی حکومەتی بەناو فیدراڵی ئێراق بێگومان باجەکەشی ھاوڵاتیانی ھەرێم دەیدات. [1]