ناونیشان: گۆڕان قبووڵ دەکات؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #09-04-2019#
پارتی و یەکێتی جارێکی دیکەش ڕێککەوتن و تا کاتی نووسینی ئەم گۆشەیەش دیار نییە بە کۆنکرێتی لەسەر چی ڕێککەوتوون. هەر لەسەرەتاوە تاکتیکێکی یەکێتییەکان لە دانووستاندندا ئەوە بوو کە وابکەن ئەو نێوانەخۆشەی گۆڕان و پارتی درووستیانکردووه، لەبەریەک بترازێنن. چونکە دەزانن تا پارتی و گۆڕان لێک نزیک بن، لەلایەکەوە قوتدان و لاوازکردنی گۆڕان بۆ یەکێتی مەحاڵ دەبێ و لەلایەکی دیکەشەوە پارتی تووشی ئەمری واقیع نابێ و ناچارنییە بە هەموو سازێکی یەکێتی بکەوێتە سەما. جا خۆشییەکەی ئەوەیە ئێستا بۆ بە کۆنکرێتی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، تۆپی یەکێتی کەوتووەتە گۆڕەپانی گۆڕان و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە گۆڕان چی قبووڵ دەکات و چیش قبووڵ ناکات.
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی پارتی چوونە گردی زەرگەتە بۆ ئەوەی ڕای گۆڕان لەسەر داواکارییەکی دیکەی یەکێتی وەربگرن. ئەویش داوای زیادکردنی جێگرێکی دیکەیە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی ئەمەیە لەو پڕۆژە یاسایەدا کە ئێستا لە پەڕڵەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە. یەکێتی هەمان شتی بۆ حکومەت قبووڵ نەدەکرد و دەیویست سەرۆکی حکومەت یەک جێگری هەبێت، بۆیە پارتی لەگەڵ گۆڕان هەر لەسەرەتاوە لەسەر دانانی یاریدەدەرێکی سەرۆکی حکومەت، نەک جێگرێک، بۆ کاروباری چاکسازی لەسەر پشکی گۆڕان ڕێککەوت. پارتی لەگەڵ گۆڕان ئەوەشی بڕاندەوە کە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوان دەبێت. ئێستا یەکێتی داوای ئەو پۆستە دەکات و وەکچۆن پارتی بۆ موراعاتی یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتی نەکردە دوو، ئاواش ناچارە بۆ خاتری گۆڕان جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش نەکاتە دوو. گۆڕانیش مافی خۆیەتی پێداگیری لەسەر ئەمە بکات و دەشزانێت پارتی لەمەدا پشت ناکاتە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە و قبووڵکردنی ئەوان یان ڕەتکردنەوەیان بۆ زیادکردنی جێگرێکی دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە هەند وەردەگرێت. بۆیە هەرچەندە لە یەکەم بەشداریی فراکسیۆنی سەوزدا لە کۆبوونەوەی پەڕڵەماندا بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاساکەی تایبەت بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە ئەندامەکانیان باسی زیادکردنی جێگرەکەی جووڵاندووە و بە دەنگی هاوفراکسیۆنەکانی دەتوانێ وابکات بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام پێدەچێ چارەسەری مامناوەند بۆ ئەم گرێکوێرە نوێیەی یەکێتی درووستیکردووە ئەوە بێت کە گۆڕان قبووڵ بکات لەجیاتی جێگر، بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش یاریدەدەرێک زیاد بکرێ و نوێنەری باڵێکی یەکێتیی پێ ڕازی بکرێ. بەمشێوەیە وەک لە کوردەواریدا دەڵێن نە شیش دەسووتێ نە کەباب.
قسەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ و درووستکردنەوەی تەبایی نێوخۆیی کە ئەم هەفتەیە لە ڕووداو کرا و کەمتر بایەخی پێدرا، قسەی مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بوو. ڕاستییەکەی لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی چەند جارێک هەوڵیدا کۆمەڵ بکاتە کارتێکی گوشار و چیرۆکی گیسکەکەی هەیاسی بەرانبەر پارتی پێ دووبارە بکاتەوە. بەڵام قسەکانی ئەمیری کۆمەڵ دەریدەخات کە هەرچەندە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم سێ ساڵەی دوایی هەندێک شتیان وەک خۆیان نەهێشتەوە، بەڵام عەلی باپیر هەر لەسەر بۆچوونەکەی نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتا و ڕۆژانی شەڕی ناوخۆیە لەبارەی تەڤگەری جەلالی و متمانەکردن پێیان. پێشدەچێ پەتای ئەو ئیرهابە فیکرییەی لەم ساڵانەدا لە #سلێمانی# لە دژی پارتی کۆمەڵیشی گرتبووەوە و بۆ زیادکردنی دەنگ خۆیان لێ کردبووە سووری بەرلەشکر، بەریدابن و حەزبکەن ئاوەکان بگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی ئاسایی خۆیان. جا بۆ پارتی و کوردستانە بەهێزەکەشی وا باشترە کە کۆمەڵ پەراوێز نەخرێ و بەزوویی سەلاموعەلەیکێکی شایستەیان لێبکرێ.
[1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 335 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!