$چی لە ئێراق بکەین؟$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#05-03-2018#
لە ڕواڵەتدا کاڵایەکە شایانی ئەو باڵایەیە، بەڵام بە کردەوە هەم تەنگە هەم دزێوە. ئێراق لە درووستبوونییەوە ئەوەی تێدا چەسپێندراوە کە دەبێ مافی “کوردەکانی ویلایەتی موسڵ”ی تێدا پارێزراوبێت، بەڵام وەک شەممەی ڕابردوو دەرکەوت، تەنانەت دەستوورێکی فیدراڵیی پڕ لە قسەی بریقەداریش ناتوانێ بیری شۆڤێنیی بەغدایی بەرانبەر کوردستان بگۆڕێ. دنیا ئەمە لە خۆمان باشتر دەزانێ، کەچی هەر ئامۆژگاریشمان دەکات کە “لەسەر بنەمای دەستوور” مافەکانمان وەرگرین. بەڵام دیارنییە گەرانتۆری جێبەجێکردنی دەستوور کێیە و شەریکە بچکۆلەکەی “ئێراقی نوێ” چۆن دەتوانێ پارووە دزراوەکەی لە قوڕگی شەریکە گەورەکە دەربهێنێتەوە؟
لەو ڕۆژەوە کە ئێراق دامەزراوە، لەسەر کاخەز مافی کوردی تێدا سەلمێنراوە. ئەوەی لە سەردەمی ئینتیداب و دواتر لە دەستوورە کاتییەکاندا و لە یاسای تایبەت بە ئۆتۆنۆمی و بەدواشیدا لە دەستووری هەمیشەیی و فیدراڵی دووپاتکراوەتەوە، ئەوەیە کە کورد و عەرەب شەریکە سەرەکییەکانی نیشتمانێکن ناوی ئێراقە، بەڵام لە هیچ قۆناخێکدا ئەوەی عەرەب لەسەر کاخەز بۆ کورد پێی ڕازی بووە، بەکردەوە بۆی هەزم نەکراوە. بۆیە ئەوە درۆیەکی گەورەیە کە دەڵێن عەرەبە شیعەکان بۆیە ئێستا دژی هەرێمی کوردستانن، چونکە دەستوور لەسەردەمی بێدەسەڵاتیی ئەواندا نووسراوەتەوە و ئێستا دەیانەوێ ڕاستی بکەنەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە عەرەب بە شیعە و سوننەوە زانیویانە ئەوەی لەسەر کاخەز دەنووسرێ بۆ چاوبەستەکێیە و عیبرەت لە جێبەجێکردنیدایە، کە قەت ناکرێت.
ڕاستیتان دەوێ، ئەگەر بەڕاستی کرابووایە دەستوور جێبەجێ بکرێت، نموونەییترین چارەسەر بۆ کێشەی کورد لە باشوور بۆ ئەم قۆناخە فیدراڵی بوو. چونکە دەرکەوت جارێ لە هیچ بوارێکدا پشتبەخۆبەستوو نین و ناتوانین لەم قۆناخەدا لەسەر پێی خۆمان ڕاوەستین. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە عەقڵییەتی عەرەبی ئێراق، جا عرووبیی سوننە یان شیعە، ئیسلامی و مەزهەبگەرا یان عەلمانی بن، ناتوانن و بۆیان هەزم ناکرێ لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکەدا نیشتمانێک بەش بکەن.
خۆ ئەو عەرەبی شیعەیەی ئێستا لە ئێراق لەسەر حوکمە، هێندەی ساڵانی شەست و حەفتای حیزبی بەعسی عەلمانیی سۆسیالیستیی دواتر سوننەی مەزهەبگەرا، بەڕاشکاوی دانی بە مافی کوردستاندا لەسەر کاخەز نەناوە، بەڵام هەمان ئەو بەعسەش ئەو کوردە خاوەن مافەی ئەنفال و کیمیاباران کرد. بۆیەش پێت سەیرنەبێ ڕۆژنامەڤانی بیانی لەسەر حەیدەر عەبادیی سەرکردەی عرووبیی شیعە ئەوە بگێڕنەوە کە کاتێک بەتەنیا لەگەڵی دانیشتوون، بەسەرسامییەوە باسی سەرکردایەتیی عرووبیی سەدام حسێنی کردووە. ڕێچکەی ئاوەکان جیاوازن، بەڵام لە یەک سەرچاوەوە هەڵدەقولێن، کە بڕوانەبوونە بە شەریککردنی غەیرەعەرەب لە “نیشتمانی عەرەب”دا.
