$موقتەدا سەدر چی دەوێت؟$
#محەمەد ڕەئوف محەمەد#
#05-02-2022#
موقتەدا سەدر بەرچاو ڕوونە دەزانێت چی دەوێت و دەزانێت چی دەکات. ھەر ئەوەندەش نا بەڵکوو خاوەنی کۆمەڵێک کەسی دڵسۆز و زیرەک و لێزانە، زیاتر لەوەش ھەموو بەرانبەرەکانی باش و جوان دەناسێت.
موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی بگاتە ئامانج وستراتیژەکانی، وتار و ھەڵوێستەکانی بەپێی خواستی زۆرینەی شیعەی ئێراق ڕێکخستووە، وتارەکانی بۆ وەلائییەکانی خۆی ئومێدبەخشن، ھەڵویستی بەرانبەر نەیارەکانی ڕۆشنە و، بەرانبەر دەوڵەتانی ئیقلیمی ڕۆشنترە.
موقتەدا دەیەوێت بڵێت نوقتە سەری دێڕ، بەومانەیەی ئەوەی کە تاوەکوو ئێستا حوکمی دینی و سیاسی ئێراقی کردووە و ئێراقی بەرەو کارەسات بردووە ئیتر تەواو، دەبێت بڕواتە دواو ، ئیتر سەرەی ئێراقییە نیشتمان پەروەرەکانە بە سەرکردایەتیی موقتەدا سەدر.
موقتەدا لە سوننە و کوردەوە دەستپێدەکات بۆ ئێراقێکی نوێ دوور لە ھەژموونی ئێران و ئەمریکا و ھێزە شیعە تاقیکراوەکان، ئەم پلان و ئامانج و ستراتیجەی موقتەدا سەدر کە بەم گووڕ و تینە و لێبڕاوانە و فیدائییانە ئیشی بۆ دەکات بریتییە لە کۆکردنەوەی:
دەسەڵاتی دینی و زەمەنی لەدەستی خۆیدا
ئەم چەمکە کۆنە و چەندجارێک و لە چەند جێگایەکی دونیا لە مێژوودا دووبارە بووەتەوە، موقتەدا وەک شیعەیەکی ئێراقی باوەڕی بە ویلایەتی فەقیە نییە بەڵام باوەڕی بەوە ھەیە کە دەبێت دەوڵەت دینی مدەنی بێت، واتە مەرجەعی دینی و مەدەنی لەدەستی کەسێکی شەرع زاندا کۆبێتەوە و مەرجەع یەکلاکەرەوە بێت بۆ بابەتە چارەنووسسازەکان.
ئەم مۆدیلەی موقتەدا ئەگەر تەواو بچەسپێت و سەربگرێت ، لەدوا وێستگەدا ئیتر مەراجعی شیعە ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی و داراییان نامێنێت جگە لەخۆی و، ھیچ مەرجەعێکی سیاسی شیعی دەستڕۆیشتوو نامێنێت جگە لەخۆی. ئەو سیستەمە حوکمڕانییە فەقیهەی ئەو باوەڕی پێیەتی بریتییە لە سیستەمی باوکایەتی، بۆیە دەبێت لەئێستاوە کورد وەک نەتەوە و ئوممەتێک و سوننەش وەک مەزھەبێکی جیاواز، بزانن ئاییندەی ئەوان و مافەکانیان و وجودیان لە کوێی بیرکردنەوە و نەخشەی زیھنی و ستراتیژیی موقتەدا و سیستمەکەیدایە و نوقتە سەری دێڕ.
[1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 484 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!