نووسینگەی #لاهور شێخ جەنگی#:
لە ناو یەکێتی گرووپێک، بەکودەتا و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە
راگەیاندراوێک لە نووسینگەی هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگییەوە
بەداخەوە ئەمڕۆ هێزێکی چەکدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی و نامرۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر خاتوو (#پەروین کاکە حەمە#) ئەندامی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و خاوەن بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و خەباتگێڕ و خاتوو (لاوین ئازاد) بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئۆفیسی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کچی فەرماندەی قارەمان و تیکۆشەر و پیشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاک (ئازادی سەگرمە) ، ئەو هێزە چەکدارە بەرۆژی ڕووناک و لەناوەڕاستی شەقامێکی گشتیدا لە شاری سلێمانیی وەک ئەوەی تاوانبارێکیان دەستگیرکردبێت بەزەبری چەک ئۆتۆمبیلەکانیان لێسەندوون.
ئێمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم کارە نایاساییەی گرووپێکی ناویەکێتیی دەکەین، نیگەرانین لەو شێوازی هەڵسوکەوتەی بەرانبەر بە دوو ژنی بەتوانای ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامیانداوە، ئەم هەڵسوکەوتە نا شارستانی و نامرۆڤانەیە دژ بەژنانی ناو یەکێتیی پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە خودی قوبادتاڵەبانی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان بانگەشەی بۆدەکات و دژی خەباتی چەندین ساڵەی سەرۆک مام جەلال و ڕێبازەکەیەتی کە ئێستا کورەکانی لە دژی وەستاونەتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان موڵکی بەتەنیا کەس و گرووپێک نییە کە بەکودەتا و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە، هەریەک لە خاتوو پەروین و خاتوو لاوێن بە شایستەیی خۆیان و لەبەرانبەر ئەو خزمەتە زۆرەی لەناو ڕیزەکانی یەکێتییدا کردوویانە و بەردەوامن بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان پێیاندراوە، ئەو گرووپە مافی ئەوەیان نییە بەو شێوازە نایاساییە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، بۆ هەر کارێکی لەوجۆرەش ڕێکاری یاسایی و ئیداریی و حزبیی خۆی هەیە نەک بەو شێوازە ناشارستانییە.
لێرەدا بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە یەکێتیی موڵکی هەموو شەهیدان و پیشمەرگە قارەمان و تیکۆشەرە دێرینەکان و هەموو یەکێتییەکانە، یەکێتیی کە حزبێکی سۆشیال دیموکراتە و باوەڕی بە ماف و تواناکانی ژنان و خەباتەکەیان هەیە، دڵنیاین هەموو یەکێتییەکان ئیدانەی ئەم ڕەفتارانە دەکەن و دژی ئەو هەڵسوکەوتانەن کە ئەو گرووپە بەناوی یەکێتییەوە ئەنجامی دەدەن و ناو و ناوبانگ و مێژووەکەی لەکەداردەکەن.
ئاگاداریشیان دەکەین کە ئەو جۆرە ڕەفتارانە ساردمان ناکاتەوە لەو هەوڵانەی خستومانەتەگەڕ لەپێناو ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر یەکێتیدا هێنراوە.
داواش لەو هێزە چەکدارە دەکەین کە ناو و ناسنامەیان لای ئێمە ئاشکرا کراوە چیتر نەکەونە داوی ئەو گرووپەی ناو یەکێتیی و ڕێگەنەدەن بەکاربهیندرێن بۆ کاری نایاسایی و دژایەتیکردنی یەکێتییەکان کە خۆیان و بنەماڵەکانیان هیچیان کەمتر نەکردووە لەوانەی کە ئێستا خەریکی خۆسەپاندنن. چونکە لەهەر ڕووداوێکی نەخوازراودا خۆیان وەک بەرزەکی بانان لێیی دەردەچن و ئێوەش کە ڕۆڵەی خێزانی هەژاری ئەم وڵاتەن ڕووبەڕووی یاسا و بەرپرسیارییەتی دەکەنەوە.
نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. [1]