ئەو تێزەی لەنێو عەرەبە نەتەوەگەراکاندا بەگشتی لەبارەی “کەمینەکان”ەوە هەیە ئەوەیە کە “هێزە ئیستیعمارییەکان بەکاریان دەهێنن بۆ شکاندن و بچووککردنەوەی ئۆمەتی عەرەبی و ئیسلامی، بۆیە نابێ بەرانبەریان نەرمی بنوێنرێ و ڕێگەیان بدرێ پێ لە بەڕەی خۆیان درێژتر بکەن”. ئەوان لەمەشدا زۆرتر نموونە بە کورد دەهێننەوە کە گوایە ئینگلیز و سۆڤیەت و ئەمریکا و ئیسرائیل لە قۆناخی جیاجیادا لە دژی عەرەب بەکاریانهێناون. هەر هەمان بیرکردنەوەشە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە کورد خەریکی درووستکردنی ئیسرائیلی دووەمن. بانگەشەکە کڕیاری هەیە و شەقامێکی جۆشدراو بە بیری شۆڤێنی هەیە کە بڕوای پێدەکات!
هەندێک کەس دەڵێن ئەوەی وادەکات قەت کورد نەبێتە شەریکی ڕاستەقینە لە ئێراقدا و فیدراڵی جێبەجێ نەکرێت، ئەو کاریگەرییەیە کە تورکیا و ئێران لەسەر بەغدا هەیانە. ئەمە ڕەنگە بەشێکی ڕاست بێت، بەڵام هەمووی نا. بۆ نموونە ئێران بەپێچەوانەی تورکیاوە ترسی زۆری لە دەستەواژەی فیدراڵی هەیە و وەک کۆنسێپتێک بۆ لاوازکردن و پارچەپارچەکردنی خۆی دەیبینێ، بەڵام تورکیای سەردەمی ئاکەپە، کە بەئاشکرا خەونی گەڕانەوە بۆ سیستمی عوسمانی دەبینێ، دەزانێ ئەو سیستمی فیدراڵییەی لە سەردەمی عوسمانیدا هەبووە، لە زۆر سیستمی فیدراڵیی دیکە کە ئێستا لە دنیادا هەن، فراوانتر و کراوەتر بووە.
هەم لە حەفتاکان و هەم لە هەشتاکانیشدا ئەنقەرە گوشاری زۆر گەورەی درووستکرد بۆ ئەوەی بەغدا و جووڵانەوەکانی باشووری کوردستان نەگەنە ڕێککەوتن، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنقەرە زۆرتر لە تاران لە قەوارە فیدراڵییەکەی کوردستان هاتەپێشەوە و تەنانەت دوای گشتپرسیش نەرمتر بوو لەگەڵی. کەواتە ئەگەر سەرکردە شیعە عەرەبە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا پاساوی بنپێکردنی دەستوور و جێبەجێنەکردنی سیستمی فیدراڵی یان بەقەولی خۆیان “ئیتیحادی”یان بەوە هێنایەوە کە وڵاتانی دراوسێ گوشار دەکەن، بزانن کە درۆ دەکەن و ئەوەی دەیڵێن بۆ شاردنەوەی بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی خۆیانە کە تەنانەت نایانەوێ بزانن مانای وشەی ئیتیحادیش چییە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەداخەوە بژارەکانی کوردستان زۆر نین و جارێ، تا ماوەیەکی دیکە و دەرفەتێکی گونجاو، دەبێ دەستوپەنجە لەگەڵ ئەو شەریکە زۆردارەی لە ئێراقی بەناو فیدراڵیدا نەرم بکات. بەڵام نابێ وەک ڕەجەب لەژێر دارەکە دانیشێ و چاوەڕوانی بەربوونەوەی هەنجیرەکە بکات. لەسەر ئەوەی کە دەبێ چی بکەین زۆرمان گوتووە و هەموومان دەیزانین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەر دەیڵێین و هیچ ناکەین! [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 443 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!