ناونیشانی بابەت: یەکێتی فیلەکە نادۆزێتەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #04-03-2019#
مام جەلال دەیوت یەکێتی تەقڵە بە فیل لێدەدات، بەڵام وادیارە لەدوای خۆی قوتابییەکانی فیلەکە نادۆزنەوه. بۆیەش پاش پێنج مانگ هەوڵی بێئاکام بۆ ئەوەی بەسەر پارتیدا بازبدەن و لە بەغدا پۆستی وەزیری داد وەربگرن و لە کەرکووکیش پارێزگارێکی نوێ دابنێن، گەڕاونەتەوە بەردەم ئەدرەسە درووستەکە کە #پارتی دیموکراتی کوردستان#ە. بەڵام وەک زانراوه، ئەمەشیان بە حوسن و ڕەزای خۆیان نەکردووە و لە بەغدا پەیامێکی ڕوونیان وەرگرتووە کە ئەگەر بڕیاربێت لەگەڵ کوردستان ڕێککەوتن بکرێت، لە ڕێی هەولێرەوە دەکرێت.
هەفتەی ڕابردوو شاندی یەکێتی لە بەغدا بوون. بە ڕواڵەت چوونەکەیان پەیوەندی بە و دیدارەوە هەبوو کە زۆرتر لە دەعوەتێکی نانخواردن دەچوو لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ئێراقییەکان، بەڵام بەکردەوە هەڤاڵان چووبوون تەقڵە بە فیل لێبدەن و مەسەلەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد و ئەگەر کرا پارێزگاری کەرکووکیش یەکلایی بکەنەوە. کەچی وەک زانیومە لەوێ هەموو لایەنە ئێراقییەکان بە موحتەرەمی ئامۆژگارییان کردوون کە بگەڕێنەوە هەولێر و لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو مەسەلانە ڕێکبکەون. بەر لە ڕۆیشتنیان و لەکاتی مانەوەشیاندا لە بەغدا، هەندێک لە گوتەبێژە نافەرمییەکانیان لە میدیا و سۆسیال میدیای خۆیانەوە دەیانوت پاش ئەو سەفەرەی بەغدا، پارتی پەنجەی پەشیمانی دەگەزێت و یەکێتی چیدیکە بەوە ڕازی نابێت کە ئێستا پێی ڕازییە، بەڵام سەردانەکەی شاندی یەکێتی بۆ لای کاک مەسعود و چەند خولەکێک دواتر کۆبوونەوەیەک کە ناویان لێنابوو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی، کەچی بافڵ و لاهوور تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەتیش تێیدا دانیشتبوون! و لێدوانی پاش ئەو کۆبوونەوانه، دەریانخست کە چیدیکە هەڤاڵان تەمایان بە دۆزینەوەی فیلەکە نەماوە. ڕەنگە ئەمەش گرێکوێرەی پێکنەهاتن لەسەر حوکمڕانیی کوردستان بکاتەوە. دیمەنی باڵکێشی پەنای ئەو هێنان و بردنانەی هەفتەی ڕابردووش ئەوە بوو فۆروومی ساڵانەی هەولێر، کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو ڕێکیخستبوو، لە دەعوەتی نانخواردنەکەی بەغدا زۆرتر سەرکردەی ئێراقیی تێدا بەشداربوون و گەنگەشەی جدیتر و وردتریشی تێدا کرا لەسەر ئاییندەی ئێراق و ناوچەکە بەگشتی. وەک بڵێی ئەمەش پەیامێک بووبێت کە سەرکردە ئێراقییەکان ویستبێتیان بیگەیەننە برادەرانی یەکێتی و سەرۆککۆمارەکەی و پێیانبڵێن: ئێمە کە بێینە کوردستان، لە دەرگای هەولێر دەدەین، جا ئێوە کە خاوەنماڵن چۆن دەچن بۆ هاتنەوە بۆ ماڵی خۆتان لە دەرگای دیکە بدەن؟
ئێستا وا لە کاژێرەکانی داهاتوودا پارتی و یەکێتی ڕێکدەکەون، ڕەنگە کە ئەم نووسینە دەخوێنیتەوە ڕێکیشکەوتبن. دیارە دیداری شاندەکەی یەکێتیش لەگەڵ بارزانی و ئامادەبوونی کۆسرەت ڕەسوڵ تێیدا هەندێک لە لەمپەڕەکانی پێش ڕێککەوتنەکەی هەڵگرتووە، بەڵام هێشتاش ئیشەکە وا ئاسان نییە و دەبێ چاوەڕوان بین بزانین یەکێتی لەنێوخۆیاندا بۆ قۆناخی پاش ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی چۆن ڕێکدەکەون و چەندیش دەهێڵن ئەمجارەش قسەی کۆسرەت ڕەسووڵ نەشکێت. لە مەسەلەی گشتپرسیدا بارزانی حیسابی لەسەر قسەی کۆسرەت ڕەسوڵ کرد و ئەویش قسەی خۆی بردەسەر. کەچی دواتر بەشێکی نێو یەکێتی بەقسەیان نەکرد و بە کارەکانی چەند مانگی ڕابردووشیان توانیان ئەو پەیوەندییە چاکەی لەنێوان بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵدا درووستببوو تێکیبدەن. ئەوانە ئەمجارەش وەک ئەوکات کۆسرەت ڕەسووڵیان کردووەتەوە بە برا گەورەی خۆیان و دەزانن بارزانی بە هەموو دڵگرانییەکانیشیەوە لەو پیاوە، قەدری دەگرێ و وەفادارە بەرانبەری و ڕەنگە لەگەڵیشی ڕێکبکەوێ، بەڵام مەسەلەی چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی و ئەو هەلومەرجە نوێیەی تێیدا پارتی لەگەڵ یەکێتی ڕێکدەکەوێ جیاواز دەبێ و دۆستانی فیل ونکردووش ئەو ڕاستییە دەزانن کە وەک فارس دەڵێن: دیگر این تو بمیری از اون تو بمیری ها نیست! [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 453 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!