$ئێراق؛ پڕۆژەیەک بۆ پەرتبوون$
#پەیڕەو ئەنوەر#
#23-01-2020#
$پەرتبوون لەبری یەکگرتن$
لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە 2003، یەکێک لە ئارگیۆمێنت و خەیاڵە زاڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئێراق ئارگیۆمێنتی پێکەوەژیان، بەدیمۆکراتیکردنی کۆمەڵگەی ئێراقی، پەرەپێدانی دیمۆکراسی، مافەکانی مرۆڤ، بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیای ئازاد و ئازادیی ڕادەربڕین بوو. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وابیریان دەکردەوە کە لە ڕێگەی کولتوور و بەهێزکردنی دامەزراوەکانەوە دەتوانن ئێراق لە دۆخی پاشاگەردانییەوە بگوازنەوە بۆ دۆخی بەمەدەنیبوون و دەوڵەتبوون. لەڕاستیدا کولتوور و دامەزراوە دوو پایەی گرنگن، دوو ئامرازی هەرە کاریگەرن بۆ بەرهەمهێنانی تاکی دیمۆکراتیک، گرووپی دیمۆکراتیک و خەڵکی دیمۆکراتیخواز، بەڵام ئەوەی لە ئێراق ئامادەیە شتێکی ترە، وێنە و بیرکردنەوەیەکی ترە! ئێراق تاوەکوو ئێستاش لەژێر کاریگەریی تارمایی و کولتووری تۆتالیتاریزم، خۆسەپاندن، ئینکار و ڕەتکردنەوەی ئەویتردایە. کولتووری زاڵ و باڵادەست و یەکلاکەرەوە لەنێو چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراقیدا کولتووری جەماوەر نییە؛ کولتووری مەزهەبگەرایی و مۆدێڵی مەرجەعیەت و هێز و میلیشیای سەروو دەوڵەتی و سەروو دامەزراوەییە.
ئێراق وەک بوونیاد و ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام لە هەڵوەشاندنەوە و پەرتبوون و دابەشبووندایە. ئەوەی ئەمڕۆ ئێراق وەک دەوڵەت، وەک هێزێکی سەروەر و خاوەن سنوور و سیمبوڵ پیشاندەدات، خودی بیرکردنەوە و تێڕامان و لێکدانەوەی کولتووری جەماوەر و دەستەبژێرەکەی نییە؛ بەرهەمی گەشەپێدانی سیاسی، پەرەسەندنی سیاسی و تێگەیشتنی گشت و کۆمەڵگەکە نییە بۆ دەوڵەت، ئەوەی ئەمڕۆ ئێراقی کردووە بە دەوڵەت و وەک دەوڵەت ڕایگرتووە هێزێکە لەدەرەوەی ئێراقییەکان، هێزێکە لەناو سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی ئێراقیبوونی وەک دەوڵەت و پڕۆژە سەپاندووە و پارێزگاری لە پایە، بەها، سیمبوڵ و کەرتبوون و لەت لەتبوونی دەکات. پڕۆسەکە وەهایە کە ئێراق لە ناوەوەی خۆیدا پەرتبوونی زیاترە! پەرتبوون بەمانای ئەوەی هەستی یەکبوون، هاوشێوەیی و پێکەوەبوون بەرەو داڕمان دەچێت. پەرتبوون لە ئێراق پەرتبوونێکی نەرم و دینامیکییە.
$ناسنامە و سنوور$
لە ئەدەبیات و فەلسەفەی دەوڵەت و حوکمڕانیدا ناسنامە و سنوور ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینن بۆ بەیەکتربەستنەوەی هێز، پارچە، گرووپ، خەیاڵ و سەرمایە جیاوازەکانی نێو دەوڵەت. سنوور لێرە بەمانای ئەوەی چۆن دەوڵەت لە ناوەندەوە لەگەڵ پەراوێز، سنوور و دەوروبەری خۆی لە پەیوەندیدا بێت و مانای هاووڵاتیبوون و هێز بەسەر پەراوێز و ڕووبەرە جیاوازەکانیدا ببەخشێتەوە. دیارە ئەم دۆخە لە ئێراق بەدرێژایی تەمەنی نائامادە و ناکارا بووە.
دیاردەی نەبوونی ناسنامە لە دەوڵەتی ئێراق بەهەمان شێوە و دۆخی سنوور مردووە و هیچ جووڵە و ڕۆڵێکی نییە. ئەمڕۆ زۆرینەی ئەکتەر، گرووپ و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی نێو دونیای ئێراقی ناسنامەی هاوبەش بەیەکتریانەوە نابەستێتەوە، ئێراقیبوون پرسێکی گەورە، کاریگەر و ڕژد و سەرەکی نییە؛ خاڵی بەیەکگەیاندنی جەمسەر و کەرتە کۆمەڵایەتییەکان نییە! ئێراقیبوون پرسێکی نامۆیە و ناسنامە و هەستی ئێراقیبوون لە خوارەوەی هەموو پرس و پرسیار و گفتوگۆکانە. پرس بەو واتایەی ئێراقیبوون لە ناوەند دۆخێکە، شێوە، مانا، فۆرم، لێکدانەوە، بوونیاد و نۆرمی تایبەت بە خۆی هەیە.
ئێراقیبوون لە باشووری وڵات شتێکە، لە باکوور شتێکی ترە. سوننەکان بە جۆرێک لێی دەڕوانن، شیعە بە جۆرێک و کورد و هێزەکانی تر بە جۆر و مانایەکی تر. دیارە هەموو ئەو کارلێکە سیاسی و کۆمەڵایەتییە مانای زیاتر و قووڵتر بە دۆخی پەرتبوون لە ئێراق دەبەخشێت و دەسەپێنێت.
لەڕاستیدا مەسەلەی یادەوەری و ناسنامەی هاوبەش لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێراقیدا قەیرانێکی هەرە قووڵی نێو سیستمی حوکمڕانیی ئێراقییە و هەموو سیستمە سیاسی و ڕژێمە سیاسییەکانیش ئەو قەیرانەیان قووڵتر و گەورەتر کردووە. دیارە هاتنی داعش بۆ ئێراق و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دوو وێنەی دیاری نێو نەبوونی ناسنامەی هاوبەشن لەنێو بوونیاد و چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراقدا. [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 578 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!